سەرنج لەسەر درووستبوونی وشەی زانکۆ
• دوكتور ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف
سی ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر کۆڕی زانیاریی کورد زاراوه‌ی "زانکۆ"ی داڕشت و بێ چه‌ند و چوون په‌سند کرا. ئه‌مڕۆ نه‌ک ته‌نیا هه‌ر سێ "جامعه"که‌ی کوردستان به "زانکۆ" ناو نراون، به‌ڵکو له‌سه‌ر زاری هه‌موانیش بووه‌ته وشه‌یێکی ئاسایی و پته‌و ڕه‌گی داکوتاوه و که‌س گله‌یی له‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه نییه، که نه‌ک شوان و گاوانان، به‌ڵکو زانایان له ڕۆنانی ئه‌و زاراوه‌یه دا کردوویانه.
له زمانی کوردی‌دا بۆ ڕۆنانی ناوی لێکدراو نزیکه‌ی پازده ڕێگه‌ی جیاواز هه‌یه، وه‌ک: (ناو+ ناو)؛ (ناو+ ناوبه‌ند+ ناو)؛ (ناو+ ئاوه‌ڵناو)؛ (ئاوه‌ڵناو+ ناو)؛ (ناو+ ڕه‌گی کردار)...
له نێو ئه‌و ڕێگایانه دا، یه‌کگرتنی (ناو و ڕه‌گی کردار) زۆر باوه، وه‌ک:
مه‌ی+ گێڕ(گێڕان) = مه‌یگێڕ
کۆڵ+ گێڕ(گێڕان) = کۆڵگێڕ
کار+ گێڕ(گێڕان) = کارگێڕ
...
دار+ تاش(تاشین) = دارتاش
سه‌ر+ تاش(تاشین) = سه‌رتاش
به‌رد+ تاش(تاشین) = به‌ردتاش
...
شه‌کر+ شکێن(شکاندن) = شه‌کرشکێن
سه‌ر+ شکێن(شکاندن) = سه‌رشکێن
سه‌فرا+ شکێن(شکاندن) = سهفراشکێن
...
ده‌ست+ بڕ(بڕین) = ده‌ستبڕ
قۆڵ+ بڕ(بڕین) = قۆڵبڕ
سه‌ر+ بڕ(بڕین) = سه‌ربڕ
... و ده‌یانی دی.
به‌ڵام ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی وشه‌ی "زانکۆ"یان پێ ڕۆناوه، واته:
ڕه‌گی کردار+ ناو
زان(زانین)+ کۆ = زانکۆ
به هیچ چه‌شنێک له زمانی کوردی‌دا نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌ی ناوبراو دژ به یاساکانی ڕۆنانی وشه‌ی لێکدراوی کوردی ساز کراوه، ئه‌وه ده‌چێته خانه‌ی هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانییه‌وه.
جا که هیچ یه‌کێک له‌و وشانه‌ی سه‌ره‌وه، واته: (مه‌یگێڕ)؛ (کۆڵگێڕ)؛ (کارگێڕ)... (دارتاش)؛ (سه‌رتاش)؛ (به‌ردتاش)... (شه‌کرشکێن)؛ (سه‌رشکێن)؛ (سهفراشکێن)... (ده‌ستبڕ)؛ (قۆڵبڕ)؛ (سه‌ربڕ)... نه‌شێ بکرێن به (گێڕمهی)؛ (گێڕکۆڵ)؛ (گێڕکار)... (تاشدار)، (تاشسهر)؛ (تاشبهرد)؛... (شکێنشهکر)؛ (شکێنسهر)؛ (شکێنسهفرا)... (بڕدهست)؛ (بڕقۆڵ)؛ (بڕسهر)... ئه‌وه ڕاست نییه "زان"ی ڕه‌کی کرداری "زانین"یش پێش ناوه‌که - "کۆ" بخرێت و ئه‌مه ده‌بێته تێکدانی ده‌ستووره ڕه‌سه‌نه ڕێک و پێکه‌کانی زمانی کوردی.
بۆ زێده ڕوونکردنه‌وه، به‌شێک له‌و وشه لێکدراوانه‌ی مۆرفێمی "زان" هاوبه‌شیی له ڕۆنانیاندا کردووه، ده‌خه‌مه به‌ر چاو و ئه‌وه‌ته له سه‌رجه‌میاندا که‌وتووه‌ته دواوه:
کار+ زان = کارزان
قسه+ زان = قسه‌زان
یاری+ زان = یاریزان
کوردی+ زان = کوردی‌زان
ڕێ+ زان = ڕێزان
زمان+ زان = زمان‌زان
درۆ+ زان = درۆزان
... هتد.
بێ گومان کورد هه‌رگیز نه‌یوتووه: "زانکار؛ زانقسه؛ زان یاری؛ زانکوردی؛ زانڕێ؛ زانزمان؛ زان درۆ...".
که‌واته له نێو ئه‌و هه‌موو وشانه دا "زانکۆ" تاکه وشه‌یه‌که له ساز و ئاوازای کوردییه‌وه دوور بێ.
تێبینی:
1- له وشه‌کانی "زانا"؛ "زانیار"؛ "زانیاری"... دا مۆرفێمی "زان" ده‌که‌وێته پێشه‌وه، ئه‌ویش چونکه ئه‌و وشانه داڕێژراون، نه‌ک لێکدراو - واته له داڕێژراو دا پاشگر به دوای ڕه‌گ دا دێت، به‌ڵام له لێکدراو دا ناو به دوای ڕه‌گ دا نایه‌ت.
2- وێڕای "ناو"، ئاوه‌ڵکردار و ئاوه‌ڵناویش له‌گه‌ڵ "زان" دا دێن، وه‌ک: زۆرزان، که‌مزان...
3- له وشه‌کانی وه‌ک: "کۆڕه‌و" و "کۆپه‌ڕ(پووشپه‌ڕ، جه‌نگه‌ی گیادروون)"... دا "کۆ" له سه‌ره‌تاوه هاتووه و ئه‌وجا ڕه‌گی کرداره‌کان. ئه‌مانه‌ش بۆیه هه‌ڵه‌یان تێدا نه‌کراوه، چونکه زانا و زمانه‌وان دایان نه‌ناوه، به‌ڵکو زاده و سه‌لیقه‌ی خۆڕسکی میلله‌ت هێناونییه به‌رهه‌م.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
● سه‌رچاوه: به‌رهه‌مه زمانه‌وانییه‌كانم (نووسین و وه‌رگێڕان)، د. ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، به‌رگی یه‌كه‌م (كتێب و نامیلكه)، سلێمانی 2002