ماڵپەڕی ڕێزمانی کوردی

ماڵپەڕى ڕێزمانی کوردی:: پەنجەرەیەک بۆ خزمەتکردنی ڕێزمانی کوردی

زیاتر لە واتایەک کردار وەک نموونە





 زیاتر لە واتایەک کردار وەک نموونە: 
سەربەست قادر

کردار چەقی پشت پێ بەستن لە دروست کردنی ڕستە و ئاخاوتن، بە پێی تەواوی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە کۆن و نوێیەکان زمان دامەزراوەیەکی زیندوو و گەشەسەندووە و بەردەوام لە پەرەسەندن و فراوان بووندایە لە ھەموو ڕووەکانی (دەنگسازی،وشەسازی،ڕستەسازی،واتاسازی،...تد) تا ئەو کاتەی ئاخێوەران و بەکارھێنەرانی ھەر زمانێکی دیاری کراو شوێن زمانەکەیان دەکەون و گرنگی پێ دەدەن.
ھەر زمانێک لەم سەرگۆی زەوییە بگرین و لێی بکۆڵینەوە دەبینین پێکھاتووە لە چەند بەشە ئاخاوتنێک و لە ڕێگەی لێکدان و کارلێکی بەشەکانی ئاخاوتنی زمانەکەوە دەستەواژە و ڕستە و ئاخاوتن دروست دەکرێت.
ھەریەک لەبەشەکانی ئاخاوتن بە گوێرەی بەکارھێنانیان لە بارودۆخ و کاتی جیاجیادا سەنگ و قورسایی خۆیان ھەیە و ھەریەکەیان جیاوازە لەوی تر بەجۆرێک بە نەبوونی ھەریەکەیان زمانەکە تووشی کەم و کورتی دەبێت.
زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانانەی کە پێکھاتەی ڕسەسازییەکەی بەپلەی یەکەم بەندەلەسەر کردار واتە لە زمانی کوردیدا دەتوانرێت تەنھا لە چوارچێوەی کرداردا ھەموو بەشەسەرەکییەکانی ڕستە کۆبکرێتەوە و دەرببڕدرێ،جگەلەمە کردار لە زمانی کوردیدا مەرجی سەرەکی ڕستە و ئاخاوتنیشە واتە بەبێ بوونی کردار ناتوانین ڕستە دروست بکەین ئەمە لە کاتێکدا بەشەکانی تری ئاخاوتن ئەو کاریگەری و ھێزەیان نییە.
لەم کورتە باسەدا دەمەوێت لەسەر بابەتێک لادەم ئەویش بەکارھێنانی کردارە بەزیاتر لە واتا و مەبەستێک.
لە زمانی کوردیدا کۆمەڵیک کردار بە رچاو دەکەون کە بەھەمان ڕێنووس و گۆکردن لە دەربڕیندا بە پێی بەکارھێنانیان لە دەوروبەری جیاوازدا بە پێی مەبەستی ئاخێوەر واتای جیاجیا دەبەخشن ئەمە بیر بۆلای ئەوە دەبات لەگەڵ بەردەوامی ژیان و فراوان بوونی زماندا ئاخێوەر و بەکارھێنی زمان نەتوانێت بۆ ھەر بیر و مەبەستێک ھەیەتی وشە و دەستەواژەی گونجاو و پێویست دروست بکات کە تووشی گرفتی ڕێزمانی و واتایی نەبێت بەمەش ناچاردەبێت پەنا بۆ بەکارھێنانی ھەمان کردار ببات بۆ چەند واتا و مەبەستێکی جیاواز ئەم کارە بۆ گەیاندنی واتایەکی نوێ بێت یاخود بەھۆی نزیکی واتا و مەبەستەکانەوە بواری ئەوە بە بەکارھێنی زمان بدات ھەمان وشە بۆ چەند مەبەستێکی جیا بەکاربھێنێت لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئاخێوەری زمان بەشێوەیەکی بیرکارییانە دەتوانێت بەسوود وەرگرتن لەو وشانەی لەبەردەستیدان تا ژمارەیەکی بێ کۆتایی دەستەواژە و ڕستەی جیاواز و واتا و مەبەستی جیاواز بەدەستەوە بدات.
لە نمونەی ئەو کردارانەی لەبەردەستدان:
_
کەوت.ن: یەکێکە لەو کردارانەی بەپێی بەکارھێنانی دەتوانێت زیاتر لەواتایەک بەدەستەوە بدات.
منداڵەکە کەوت.
لەم ڕستەیەدا منداڵەکە کەوتووە واتە کەوتووەتەسەر زەوی یان بەربووەتەوە و لە زەوی داوە .
قوتابییەکە لەوانەی بیرکاریدا کەوت.
لەم ڕستەیەدا کەوتن بەمانای لەزەویدان نایەت بەڵکو بەمانای مانەوە دێت لە وانەیەکدا یان دەرنەچوون و گەڕانەوە و نەبڕینی ئەزموونێک.
پیاوەکە تەڵاقی کەوت.
کوڕەکە سوێندی کەوت.
لەم ڕستانەدا کەوتن بەمانای بەتاڵبوونەوە و نەچوونەسەری گرێبەست و پەیمانێک دێت.
ژنەکە ناوکی کەوت.
لەم ڕستەیەدا کەوتن بەواتای لەجێ چوون و دەرچوون دێت لە شوێنی خۆی. 
_
سەرکەوت.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی کە دەتوانێت زیاتر لەواتایەک ببەخشێت بەم شێوەیە:
کوڕەکە بە پەیژەکەدا سەرکەوت.
پیاوەکە بە شاخەکەدا سەرکەوت.
لەم ڕستانەدا وەک دەبینین سەرکەوتن بەواتای ئاسایی خۆی بەکارھاتووە و بەمانای سەرکەوتن لە شوێنێکی نزمەوە بۆ شوێنێکی بەرز دێت لەڕێگەی ھێزەوە.
پێشمەرگە لە شەڕەکەدا سەرکەوت.
یانەکەمان لە یارییەکەدا سەرکەوت.
لەم ڕستانەدا سەرکەوتن بەمانای چوونەسەر یاخود سەرکەوتن بۆ شوێنێکی بەرزتر کە ھێزی ڕۆیشتنی تێدابەکارھاتبێت نایەت بەڵکو بەواتای بردنەوە دێت چ لەشەڕ چ لەیاری یان ھەر کایەیەکی تربێت.
_
بەرکەوت.ن:ئەمیش یەکێکی ترە لەو کردارانەی کە بەپێی بەکارھێنانی واتای دەگۆڕێت.
لەشەڕەکەدا دارێکم بەرکەوت.
لەم ڕستەیەدا بەرکەوتن بەواتای لێدان دێت واتە لەشەڕەکەدا دارێکم لێدرا بە ئاگایی بێت یان بێ ئاگایی.
لە کارەکەدا ھەزار دینارم بەرکەوت.
لەم ڕستەیەدا بەرکەوتن بەواتای لێدان بەکارنەھاتووە بەڵکو بەواتای پێدان و خاوەندارێتی یان بەشدان دێت لەو بڕەپارەیەی کەلە کارێکدا بەدەستمان ھێناوە.
لێنا.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی کە بەھۆی بەکارھێنانییەوە لە دەوروبەری جیاوازدا زیاتر لەواتا و مەبەستێک دەگەیەنێت.
بارەکەم لە گوێ درێژەکەنا.
(
لە+نا) = (لێنا) مەبەست لە لێنان لەم ڕستەیەدا ئەوەیە کە گوێ درێژەکەم بارکرد یاخود بارەکەم خستەسەر پشتی.
چاییەکەم لێنا.
خواردنەکە لێبنێ.
لەم دوو ڕستەیەدا ڕاستە مەبەستی کردارەکە لەسەر پشتی ئاگردانانە واتە چاییەکە یان خواردنەکە لەسەر پشتی ئاگرەکە دابنرێت،بەڵام لەبەکارھێنانی ئەمڕۆی بەکارھێن و ئاخێوەرانی زماندا کاتێک ئەو دوو ڕستەیە یان ھاوشێوەکانیان بەکاردەھێنرێت مەبەست لێی کوڵاندن یاخود ئامادەکردنی چا یان خواردنە.
_
تەقاند.ن:یەکێکە لە کردارە دەنگییەکان واتە یەکێکە لەو کردارانەی کەلە ڕێگەی دەنگەوە بەیارمەتی پاشگری تێپەڕاندنی (اند)دروست کراوە و لەبەکارھێنانیدا دەتوانێت زیاتر لە واتا و مەبەستێک بگەیەنێت.
فیشەکێکم تەقاند.
میزەڵدانەکەم تەقاند.
پەنجەم تەقاند.
لەم ڕستانەدا کردارەکە بە ئاشکرا کردەی دەنگ دەردەخات واتە ئەو کردارانەی ئەنجاممان داوە دەنگێکی لێوە بیستراوە و ھەمان ئەم دەنگەش کردە ئەنجام دراوەکەیە.
بەردێکم تەقاندە چۆلەکەکە.
تیرێکم تەقاند.
لەم دوو ڕستەیەدا کردەی تەقاندن بێ دەنگە و لەمەبەست و واتای خۆی لای دەدات،لێرەدا مەبەست لە تەقاندن تێگرتن و ھاویشتن یان بۆ ھاویشتنە.
_
ھەڵھات.ن:ئەم کردارەش بەھەمان شێوەی کردارەکانی پێشوو لە توانایدایە بەزیاتر لە واتایەک دەرکەوێت لەکاتی بەکارھێنانی لەڕستەدا.
ڕۆژ ھەڵھات.
لەم ڕستەیەدا مەبەست لە ھەڵھاتن بەرزبوونەوە و دەرکەوتنی خۆرە لەبەرەبەیاندا لە پشت بەرزاییەکانەوە.
ھەویرەکە ھەڵھات.
لەم ڕستەیەدا مەبەست لە ھەڵھاتن تەنھا بەرزبوونەوەی ھەویرەکە نییە،بەڵکو واتاکەی فراوان ترە و زیاتر لەو واتایە ھەڵدەگرێت ئەویش زیادکردن و ھەڵئاوسانە واتە لە باری ئاسۆی و ستونیشەوە.
سەربازەکان ھەڵھاتن.
لەم ڕستەیەدا ھەڵھاتن ھیچ کام لە واتاکانی پێشتر ناگەیەنێت،بەڵکو بەمانای چۆڵکردنی مەیدانی شەڕ یاخود ڕاکردن و خۆدەربازکردن و دۆڕاندن دێت.
دزەکە ھەڵھات.
لەم ڕستەیەدا ھەڵھاتن بەواتای ڕاکردن و خۆدەربازکردن دێت و تا ڕادەیەک جیاوازە لە ھەڵھاتنی سەربازەکان.
_
خوارد.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی کە دەتوانرێت بەمانا و مەبەستی جیاوازبەکاربھێنریت لە ئاخاوتنی ڕۆژانەدا.
منداڵەکە سێوێکی خوارد.
لەم ڕستەیەدا خواردن بە واتا و مەبەستی بنەڕتی خۆی بەکارھاتووە و لەگەڵ کەرەستەیەکدایە یان بەسەر کەرەستەیەکدا جێبەجێ کراوە کە لە توانادایە بخورێت بە شێوەیەکی گشتی پێویستە لە کاتی بەکارھێنانی دانەکانی زمان و دروستکردنی ڕستە و ئاخاوتندا بەپێی یاساکانی ھەر زمانێک دانەکان بە جۆرێک ڕیزبکرێن کە لەتوانادابێت کردار بەسەر بەرکارداجێبەجێ بکرێت ئەمەش تایبەتە بەڕستە کردار تێپەڕەکان ئەم پێویستییە پێویستە لایەنی ڕێزمانی و واتایی تێدا لەبەرچاوبگیرێت چونکە بەپێی یاساکانی زمان دەتوانین دەیان و سەدان ڕستەی جۆراوجۆری تەواو دروست بکەین لەڕووی ڕێزمانییەوە بەڵام لەڕووی واتایی و گونجانەوە یان لە ڕووی ژیرییەوە ناگونجێن بۆ نمونە:
منداڵەکە ئاسنەکەی خوارد.
قوتابییەکە کاغەزەکەی شکاند.
لەم دوو ڕسەیەدا ھیچ گرفتێکی ڕێزمانیمان نییە بەڵکو ئەوەی نەگونجاوە لایەنی ژیری و واتاییە چونکە لە ڕووی ژیری و واتاییەوە نە ئاسن خواردنە و نە کاغەز شکستەنییە.
کەواتە دەبێت جگەلە لەبەرچاوگرتنی گونجان لە نێوان بکەر و کرداردا بەرکاریش لەبیرنەکەین کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی کردارەوە.
کوڕەکە سوێندی خوارد.
پیاوەکە تەڵاقی خوارد.
دەکرێت بپرسین سوێند و تەڵاق خواردەمەنین تا بخورێن؟
یاخود فراوان بوونی مەودای بەکارھێنانی کرداری خواردن و گونجاوییەتی لە ڕووی واتاییەوە وای کردووە بەبێ دروست بوونی گرفتێکی واتای لای ئاخێوەری زمان بە ئاسانی چاڵی بەرکار بە وشەیەک پڕبکاتەوە و بگونجێت لەگەڵ کرداردا کە بنەڕەتی واتاییان لێک دوورە.
کوڕەکە جگەرە دەخوات.
سەبارەت بەم ڕستەیەش دەتوانین بپرسین ئایا جگەرە خواردەمەنییە تا بخورێت؟
بێگومان نەخێر جگەرە دەکێشرێت لێرەشدا تووشی گرفتێکی تر دەبین ئەویش لەگەڵ کرداری کێشاندایە کە ئەم کردارەش لەبەکارھێنانیدا دەتوانین بەزیاتر لە مەبەستێَک بەکاری بھێنین.
بۆ نمونە جیاوازی ھەیە لە نێوان ئەو شتانەی کە کێش یان قورساییان ھەیە لەگەڵ جگەرە کەوەک کێشانە و پێوانە ناکێشرێت بەڵکو دووکەڵەکەی ھەڵدەمژرێت.
کوڕەکە جگەرە دەکێشێت.
پیاوەکە تەماتە دەکێشێت.
ئایا کێشان لەم دوو ڕستەیەدا ھاوواتا و مەبەستە؟
_
شکاند.ن:ئەمەش یەکێکی ترە لەو کردارانەی کە دەتوانین بە زیاتر لە واتا و مەبەستێک بەکاری بھێنین و ئەرکی جیاوازی بخەینەئەستۆ.
منداڵەکە شوشەکەی شکاند.
پیاوەکە بەردەکەی شکاند.
لەم دوو ڕستەیەدا ھەردوو شوشە و بەرد لە توانادایە بشکێنرین بۆیە لەم ڕستە و ھاوشێوەکانیاندا کرداری شکاند.ن بە واتا و مەبەستی بنەڕەتی خۆی بەکارھاتووە.
پیاوەکە بەڵێنەکەی شکاند.
کوڕەکە سوێندەکەی شکاند.
لەم دوو ڕستە و ھاوشێوەکانیاندا مەبەست لە شکاند.ن ھەمان واتای پێشوو نییە بەڵکو مەبەست لێی لادان ونەبردنەسەر یاخود پاشگەزبوونەوەیە لە بەڵین و سوێندەکە.
_
تێگرت.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی کەبەپێی بەکارھێنانی دەتوانێت زیاتر لە واتایەک ببەخشێت.
دەفتەرەکەم بەرگ تێگرت.
لەم ڕستەیەدا مەبەست لە تێگرتن داپۆشینی ڕووکاری دەرەوەی دەفتەرەکەیە بە شتێک جگەلە بەرگەکەی خۆی.
بەردێکم گرتە چۆلەکەکە.
بەردێکم لە چۆلەکەکە گرت.
لەم ڕستەیەدا تێگرتن بەمانای بۆ ھاویشتن بەکارھاتووە و پەیوەندی بە واتای یەکەمەوە نییە.
_
گیرا.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی لەتوانایدایە بە زیاتر لەواتایەک بەکاربێت.
لەم ڕستەیەدا مەبەست لە گیران ون بوون و داپۆشرانی ڕووی مانگە بەشێوەیەکی کاتی لە لایەن تەنێکی ترەوە.
ئاوەڕۆکە گیرا.
لێرەدا بەواتای داخران و بەرگیرانی بۆری یان ئاوەڕۆ یان ھەرشتێکی تر دێت.
دزەکە گیرا.
مەبەست لە گیران لەم ڕستەیەدا دەست بەسەرکردنی دزەکەیە نەک داخران و داپۆشین.
لەم سێ ڕستەیەدا کرداری ڕستەکان بەشێوەی بکەرنادیار دەرکەوتووە بەھەمان شێوە و بەشێوەی بکەردیاریش دەتوانێت ھەمان ڕۆڵ ببینێت.
زەوی بەری مانگی گرت.
زبڵ ئاوەڕکەی گرت.
من دزەکەم گرت.
جگەلەم واتایە دەتوانین واتای تریشی پێ ببەخشین بۆ نمونە
من پەتام گرت.
لێرەدا مەبەست لە گرتن تووش بوونە بە نەخۆشینێکی درم.
کوتا.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی لە توانایدایە بە زیاتر لە واتا و مەبەستێک دەربکەوێت.
گەنمەکەمان کوتا.
کوتان لەم ڕستەیەدا بەمانای ھەباشەکردن یان گێرەکردن یان لێکجیاکردنەوەی گەنم و جۆ و کایە لەیەکتر.
منداڵەکەیان کوتا.
لەم ڕستەیەدا کوتان بەمانای دەرزی لێدان ھاتووە.
پیاوەکەمان کوتا.
لەم ڕستەیەدا کوتان بەواتای لێدان بەکارھاتووە واتە لەپیاوەکەمان دا.
_
تێھەڵدا.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی کەبەپێی بەکارھێنانی زیاتر لەواتایەک دەبەخشێت.
کۆڵەکەمان لە ھەیوانەکە ھەڵدا.
لەم ڕستەیەدا (لە..ھەڵدا)کە دەکاتە تێھەڵدان بەواتای دانەژێر یان خستنەژێر بەکارھاتووە.
لە کوڕەکەمان ھەڵدا.
لەم ڕستەیەدا تێھەڵدان بەمانای لێدان واتە بەشەڕ لە کوڕەکەمان دا.
پێوەدا.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی بەپێی بەکارھێنانی مانا و مەبەستی دەگۆڕێت زیاتر لە واتایەک دەبەخشێت.
نانەکەم بەتەنورەکەوە دا.
لەم ڕستەیەدا پێوەدان بەواتای خۆی کە پێوەدانە یان پێوەلکاندنی ھەویری نانە بە دیواری تەنور یان ڕووی ساجەکەدا.
مار بە منداڵەکەیەوە دا.
لەم ڕستەیەدا پێوەدان بە واتای گەستن دێت واتە لەم ڕستەیەدا واتا و مەبەستێکی جیاواز دەگەیەنێـت کە دوورە لە واتای یەکەم.
_
کێشا.ن: یەکێکی ترە لەو کردارانەی کە ھەڵگری زیاتر لە واتایەکە.
پیاوەکە خەیارەکەی کێشا.
لەم ڕستەیەدا کێشان بەواتای پێوانەکردی قورساییەک یان ماددەیەکی خاوەن کێش دێت.
کوڕەکە جگەرەی کێشا.
لەم ڕستەیەدا کێشان بە واتای ھەڵمژین و قوتدانی دووکەڵی جگەرە دێت نەک زانینی کیش و قورسایی شتێک لە ڕێگەی پێوەرێکەوە.
_
ھەڵسا.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی کەبەپێی ئەو دەوروبەرەی تێیدا بەکاردەھێنرێت واتاکەی دەگۆڕێت.
منداڵەکە لەخەو ھەڵسا.
لەم ڕستەیەدا ھەڵسان بەواتای لە خەو ڕابوون یان بەئاگاھاتن دێت.
پیاوەکە ھەڵسا بۆ ئیش کردن.
لەم ڕستەیەدا ھەڵسان بەواتای ھەستانەسەرپێ بەکارھاتووە.
جۆزەی کارەباکە ھەڵسا.
لەم ڕستەیەدا ھەڵسان بەواتای کوژانەوە یان بەرزبوونەوەی فیوزی کارەبا لەخوارەوە بۆ سەرەوە بەکارھاتووە.
_
ھەڵکرد.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی بە زیاتر لەواتا و مەبەستێک بەکاردێت.
بایەکە ھەڵی کرد.
لێرەدا مەبەست لە ھەڵکردن دەستپێکردنی بایە.
تۆپەکەم ھەڵکرد بۆت.
لەم ڕستەیەدا مەبەست لە ھەڵَکردن بۆ ھاویشتن یان بۆ فرێدانە.
ئاگرەکەم ھەڵکرد.
چراکەم ھەڵکرد.
کارەباکەم ھەڵکرد.
لایتەکەم ھەڵکرد.
لەم ڕستانەدا ھەڵکردن بەواتای داگیرساندن دێت پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە بۆ نمونە کاتێک دەڵێیت:
سەیارەکەم داگیرساند.
چراکەم داگیرساند.
گڵۆپەکەم داگیرسان....تد
تێیاندا داگیرساندن بەواتای ھەڵکردن یان پێ کردن دێت.
پێ کردنیش بەھەمان شێوە لە توانایدایە لەزۆربەی بارەکاندا جێگەی ئەوان بگرێتەوە و واتای ئەو کردارانە بدات بۆ نمونە:
لایتەکەم پێ کرد.
ئۆتۆمبیلەکەم پێ کرد.
تێیاندا پێ کردن بەواتای داگیرساندن و ئیش پێکردن و ھەڵکردن دێت کەواتە ئەم کۆمەڵە کردارە تێکەڵییەکی ئەوتۆ لە نێوانیاندا ھەیەکە دەتوانن جێی یەکتر بگرنەوە بەبێ روودانی گرفتێکی ڕێزمانی یان واتایی.
_
ھەڵدا.ن:یەکێکی ترە لەو کردارانەی کە بەپێی بەکارھێنانی ھەڵگری زیاتر لە واتایەکە.
تۆپەکەم ھەڵدا بۆت.
واتە تۆپەکەم فرێدا بۆت یان بۆم ھاویشتیت.
چراکەم ھەڵدا.
ھەڵدان لەم ڕستەیەدا بەمانای بەرزکردنەوەی پڵیتەی چرایەکە دێت.
ئەوەی تائێرە باسکرا نمونەی ھەندێک لەو کرادارانەیە کەلە توانایاندایە بە زیاتر لەواتایەک دەربکەون و ھەریەکەیان چەند مەبەستێک ھەڵبگرن و لە بارودۆخی جیاوازی بەکارھێناندا بە گوێگری بگەیەنن.
ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات ئاخێوەرانی زمان دەتوانن لە ڕێگەی کەمترین وشەوە زۆرترین قسەبکەن و زۆرترین واتا و مەبەست بە بەرامبەر بگەیەنن ئەمە شێوەیەکی بیرکارییانەی زمانە چۆن دەتوانرێت لە ڕێگەی چەند ژمارەیەکی سەرەتای و بنڕەتییەوە تا ژمارەیەکی بێ کۆتایی ژمارە دروست بکرێت بەھەمان شێوە زمان بەپێی بەکارھێنان و بارکردنی مەبەستەکانی ئاخێوەر لەو دانە زمانییانەی بەکاری دەھێنێت لە ئاخاوتندا دەتوانێت تا بێ کۆتایی قسەبکات و ڕستەدابڕێژێت و واتا و مەبەستی نوێ بەدەستەوە بدات.
یان لە ڕێگەی لێکدان و پێکەوە بەستنی وشە بە وشە یاخود پێشگر و پاشگر و وشەکانەوە.....تد بە ھەزاران وشە و واتای نوێ بخاتەسەر خەرمانی زمانەکەی.
ئەمەش توانایی زمان دەردەخات بۆ فراوان بوون و گەشەکردن لە ڕێگەی ئەو کۆمەڵە کەرەستە دیاری کراوەی لەبەردەستدان.
ئەوەی لەم وتارەدا باسکرا دەرخەری لایەنێکی جوان و گەشاوەی زمانەکەمانە کە زیندوویی و گەشەکردن و بەرەوپێش چوونی بەردەوامی زمانەکەمان دەردەخات.
لەو چوارچێوەیەشدا کردار وەک چالاکترین و زیندوترین بەشەئاخاوتن پشتی پێ بەستراوە و باسی لێوەکراوە ئەگەر سەرنج بدەین ھەریەک لەو کردارانە خاوەنی واتایەکی بنەڕەتی خۆیانن لەگەڵ چەند واتایەکی وەرگیراو کە لەھەندێکیاندا واتاکان تا ڕادەیەک لەیەکەوە نزیکن و لە زۆربەشیاندا واتا و مەبەستەکان لێک دور و جیاوازن و ھیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە،جگەلە ھەبوونی تێکەڵاوی و گونجاوییەک لە نێوان ھەندێک لە کردارەکاندا کە دەتوانرێت بە ئاسانی لە جێی یەکتر بەکاربھێنرێن یان بە واتایەکی تر ھەندێک لە کردارەکان ھەڵگری واتای یەکترن یان شێوەی جیاجیای ھەمان واتان.
ماوەتەوە بڵێین ئەمە ھەموو ئەو کردارانەنین کە دەکەونە ئەم چوارچێوەیەوە بەڵکو چەندین کرداری تری ھاوشێوەی ئەمانە ھەیە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتر ھەیە بۆ ئەوەی ھەموو ئەو کردارانەی کە ھەڵگری زیاتر لە واتایەکن کۆبکرێنەوە و بە ڕوونکردنەوە و زانیاری پێویستەوە بخرێنەبەر دەستی خوێنەر و فێرخوازانی زمانەکەمان.
Top of Form
Top of Form



ب?اوکردن?و?