ماڵپەڕی ڕێزمانی کوردی

ماڵپەڕى ڕێزمانی کوردی:: پەنجەرەیەک بۆ خزمەتکردنی ڕێزمانی کوردی

ناوازە و لادان لە یاسا کردار وەک نموونە




ناوازە و لادان لە یاسا کردار وەک نموونە :
سەربەست قادر

ئاشکرایە وەک چۆن مرۆڤ بوونەوەرێکى زیندووە و بەردەوام لە گەشەکردن و زیادبوون و بڵاوبوونەوەدایە و پاشان وردە وردە لاوازبوون و مردن و لەبیرچوونى بەسەردادیت زمانیش وەک کایەیەکى پەیوەست بە مرۆڤ بەردەوام لە گەشەسەندن و فراوان بوون و بڵاوبوونەوەدایە و بە تێپەڕبوونى ڕۆژگار و سەردەمەکان چەندین زمانى جیاجیا لەدایک دەبن و چەندانى تر دەمرن و ئاخیوەریان لەسەر زەوى نامێنێت
بەجۆرێک زۆرێک لەو زمانانەى لە چاخە مێژووییە کۆنەکاندا لەوپەڕى گەشەو  فراوانیدابوون ئێستا لەناوچوون و مرۆڤ زانیارییەکى ئەوتۆى لەبارەیانەوە نییە چونکە شوێنەوار و سەرەداوێکیان لەپاش بەجێ نەماوە.
ئەمە واى کردووە دەیان و بگرە سەدان زمان بەیەکجارى شوێنەواریان نەمێنێت و لەبیربکرێن.
 جگەلە زمان وشە یەکەیەکى زیاتر بەرکەوتووى ئەم پرۆسەیەیە بەجۆرێک هەزاران وشە لەو زمانانەشى کە ماون و ئێستا لە گەشە و فراوان بووندان لەناوچوون و ئاخێوەرانى ئەمڕۆی زمانەکە هیچ شارەزاییەکیان لەبارەیانەوە نییە و ئەگەر هەندێکیان توانرابێت لەڕێگەى فەرهەنگەکانەوە پارێزرابن ئەوا لێیان تێناگەن.
 بەم دواییانەو ئەو کاتەى مرۆڤ ترسى لەکیس چوونى بەشێکى دەوڵەمەندى مێژووى مرۆڤایەتى ناچارى کرد پەنا بۆ نووسینى فەرهەنگ ببات بۆ پاراستنى یەکەکانى زمانە جیاجیاکان لەگەڵ گرنگى و کاریگەرى ئەم کارە و پاراستنى چەندین وشە و دەستەواژە و ڕستە و.......تد.
 هێشتا وشە و دانەکانى زمان بەیەکجارى لەمەترسى لەبیرکردن و تیاچوون نەپارێزراون بەتایبەت دواى شۆڕشى تەکنەلۆجیا و داهێنانى دەیان و سەدان دەستەواژەى جۆراوجۆر بەناو زمانەکاندا بڵاوبوونەتەوە بەتایبەت ئەو زمانانەى زۆر پێشکەوتوونین یان خەمخۆریان کەمە و نەیانتوانیوە وەک پێویست وشە و دەستەواژەى گونجاویان لەجێ دابنێن.
 جگە لەمانەش دەیان وشەهەن تا ئێستا بەسەرزارى خەڵکییەوە ماون و لە فەرهەنگەکاندا تۆمارنەکراون و بە مردنى کەسەکان وشەکانیش دەمرن و نەوەکانى داهاتوو واتایان نازانن و لە سوودبینین لێیان بێبەش دەبن.
 هەر زمانێک چاولێبکەین لە دونیادا لەسەر کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا دامەزراوە و پەیڕوییان لێ دەکات ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم یاسا و ڕێسایانە بە تەواوى کون و قوژبنەکانى زمانەکەدا ڕۆچووبن و زمانەکە بەدەربێت لە هەر جۆرە کەم و کوڕییەک بەمەش لەهەر زمانێکدا چەندین دیاردەى جۆراوجۆرى لادان لە یاسا گشتى و بنەڕەتییەکانى زمانەکە بەدى دەکرێت.
 بۆ نمونە گەر لە زمانى کوردیدا بچینەسەر لایەنى کردار و بەوردى چاوێکى پێدا بخشێنین چەندین لە یاسالادان دەبینین لەگەڵ بوونى ژمارەیەک ناوازە.
 ئێمە لەم باسەدا زیاتر بە ڕەگى کردار و ئەو گۆڕانکارییانەوە پەیوەست دەبین کە لەکاتى وەرگرتنیاندا دروست دەبن و ئەوەدەخەینەڕوو کە ئایا ئەم گۆڕانکارییانە بەسە بۆ ئەوەى بە کردارێک بوترێت ناوازە یان گۆڕانکارییەکان تەنها لە چوارچێوەى لادانى دەنگسازیدان و کردارەکان ناکەن بە ناوازە.
تەنها لەچەند کردارێکدا فراوانتر دەچینە ناو بابەتەکە و هەندێک وردەکارى زیاتر دەخەینەڕوو.
 زۆرێک لە زمانناس و ڕێزمان نووسانى کورد بەتایبەت کە باسیان لە بابەتى کردار و ڕەگى کردار کردبێت بە گشتى ئەو کردارانەیان بە لادەر لەیاساگشتییەکان و ناوازەیان هەژمارکردوون بەمەش ژمارەى ناوازە لەم لایەنەى زمانى کوردیدا زۆرە و دەبێت ئەوە ڕوونبکەینەوە ئایا ئەم ژمارە زۆرەى کردار هەموویان ناوازەن یان نا؟
 من لێرەدا ناچمەسەر پۆلینکردنى کردار بەگشتى و وەرگرتنى ڕەگەکانیان و ئاماژەکردن بە هەموو یاساکانى وەرگرتنى ڕەگ و خستنەڕووى تەواوى وردەکارییەکان چونکە ئەمانە لە چەندین پەڕتووکى ڕێزمانیدا باسیان لیوەکراوە،بەڵکو بە شوێن ناوازە و لەیاسالادانەکاندا دەگەڕیم و بەپێى توانا قسەیان لەسەر دەکەم.
د.  ئەڕەحمانى حاجى مارف دەڵێت: (زۆربەى زۆرى چاوگەکان چ تێ نەپەڕ و چ تێ پەڕ، بەلابردنى (ن)ى چاوگ و دەنگەکەى پێشەوەى (ا،ى،وو،د،ت)پەیدا دەبن).1 
ئەمە یاسایەکى گشتییە و زۆرینەى کردارەکانى زمانى کوردى بەم شێوەیە ڕەگەکانیان وەردەگیرێت.
 پ.د.وریا عمر امین لە پەڕتووکى ئاسۆیەکى ترى زمانەوانیدا جگەلە دەستنیشانکردنى ئەو یاسایانەى کە ڕەگى کرداریان پێ وەردەگیریت لیستێکى لە کردارە ناوازەکان خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:
(دان - دە،مان – مێن،(دا) نان- نێ،ژیان – ژى،(هەڵ)سان – س،دیتن – بین،فرۆشتن – فرۆش،گڵۆفتن – گڵۆف،گوتن – ڵێ،وتن – ڵێ،هێشتن – هێڵ،هاتن – ێ،هاویشتن – هاوێ،نوستن – نو،پاڵاوتن – پاڵێو،خستن – خە،بووردن – بوور،مردن – مر،سەندن – سەن – سێن،خواردن – خۆ،بزووتن – بزوو،ڕستن – ڕێس،گەستن – گەز،خواستن – خواز،پشکووتن – پشکوێ،نیشتن – نیش،لێستن – لێس،کوشتن – کوژ،کرۆشتن – کرۆژ،بزووتن – بزوو،گرتن – گر،هاژووژتن – هاژوو).2
 ئەگەر بە شێوەیەکى ورد بڕوانینە هەریەک لەو کردارانە دەبینین بەشێکیان تەنها (ن)ى چاووگ و مۆرفێمى دەمکاتى ڕابوردو کە یەکەم دەنگى پێش (ن)ى چاووگە لابراوە و باقى کردارەکە ماوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکى ئەوتۆ لە پیتە پێکهێنەرەکانى ترى کردارەکەدا ڕووى نەداوە ئەمەش تەنها ئەو چەند کردارە ناگرێتەوە بەڵکە وەک (د.ئەوڕەحمانى حاجى مارف) دەڵێت زۆربەى کردارەکانى زمانى کوردى بەم ڕێگەیە ڕەگەکانیان وەردەگیرێت لەو نمونانە:
(
فرۆشتن،گڵۆفتن،بووردن،مردن،بزووتن،نیشتن،لێستن،گرتن،ژیان)
 نمونەى تری لەم شێوەیە زۆرە چونکە ئەم شێوازى وەرگرتنى ڕەگى کردارە بەیاساى بنەڕەتى دادەنرێت لەوانە: (ڕوانین،کێڵان،خوێندن،نوسین،بڕین،کەوتن،.....تد).
 وەک بینیمان هیچ کام لەم کردارانە گۆڕانێکى ئەوتۆیان تێدا ڕووى نەداوە تا بەناوازە یان لەیاسا لادەر هەژماریان بکەین.
 بەشێکى تر ئەم کردارانە بۆ وەرگرتنى ڕەگەکانیان دواى لابردنى (ن)ى چاووگ و مۆرفێمى دەمکاتى ڕابوردو گۆڕانکارى دەنگییان بەسەردا دێت ئەویش بە گۆڕانى دەنگێک بە دەنگێکى تر یان لابردن یان زیادکردنى دەنگێک یان گۆڕانى زیاتر لە دەنگێک.
 ئەم دیاردەیەش ژمارەیەکى زۆر کردار دەگریتەوە بۆیە ناتوانین بەم کردارانە بڵێین ناوازە بەڵکو ئەم کردارانە لە چوارچێوەى لادان لە یاساى دەنگسازیدا دەمیننەوە.
 تێبینییەک کە گرنگە خستنەڕووى لێرەدا ئەوەیە کە: (بەپێى دەستورێکى ڕێزمانى هەرچى کارى ڕوودان و کارا نادیار هەیە بەرى دەکەوێت و لە هەموواندا ئەم ئەلفە لە موزاریعدا دەبێتە(ێ)).3
 گەر بەشێوەیەکى وردتر بڕوانینە ئەم بابەتە دەتوانین ئەم تێبینییە فراوان بکەین و بڵێن هەرچى کارى ڕوودان و بکەرنادیار و بەشێکى چاووگە ئەلفییەکان و ئەو کردارە تێنەپەڕانەى بە مۆرفێمى تێپەڕاندنى (اند)دەکرێنە تێپەڕ و ئەو کردارانەى لە دەنگەسروشتییەکان دروست دەکرین لە ڕێگەى مۆرفێمى تێپەڕاندنەوە و زۆرێکى تر لەوکردارانەى دەنگى(ا)یان تێدایە جا ئەو ئەلفە مەرج نییە لەکوێى کردارەکەدا بێت نمونەى لەم بابەتەش زۆرن لەوانە: (مان – مێن،دانا – دانێ،سوتا – سوتێ،خنکا – خنکێ،خەواند – خەوێن،گرماند – گرمێن،پاڵاوت – پاڵێو،چاند – چێن،.....تد.).
 هەندێکى تر لەم کردارانە دەنگى پێش مۆرفێمى دەمکاتى ڕبوردوەکەیان دەگۆڕێت بۆ دەنگێکى نزیک لە خۆیان بۆ نمونە (ش) بۆ (ژ) هەروەها (س) بۆ (ز) لەوانە:
(
کوشت – کوژ،کرۆشت – کرۆژ،گەست – گەز،خواست – خواز،....تد).
 هەندێ کردارى ترمان هەن گۆڕانى زیاتر لە دەنگێکیان تێدا ڕوودەدات بۆ نمونە: (ناشت – نێژ،هاویشت – هاوێژ،ڕشت – ڕێژ....تد).
 هەندێکى تریان دەنگى پێش مۆرفێمى دەمکاتى ڕابوردویان دەگۆڕێت بۆ (ە) بۆ نمونە: (دا – دە،خست – خە،کرد – کە،برد – بە،.....تد).
 هەندێکى تریان بە لابردنى دەنگێک یان زیاترى پێش مۆرفێمى دەمکاتى ڕابوردو وەردەگیرێن بێ هیچ گۆڕانکارییەکى تر لەوانە: (هاژووژت – هاژوو، نوست – نو،ڕۆیشت – ڕۆ....تد).
 هەندێک کردارى تر بەشێوەى لابەلا هەریەکەو بە جۆرێک گۆڕانکارى دەنگییان تێدا ڕوودەدات بە پێویستم نەزانى هەمووى بخەمەڕوو.
 ئەوەى تا ئێرە تێبینى دەکرێت لەم کردارانەدا لەیاسالادانە بەتایبەت لە چوارچێوەى دەنگسازیدا و کۆمەڵێک گۆڕانکارییە کە ناگەنە ئاستێک بەهیچ کام لەم کردارانە بڵێین ناوازە بۆیە دەکرێت لە ڕووى دەنگسازییەوە لێکۆڵینەوەى تایبەتیان لەسەر بکرێت و هۆکارى ئەو گۆڕانکارییانە دیارى بکرێت چونکە سەرجەمى ئەو گۆڕانکارییانە لە مەودایەکى تەسکدان و خۆیان لە گۆڕانى دەنگێک یان زیاتر بە دەنگێکى نزیک خۆى یان لابردن یان هێنانە ناوەوەى دەنگێدا دەبیننەوە ئەمەش جارێکى تر ناوازە نەبوونى ئەم کردارانەمان پێ دەڵێت چونکە لە کاتى ئەو گۆڕانکارییە دەنگییانەدا هیچ کام لە کردارەکان لە بنەڕەتى خۆیان دوورناکەونەوە.
 سەبارەت بە هەبوونى ناوازە لە چوارچێوەى کردار زمانى کوردی خاوەنى چەند کردارێکە کە ژمارەیان دیاریکراوە و زۆر کەمن بە هۆى ئەو گۆڕانکارییە زۆرەى تێیاندا ڕوودەدات بە جۆرێک بەشى زۆریان لە بنەڕەتى کردارەکان دووردەکەونەوە چ لە وەرگرتنى ڕەگى کردار یان گەردانکردنیان لەگەڵ جێناوەلکاوەکاندا یان لە هەر بارودۆخێکى تردا وا دەکەن بە ناوازە ناویان ببەین لە نمونەى ئەو کردارانە: (هێڵا (هێشت)،شۆرد (شوشت) ،هێنا (هاورد)،بینى (دیت)،ڕێسا (ڕست)،دێرا (داشت)،ڕێژا (ڕشت)،ویست،وت،هات). 
 ئەم کۆمەڵە کردارەش پێویستە بکرێنە دوو بەشەوە و بە جیا لێکۆڵینەوەیان لێ بکەین چونکە بەشى زۆریان دوو شێوە دەرکەوتنیان هەیە بەڵام بۆ وەرگرتنى ڕەگەکانیان دەتوانین سوود لە یەکیان وەربگرین چونکە وا دیارە ئەو شێوەى کەلەناوکەوانەکەدایە زیاتر ناوچەیى بێت و لەبەر فراوانى مەوداى بەکارهێنانیان واى کردووە لاى ئاخێوەرانى زمانى کوردى هەردوو شێوازەکەیان بەکابهێنرێت بێ هەست کردن بە جیاوازییەکى ئەوتۆ کە گرفت بێت لە تێگەیشتنیان.
 شێوە دەرکەوتنەکەى تریان زیاتر لە ڕەسەن دەچێت چونکە بەکارهێنانیان لە هەموو بارودۆخ و ئاستێکدا گونجاوە و ئەو گۆڕانکارییانەى تێیاندا ڕوودەدات دەتوانرێت بەئاسانى تێبینى بکرێت.
 سەرەتا تیشک دەخەینەسەر ئەو کردارانەى لەناو کەوانەدان (هێشت،شوشت،هاورد،دیت،ڕست،داشت،ڕشت) هەریەک لەم کردارانە بەشێوەیەکى ئاساى و لاى زۆرێک لە ئاخێوەرانى زمانى کوردى بەکاردەهێنرێن و لە هەموو ڕوویەکەوە کردارى تەواو بێ کەم و کوڕین سەرجەمیان لە ڕووى هێزەوە تێپەڕن
 ئەم حەوت کردارە لە وەرگرتنى ڕەگەکانیاندا گرفت دروست دەبێت و بەبێ ئاگایى بەکارهێنەرانیان لەکاتى وەرگرنى ڕەگەکانیاندا دەچنەوە ژێر سێبەرى شێوەى یەکەمیان چونکە بۆ هەردوو شێوەکەیان یەک ڕەگ هەیە کە ئەویش ڕەگى شێوەى یەکەمیانە و بۆ شێوەى دووەمیش گونجاوە چونکە ڕەگەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە شێوەى دووەمەوە نییە بەڵکو ڕاستەوخۆ لە شێوەى یەکەمەوە وەردەگیرێن بۆیە لەم بارەدا بەم شێوەیان بوترێت ناوازە ڕەنگە گونجاو بێت چونکە ڕگەکانیان کەلە شێوەى یەکەمیان وەردەگیرێت هیچ پەیوەندییەکى لە ڕووى ڕووخسارەوە بەمانەوە نییە واتە گۆڕانکارییەکانیان لە ئاستێکدایە ڕەگەکە لە ڕووى شێوەوە هیچ لە کردارەکە ناچێت بەڵام گرفتێکى واتاییان نییە.
 دواى ئەم کورتە ڕوونکردنەوەیە دەچینەسەر وەرگرتنى ڕەگى شێوەى یەکەمى ئەم کۆمەڵە کردارە بۆ ئەوەى بزانین هیچ کامیان ناوازەن یان ئەوانیش وەکو سەرجەم کردارەکانى پێشتر وان کە باسمان کردن.
(
هێڵا،شۆرد،هێنا،بینى،ڕێسا،دێرا،ڕێژا).
مامۆستا مەسعود محمد باسى سێ لەم کردارانەى کردووە بەم جۆرە:
 (کەسێک نەختێک شارەزایى بە لەهجە ئاخاوتنەکانى دەشت و دەرى کوردەوارى هەبێت دەزانێ لە زۆر ناوچەدا لە جیاتى (شوشتن) کەلە (شستن)ى فارسییەوە نزیکە وشەى (شۆرین) بەکاردەهێنن .....لەمەوە دەردەکەوێ ێیغەى مەجهولى (شۆرا،دەشۆرێ) ڕاستەوخۆ لە (شۆرین)ەوە هاتووە نەک فعلى (شوشتن).4 
بە بڕواى من (شۆرین)یش سەرچاوەى سەرەکى نییە بەڵکو کردارەکە لە بنەڕەتدا(شۆرد)نە.
 وەک دەردەکەوێت ئێستا ڕەنگە کردارى (شوشت)ن بەزۆرى بەکاربێت نەک (شۆرد)ن کە تەواو ترە و ڕەگى کردارەکەش لە شۆردنەوە وەردەگیرێت بیریشمان نەچێت دەنگى (ۆ) دەنگێکى ڕەسەنى پێکهێنەرى کردارەکەیە نەک دەنگى (و) بێت و گۆڕابێت بۆ (ۆ).
 هەروەها دەڵێت: (یەکێک لە فعلە یەکجار بەکاهاتووەکانى کوردى کە ڕابردو و ئایندەیان لە دو سەرچاوەوە دێت فعلى (دیتن)ە کەوا لە بەشێکى زۆرى کوردستانى ژێرودا ێیغەى ئایندەکەى لە فعلى (بینین)ەوە وەردەگرن).5 
لە لاپەڕە (666)ى هەمان سەرچاوەشدا دەڵێت: (فعلێک هەیە لە (داشتن)ەوە پەیدادەبێ،وەک ئەویش ئایندەکەى لە (دێران)ەوە وەردەگیرێت کەچى کەمو زۆر پەیوەندى بە واتاکەیەوە نییە).6 
 هەرچەندە مامۆستا مەسعود محمد جیاوازى کردووە لەنێوان ئەم دوو کردارەدا لە ڕووى واتاوە بەڵام ئەم دوو کردارە دوو شێوەى جیاوازى هەمان کردارە و هاوواتان بۆ نمونە (ئاوداشتن) و (ئاودێران) هەردووکیان بەماناى ئاودان دێن.
 یەکێک لەو نمونانەى مامۆستا خستویەتییەڕوو ئەوەیە کە دەڵێت: (هەڵداشتن) بە واتاى فڕێدانەخوار دێت ئەگەر تەماشا بکەین کردارى (دێرا)نیش ئەگەر هەمان پێشگر وەربگرێت ئەوا دەبێتەوە هەمان واتاى فڕێدانەخوار (هەڵدێران).
 بەمەش بۆمان دەردەکەوێت هەردوو کردارەکە دوو شێوەى جیاوازى هەمان کردارن و بەهەردوو شێوەکەشیانەوە یەک ڕەگیان هەیە (دێر) کەلە دێرانەوە وەرگیراوە نەک داشتن. 
دەمێنێتەوە چوار کردارەکەى تر کە بریتین لە: (هێڵا،ڕێسا،هێنا،ڕێژا).
 ئەم چوار کردارەش بەهەمان شێوەى سێ کردارەکەى کەلە پێشەوە باسمان کردن سەرچاوەن بۆ وەرگرتنى ڕەگ و شێوەى دووەمیان تەنها دەتوانن لە دەمکاتى ڕابوردو و بەردەوامدا ڕۆڵ ببینن هەرکەى دەمکاتەکانیان گۆڕا بۆ ڕانەبوردو ئەوا دێنەوە ژێر سایەى ئەمان و لەمانەوە ڕەگ وەدەست دەخرێت.
لێرەدا هەرحەوت کردارەکە بە هەردوو شێوە دەرکەوتن و ڕەگەکانیانەوە دەخەینە پێش چاو:
شۆرد (شوشت) شۆ.
هێڵا (هێشت) هێڵ.
هێنا (هاورد) هێن
بینى (دیت) بین.
ڕێسا (ڕست) ڕێس.
دێرا (داشت) دێر.
ڕێژا (ڕشت) ڕێژ.
جگەلە کردارى (شۆرد) ئەو شەش کردارەکەى تریان لەکاتى  وەرگرتنى ڕەگەکانیان تەنها (ن)ى چاووگ و مۆرفێمى کاتى ڕابوردویان لادەبرێت و ئەوەى دەمێنێتەوە ڕەگەکانیانە.
 کردارى (شۆرد)یش جگەلە نیشانەى چاووگ و مۆرفێمى ڕابوردو دەنگێکى پێش مۆرفێمەکە لابراوە و هیچ گۆڕانکارییەکى تر ڕووى نەداوە ئەمەش وەکو باقى کردارەکانى ترە کەلە پێشەوە باسمان کردن و سەرجەم ئەم گۆڕانکارییانە دەچێتە چوارچیوەى دەنگسازییەوە و ناگاتە ئاستێک کەبە هیچ کام لەم کردارانە بڵێین ناوازە.
 دەمێنێتەوە تەنها سێ کردار ئەوانیش (ویست،وت،هات) کە هەریەکەیان لە کاتى بەکاهێنانیاندا گۆڕانکارى و لەیاسالادانى وا تێیاندا ڕوودەدات ناچارمان دەکەن بەناوازەیان بژمێرین.
1 –
ویست: کردارێکى ناوازەیە لە زۆرێک یاسابنچینەییەکانى زمانى کوردى لادەدات.
چەند بیروڕایەکى جیاواز لەسەر ڕەگى ئەم کردارە هەیە دووانیان دەخەینەڕوو:
 پ.د.وریا عمر ئەمین دەڵێت: (لەئەنجامى بەراوردکردنى مۆرفۆلۆجییەوە دەردەکەوێ ڕەگى داهاتووى کارى لە (ویستن)وەرگیراو (ەوێ)یە نەک (ەو)ئەم (ێ)یە بەشێکەلە ڕەگەکەو ئیشارەت نییە بۆ کەسى سێیەمى تاک). 7
د.ئەوڕەحمانى حاجى مارف دەڵێت: ڕەگى (ویستن بریتییەلە (وێ)).8 
 ڕەگى ئەم کردارە نزیکترە (وێ) بێت نەک (ەوێ) و ئەو (ە) پێویستى دەنگسازى هێنابێتییە نێوان جێناوى لکاو و ڕەگى کردارەکەوە ئەمیش لەبەر دوو هۆکار
11 –
هاتنى دەنگى (ە) بۆ جیاکردنەوەى دوو دەنگى نەبزوێنە کە ئەوانیش جێناوەلکاوەکە و یەکەم دەنگى ڕەگى کردارەکەیە.
2 –
بۆ هاوسەنگى و ئاسانى دەربڕین.
 ئەم کردارە لەچەند ڕوویەکەوە بەتەواوى لە یاسا لادەدات و بەتەواوى پێچەوانەى کردارەکانى ترى زمانى کوردى ڕەفتار دەکات.
1 -
ڕەگى ئەم کردارە جێناوەلکاوەکانى کۆمەڵەى یەکەم وەردەگرێت بە پێچەوانەى کردارە تێپەڕەکانى ترەوە جێناوەکان دەکەونە پێش ڕەگەکەوە نەک دواوەى،هەروەها لەهەردوو دەمکاتى ڕابوردو و ڕانەبوردودا هەمان کۆمەڵەى یەکەمى جێناوەکان وەردەگرێت لە کاتێکدا کردارە تێپەڕەکانى تر لە دەمکاتى ڕابوردو کۆمەڵەى یەکەم و لە دەمکاتى ڕانەبوردودا کۆمەڵەى دووەم وەردەگرن.
ویستم ویستمان.
دەمەوێت دەمانەوێت.
22 –
بەشێوەیەکى گشتى لە کردارە تێپەڕەکاندا لە ڕێگەى ڕەگەوە بکەرنادیار دروست دەکرێت،بەڵام لەم کردارەدا لە قەدەوە دروست دەکرێت (ویسترا).
33 – (
گۆڕینى کاتى کارەکە لە ڕابردووەوە بۆ داهاتوو ئەرکى ڕاناوەلکاوەکان ئاڵوگۆڕناکات........ ئەمە لادانە لە یاسا گشتییەکە).9
 واتە کاتێک کردارێکى تێپەڕ جێناوەلکاوەکانى بکەر و بەرکار وەردەگرێت بۆ دەمکاتى ڕابوردو بەم شێوەیەیە(بکەر+بەرکار)،لە دەمکاتى ڕانەبوردوشدا بە (بکەر+بەرکار)ى دەمێنێتەوە. 
ڕابوردو: ویستمیت.
بەردەوام: دەم ویستیت.
ڕانەبوردو: دەمەوێیت.
وەک دەبینین لە هەموو کاتەکاندا بکەر لەپێش بەرکارەوەیە ئەمەش پێچەوانەى کردارەکانى ترە:
ڕابوردو: گرتمن.
بەردەوام: دەم گرتن.
ڕانەبوردو: دەیان گرم.
22 –
وت:ئەم کردارەش یەکێکە لە کردارە ناوازەکانى زمانى کوردى و لە وەرگرتنى ڕەگەکەیدا بەجۆرێک لە یاسا لادەدات کە هیچ پەیوەندییەکى بە کردارەکەوە نامێنێت لە ڕووى شێوەوە بەڵام لەڕووى واتاوە وەرگیراوى هەمان کردارە.
وت ڵێ.
 ئەگەر تەماشاى ئەو گۆڕانکارییە بکەین دەبینین ڕەگى ئەم کردارە بەر گۆڕانکارییەکى وا کەوتووە کە دەنگە پێکهێنەرەکانى هیچ پەیوەندییەکیان بە دەنگە پێکهێنەرەکانى کردارەکەوە نییە.
 ئێمە لە پێشەوە باسى ئەو گۆڕانکارییانەمان کرد کەلە کاتى وەرگرتنى ڕەگى کردارەکاندا بەدى دێت،بەڵام لە هیچ کام لە کردارەکاندا ناگاتە ئاستێک ڕەگى کردارەکە بە تەواوى لە کردارەکە داببڕێت و گۆڕانکارییەکى وا ڕووبدات کە ڕەگەکە هیچ هاوبەشییەکى لەگەڵ کردارەکەدا نەمێنێتەوە.
 خاڵێکى ترى جیاوازى ئەم کردارەش ئەوەیە بەهەمان شێوەى کردارى (ویست)ن لە ڕێگەى قەدەوە بکەر نادیارى لێ دروست دەکرێت نەک ڕەگ.
 لە شێوەى ناوچەییدا لە بەرامبەر ئەم کردارەدا (بێژ)ە بەکاردێت بە تایبەت لە زارى سەرو و ناوچەى گەرمیاندا.
بڵێ بێژە.
دەڵێم یەژم.
لە دەمکاتى ڕانەبوردودا لە جیاتى (دە) (یە) بەکاردەهێنرێت.
33 –
هات:ئەم کردارەش یەکێکى ترە لە کردارە ناوازەکان ئەم کردارەش وەک زۆرێک لە کردارەکانى تر لە کاتى وەرگرتنى ڕەگەکەیدا بەر گۆڕانکارى دەنگى دەکەوێت و مۆرفێمى کاتى ڕابوردو (ا) دەگۆڕێت بۆ دەنگى (ێ) وەک لە پێشەوە باسمان کرد ئەم گۆڕانکارییە لە مەودایەکى فراوان و لە ژمارەیەکى زۆرى کردارەکاندا ڕوودەدات واتە ڕەگى کردارەکە دەبێتە (هێ)، دەنگى (ه) بە هۆى بەکاهێنانەوە سواوە و تەنها (ێ) ماوە ئەمە لە کاتێکدا زارى سەروو هەردوو دەنگەکەى پاراستووە.
 لەکاتى گۆڕینى دەمکاتى کردارەکە لە ڕابوردووەوە بۆ ڕانەبوردو مۆرفێمى بەردەوامى لە (دە) وە دەگۆڕێت بۆ (د).
 تاکە شتێک ئەم کردارە والێ دەکات بە ناوازە بیژمێرین ئەوەیە ئەم کردارە لە بارى داخوازیدا بەجۆریک لە کردارە بنەڕەتییەکە دور دەکەوێتەوە کە هیچ پەیوەندییەکى بەرووخسارى کردارەکەوە نامێنیت بەڵام لە ڕووى واتاوە لە واتاى (هات)ن وەرگیراوە.
ڕابوردو: هاتن.
ڕانەبوردو: دێن.
داخوازى: وەرن.
 لەبەرامبەر ئەمەدا ئەم کردارە بارێکى ترى داخوازى هەیە کە ڕاستەوخۆ لە ڕەگى کردارەکەوە وەرگیراوە ئەویش (بێ)یە دەتوانین ئەم شێوەى دووەمەیان بەڕەسەن دابنێین چونکە لە ڕەگى کردارى (هات)ن و مۆرفێمى داخوازی دروست بووە بەڵام نابێ ئەوە لەیادبکەین ئێستا ئەم شێوازى دووەمەیان خەریکە مۆرکى ناوچەیى وەردەگرێت و شێوەى یەکەمیان مەودایەکى فراوانى بەکارهێنانى داگیرکردووە.
 خاڵێک کە ماوە ئاماژەى پێ بکەم ئەم سێ کردارە لە زمانى کوردیدا دەتوانن وەک کردارى یاریدەدەر ڕەفتار بکەن هەرچەندە ئەم بابەتە تا ئێستا بەتەواوى یەکلایى نەکراوەتەوە .
 لە کۆتایدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت زمانى کوردى خاوەنى ژمارەیەکى ئێجگار کەمى کردارى ناوازەیە و ئەوەى کە هەیە و لاى بەشێک لە پسپۆڕانى زمانى کوردى بە ناوازە هەژمار کراون تەنها چەند گۆڕانێکى دیارى کراوى دەنگى تێیاندا ڕوودەدات و نایانگەیەنێتە ئاستێک ناوى ناوزەیان بەسەردا ببڕین.
پەراوێزەکان:
1 –
  ئەوڕەحمانى حاجى مارف(د)،ڕێزمانى کوردى،بەرگى یەکەم (وشەسازى)،چاپى یەکەم،چاپخانەى سەردەم/سلێمانى،2000ز،ل129.
22 –
وریا عمر امین(پ.د)،ئاسۆیەکى ترى زمانەوانى،چاپى یەکەم،چاپخانەى ئاراس/هەولێر،2004ز،ل137.
33 –
مەسعود محەمەد،کەوچکێک شەکر بۆ قاوەى تاڵ،چاپى یەکەم،چاپخانەى ئاراس/هەولێر،2010ز،ل402.
44 –
مەسعود محەمەد،چەند حەشارگەیێکى ڕێزمانى کوردى،چاپى یەکەم،چاپخانەى کۆڕى زانیارى کورد/بەغداد،1976ز،ل45.
55 –
مەسعود محەمەد،چەند حەشارگەیێکى ڕێزمانى کوردى،چاپى یەکەم،چاپخانەى کۆڕى زانیارى کورد/بەغداد،1976ز،ل65.
66 –
مەسعود محەمەد،چەند حەشارگەیێکى ڕێزمانى کوردى،چاپى یەکەم،چاپخانەى کۆڕى زانیارى کورد/بەغداد،1976ز،ل66. 
77 –
وریا عمر امین(پ.د)،ئاسۆیەکى ترى زمانەوانى،چاپى یەکەم،چاپخانەى ئاراس/هەولێر،2004ز،ل37
8 –
  ئەوڕەحمانى حاجى مارف(د)،ڕێزمانى کوردى،بەرگى یەکەم (وشەسازى)،چاپى یەکەم،چاپخانەى سەردەم/سلێمانى،2000ز،ل144.
99 -
وریا عمر امین(پ.د)،ئاسۆیەکى ترى زمانەوانى،چاپى یەکەم،چاپخانەى ئاراس/هەولێر،2004ز،ل370.
سەرچاوەکان:
1 -
ئەوڕەحمانى حاجى مارف(د)،ڕێزمانى کوردى،بەرگى یەکەم (وشەسازى)،چاپى یەکەم،چاپخانەى سەردەم/سلێمانى،2000ز.
2 -
مەسعود محەمەد،چەند حەشارگەیێکى ڕێزمانى کوردى،چاپى یەکەم،چاپخانەى کۆڕى زانیارى کورد/بەغداد،1976ز.
3 -
مەسعود محەمەد،کەوچکێک شەکر بۆ قاوەى تاڵ،چاپى یەکەم،چاپخانەى ئاراس/هەولێر،2010ز.
4 -
وریا عمر امین(پ.د)،ئاسۆیەکى ترى زمانەوانى،چاپى یەکەم،چاپخانەى ئاراس/هەولێر،2004ز.




ب?اوکردن?و?

1 لێدوانەکان :

لێدوانەکان