ماڵپەڕی ڕێزمانی کوردی

ماڵپەڕى ڕێزمانی کوردی:: پەنجەرەیەک بۆ خزمەتکردنی ڕێزمانی کوردی

بەرکار و بکەرنادیار لە کرداری لێکدراوی تێپەڕدا




بەرکار و بکەرنادیار لە کرداری لێکدراوی تێپەڕدا
سەربەست قادر 



هەر زمانێک بخەینەبەر سەرنجی لێکۆڵینەوە و بە شوێن وردەکاری و دۆزینەوەی لایەنە جوان و سەرنج ڕاکێشەکانیدا بگەڕێین و بمانەوێت لە کێشە و گرفت و کەموکوڕییەکانی ئاگاداربین پێویستە سەرەتا ئاگادار و شارەزای یاساو ڕێساکانی زمانەکە و وردەکارییەکانی بین
بەو پێیەی هیچ زمانێک بێ کەموکوڕی نییە لە جیهاندا یان نەتوانراوە لەگرفت و ناتەواوی بپارێزرێت و چارەسەری هەموو کێشەکانی بکرێت بۆیە شتێکی ئاساییە کە هەر زمانێک خاوەنی چەندین کێشەبێت لە ئاستەجیاجیاکانی زمانەکەدا ئەمە بە ناتەواوی یان دواکوتوویی زمانەکە ناوزەد ناکرێت بەڵکو ئەم کێشانە پاڵنەر و هۆکارێکی گرنگن بۆ ئەوەی شارەزایان و خەمخۆرانی زمانەکە بەردەوام بن لەهەوڵ بۆ دۆزینەوە و خستنەڕووی دەیان نهێنی و لایەنی شاراوە و جوانیی زمانەکە ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا ئەو زمانە ببێتە خاوەنی خەرمانێکی پڕ لەزانیاری و وردەکاری پێویست سەبارەت بە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زمانەکەوە
لەم ڕوانگەشەوە زمانی کوردی کە یەکێکە لە زمانە زیندوو و پڕ تەکنیک و جوڵەکانی جیهان ساڵانێکە لەلایەن شارەزایان و زمانناسانەوە بەردەوام توێژینەوەی لەسەر دەکرێت و کاردەکرێت بۆ ناساندن و دۆزینەوەی زۆرترین نهێنی و لایەنی جوانی و دەست نیشانکردنی گیروگرفتەکانی لەسەرجەم ئاستەکانی (دەنگسازی و وشەسازی و ڕستەسازی و واتاسازی و ....تد.) 
ئەمەش وای کردووە لە ئێستادا خەرمانێکی باش لە توێژینەوە و پەڕتوکی زمانەوانی و ڕێزمانی سەبارەت بەم زمانە بەردەست بێت و تێیاندا زۆر بابەت و لایەنی هەستیار و گرنگی زمانەکە خراونەتەبەر باس و ناسێنراون و زانیاری پێویستیان لەسەر خراوەتەڕوو و زۆرێک لە کێشەکانیش دەست نیشانکراوە و بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارە و چارەسەردان بۆیان.
ئەوەی من لەم وتارەدا دەمەوێت لەسەری بدوێم و بەدواداچوونی بۆ بکەم ئەو ڕێگایانە و ئەو گرفتانەن کەلە جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕدا دێنەبەردەم خوێنەر و لێکۆڵەری ئەم زمانە بەتایبەت لە کرداری لێکدراودا چونکە ئەوەی تا ئێستا لەسەری نوسراوە و خراوەتەڕوو بەزۆری دەربارەی کرداری سادە و کێشەکانی پەیوەست بە کرداری سادەوەیە و زۆر بەکەمی باس لەکرداری لێکدراو کراوە.
سەبارەت بەم باسە و بۆ جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ لە ئاستی سادەدا بابەتێکم لەژمارە(۲۳۷)ی گۆڤاری ڕاماندا بڵاوکراوەتەوە بە ناو و نیشانی (جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لەتێنەپەڕ و گرفتەکانی بەردەمیان) کە تێیدا پێنج لەو ڕێگا و پێوەرانەی کە باون و زۆر پشتیان پێ دەبەسترێت بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو پۆلە کردارە خستووەتە بەرباس و بەپێی توانا کەموکوڕی هەر ڕێگەیەکیشیانم ئاماژە پێکردووە.
هەرچەندە لەو وتارەدا لایەنی بکەرنادیارم باس نەکردووە کەبە یەکێک لە پێوەر و ڕێگا گونجاوەکانی جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ دادەنرێت بۆیە لێرەدا چەندی پێم بکرێت لەسەر بابەتی بکەرنادیار بەتایبەت لە کرداری لێکدراودا ڕادەوەستم و هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو پێوەرەش دەکەم.
لە زمانی کوردیدا دوو پێوەری هەبوونی بەرکار لە ڕستەی کردار ێپەڕ و بوونی کردار یان ڕستەی کردار تێپەڕ بە بکەرنادیار لە گرنگترین و باوەڕ پێکراوترین ڕێگاو پێوەرەکانن لە جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ.
هەرچەندە لەو وتارەدا باسم لە پێوەری بەرکاری کردووە بەڵام لەبەر پێویستی و پەیوەستی بە بابەتەکەوە لێرەشدا هەندێکی تر لەسەری دەدوێم.
۱ـ پێوەری بەرکار بۆ جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ: لە زمانی کوردیدا بەرکار گرنگییەکی ڕێزمانی زۆری هەیە و بەگشتی وەک نیشانە و پێوەرێکی دانپیانراو و باوەڕپێکراو لە جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ دەژمێردرێت بەو مانایەی هەر ڕستەیەک بەرکاری وەرگرت پێویستە کردارەکەی تێپەڕبێت و بە پێچەوانەوە.
بە گشتی ئەو پێوەر و نیشانانەی لە زمانی کوردیدا بۆ جیاکردنەوەی دوو دەستە کرداری تێپەڕ لەتێنەپەڕ دانراون گشتگیرن و تێیاندا کرداری سادە لەناسادە جیانەکراوەتەوە و ئەو گۆڕاکارییانەی لە ڕستەدا ڕوودەدەن بەجۆرێک باس کراون کە بۆ هەموو جۆرە کردارێک دەگونجێن بەڵام گەر تەماشای ئەو پێوەرانە بکەین بۆ بەشێکی زۆر لە کردارە لێکدراوەکان نەگونجان تێیاندا بەدی دەکرێت و ناتوانین لە کرداری لێکدراودا جێبەجێیان بکەین.
لە زمانی کوردیدا کۆمەڵێکی زۆر کرداری لێکدراوی تێپەڕمان هەن لەبەکارهێنانیان لە ڕستەدا پێویستیان بە بەرکاری دەرەکی نییە بیهێننە ناو ڕستەکەوە یان بەجۆرێکی تر توانای ڕاکێشانی بەرکاریان نییە تا کردارەکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت بەڵکو لەبەشێک لە خۆیان شوێنی بەرکارەکەش پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی بەرکار و کردار لەناو خۆیاندا کۆدەکەنەوە و لەکاتی بەکارهێنانیان لە ڕستەدا دەبنە دوو بەش و بەشی یەکەمیان وەک بەرکار و بەشی دووەمیان وەک کردار ڕەفتار دەکەن،بەڵام ئەم دابەش بوونە کار لە لێکدراو بوونیان ناکات واتە ئەم کردارانە لەدەرەوەی ڕستەدا بە لێکدراوی دەمێننەوە و بە (لێکدراوی فەرهەنگی)ناودەبرێن.
ئەم کردارانە(کرداری لێکدراوی ناو فەرهەنگن،کاتێک دێنە ناو سینتاکسەوە لەیەکتری جیادەبنەوە و بەشی یەکەمی کردارەکە دەچێتە جێکەوتەی بەرکار و دەبێتە بەرکاری ڕستەکە.) ۱
بە پێی ئەم یاسایە ئەم جۆرە کردارانە کە ژمارەیەکی زۆریان لە زمانی کوردیدا بەرچاو دەکەوێت و هەروا بە هەوانتە ناکرێت پشتگوێ بخرێن و تەنها لەبەرئەوەی بە ڕاستەوخۆیی بەرکاری دەرەکی وەرناگرن بە تێنەپەڕ بیانژمێرین بۆیە بە پێویست زانراوە کە ڕێگایەکیان بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لە گومانی تێنەپەڕبوون دوور بخرێنەوە و ئەگەر وانەکرێت پێویستە ئەم کردارانە بخرێنە ڕیزی کردارە تێنەپەڕەکانەوە کە ئەمەش پێچەوانەی مەبەستە چونکە ئەم کردارانە لە بنەڕەتدا بە سادەیی هەموویان تێپەڕن و بەشێکی زۆریشیان لە کرداری فرە چالاکی (کرد)ی تێپەڕ دروست بوون کە بەهۆی چالاکییەوە دەتوانرێت ژمارەیەکی زۆر کرداری ناسادەی تێپەڕی لێ دروست بکرێت. 
جا ئەم کردارانە تەنها لەوەرگرتنی بەرکاردا کێشە دروست ناکەن بەڵکو لە کردنیان بە بکەرنادیاریش گرفتی دی پێش دێنن کەلە شوێنی خۆیاندا باسیان دەکەین لە نمونەی ئەو کردارانە(شەڕکرد،ڕاکرد،نوێژکرد،شوکرد،ئیش کرد،نان کرد،جووت کرد،ئاوهێنا،چالێنا،ئاوخوارد،نان خوارد،خەم خوارد،سواڵ کرد،قسەکرد،سوێندخوارد،وەسیەت کرد،بازدا،هەوڵدا،.....تد.)
لێرەدا پێویستە هەڵوەستە لەسەر شتێک بکەین بە تەماشاکردن و سەرنجدان لەبەشی یەکەمی کردارەکان بۆمان دەردەکەوێت هەموو کردارەکان بەشی یەکەمیان لەناو پێکهاتووە ئەم ناوانەش توانای جێبەجێ کردنی کردار هەیە بەسەریاندا بۆیە کاتێک لەڕستەدا بەکاردەهێنرێن و ئەرکی بەرکاریان پێ دەسپێردرێت هی ئەوەیە کە هەریەک لەم ناوانە کە دەکەونە بەشی یەکەمی کردارە لێکدراوەکانەوە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی هێزی جێبەجێ کردنی کردارەکانیان بەسەردا بسەپێنرێت،بەڵام کردارەکان لێکدراوبوونی خۆیان لەدەست نادەن وەک چۆن لە ڕستەی بکەرنادیاردا بەرکار بەناچاری دوای لابردنی بکەر و ئەو جێناوە لکاوەی پەیوەستە پێیەوە دێتە شوێنی بکەر و دەبێتە جێگری بکەر بەڵام بەرکاربوونی خۆی لەدەست نادات واتە نابێتە بکەر.
بۆیە ئەمە بە باشترین ڕێگە دانراوە بۆ خۆ ڕزگارکردن لەم گرفتە و ڕزگارکردنی ئەو کردارانەش لە بوونیان بە تێنەپەڕ چونکە کارێکی ناگونجاوە ئەو کردارە تێپەڕە چالاکانە بە لێکدراوبوونیان لە تێپەڕەوە ببنە تێنەپەڕ،بەڵگەیەکی دیکەی زۆر سادە و سەلمێنەری لێکدراوبوونی ئەم کردارانە ئەوەیەکە هەریەک لەم کردارانە زۆربە ئاسانی و سەرکەوتووانە دەکرێنە ناوی لێکدراو بەهەموو جۆرەکانییەوە کە ئەمەش هیچ گومانیک ناهێڵێتەوە تا بیر بۆ ئەوەبچێت کە ئەم کردارانە مادام لە ڕستەدا دوو ئەرک وەردەگرن کەواتە دوو بەشن و لێکدراونین و تەنها گونجان وای لێکردوون کە وەک لێکدراو دەربکەون بۆ نمونە:
نانکەر،ڕاکەر،ئیشکەر،ئاوهێن،شەڕکەر،نانخۆر،سوێندخۆر..تد.
۲ـ پێوەری بکەرنادیار بۆ جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ: 
یەکێکی تر لەو ڕێگا یان پێوەرانەی پەیڕەو دەکرێت لە جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لەتێنەپەڕ بوونی کردارە تێپەڕەکان یان ڕستە کردار تێپەڕەکانە بە بکەرنادیار واتە دەتوانین ئەو ڕستانە یان ئەو کردارانەی کە تێپەڕن بیانکەین بە بکەرنادیار ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ڕستەی ئەم جۆرە کردارانە زیاتر لە کەسێک یان شتێک بەشدارە لە دروستکردنی ڕستەکە و ئەنجامدانی کردارەکەیدا.
بۆ کردنی ڕستەی کردار تێپەڕ بە بکەرنادیار بکەری ڕستە و ئەو جێناوە لکاوەی کە پەیوەستە پێوەی لە ڕستەکەدا لادەبرێت و بەرکار دێتە جێی و وادەکات کە ڕستەکە واتاداربوونی لەدەست نەدات لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەک کەلە کردارەکەدا ڕوودەدات ئەمە پێچەوانەی کردارە تێنەپەڕەکانە چونکە ئەوان نابنە بکەرنادیار.
پێویستە ئەوە لەیاد نەکەین لەکاتی کردنی ڕستە بە بکەرنادیار کە بەرکار جێی بکەری گرتەوە نابێتە بکەر و نابێ لە شیکردنەوەدا بەبکەر هەژماربکرێت بەڵکو پێویستە بە جێگری بکەر شی بکرێتەوە لەبەر ئەم هۆیانە:
۱ـ بکەر ئەنجامدەری کردارە یان کرداری دراوەتەپاڵ جا ئەو ئەنجامدان و دانەپەڵە بە خواستی خۆی بێ یان بێ خواستی خۆی.
۲ـ بەرکار بێ توانایە لە ئەنجامدانی کرداردا واتە بەرکار وەک کەرەستەیەک کرداری لەلایەن بکەرەوە بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و خۆی هیچ هێزێکی نییە لە ئەنجامدانیدا بۆیە ناشبێتە بکەر.
۳ـ هەرکەی لە ڕستەی کردار تێپەڕدا جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم لە دەوری بکەردابوون جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی دووەم دەچنە دەوری بەرکارەوە واتە لە کۆمەڵەی جێناوەکانیشدا جیاوازن بۆیە ناکرێت ڕۆڵیان بگۆڕدرێتەوە.
٤ـ هەرچۆنێک ڕستەی کردار تێپەڕ بگۆڕین بۆ بکەرنادیار ناتوانین ڕستەکە لە هەبوونی ئاماژەی واتایی بە بکەر ڕووت بکەینەوە واتە دوای گۆڕینی ڕستەکە بۆ بکەرنادیاریش ئاماژەیەکی واتایی بۆ بکەر لە چوارچێوەی کرداردا بۆ بکەر دەمێنێتەوە.
گەر بە نمونەیەک ئەم بابەتە ڕوون بکەینەوە تێگەیشتن لێی ئاسانتر دەبێت.
ـ منداڵەکە شیرەکەی خوارد. بکەردیار
ـ‌‌‌.............. شیرەکە خورا. بکەرنادیار
وەکو لەپێشەوە ئاماژەم پێکرد لەم وتارەدا کارلەسەر کرداری ناسادە و بەتایبەت لێکدراو دەکەین ئەگەر لە شوێنێکیشدا پێویستی کرد دەگەڕێینەوە سەر کرداری سادە.
پاش ئەوەی کەباسکرا دەبێ بزانین کرداری تێپەڕ یان ڕستەی کردار تێپەڕ بەچەند ڕێگا دەکرێتە بکەرنادیار بەم شێوەیە:
۱ـ لەدەرەوەی ڕستە: واتە دەتوانین کردار بەتەنها بگۆڕین بۆ کردارێکی بکەر نادیار و ئەو گۆڕانکارییانە ڕەچاوبکەین کە پێویستە تێیدا ڕووبدات چونکە کرداری تێپەڕ لەبەر گونجانی لەدەرەوەی ڕستەش دەکرێ شێوەی بکەرنادیاری لێ دروست بکرێت بۆ نمونە:
کوشت..........کوژرا.
هەڵخست........هەڵخرا.
دەست خست........دەست خرا.
۲ـ لەناو ڕستەدا: لەم ڕێگەیەدا تەواوی گۆڕانکارییەکان ڕەچاودەکرێت و بەشێوەی ڕیزبەندی دەکرێن،نامەوێ تەواوی گۆڕانکارییەکان بەخاڵ و بەدرێژی بخەمە بەرباس چونکە لەزۆرێک لەو سەرچاوانەی باسی بکەرنادیاریان کردووە باس کراون.
ئەو کاتەی ڕستەی کردار تێپەڕ دەکرێت بە بکەرنادیار بکەری ڕستەکە لادەبرێت و بەرکار جێی دەگرێتەوە و لە کردارەکەشدا هەندێک گۆڕانکاری ڕوودەدات بەپێی گونجانی کردارەکە بۆ نمونە لەم ڕستانەدا:
ـ پیاوەکە منداڵەکەی هێنا. .........منداڵەکە هێنرا.
ـ ژنەکە ئاوەکەی ڕژاند. .............ئاوەکە ڕژێنرا.
ـ من پەڕتوکەکەم دەست خست. ....پەڕتوکەکە دەست خرا.
ئەوەی ئامانجی منە لەم باسەدا خستنەڕووی دوو خاڵە لە پێوەری بکەرنادیاری بۆ جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ لەڕووی هێزەوە بە ڕێگەی بکەرنادیار کە بەیەکێک لە پوخت ترین و گونجاوترین ڕێگاکان دادەنرێت بۆ ئەم مەبەستە،بەڵام بەڕای من ئەم ڕێگایەش بەدەرنییە لە کەموکوڕی چونکە هەندێک لە کردارە لێکدراوەکان بە ئاسانی نابن بە بکەر نادیار هەرچەندە لە ڕووی شێوەوە هیچ گرفتێکیان نییە بەڵام چەند نەگونجانێک دێنە ئاراوە کە پێچەوانەی ئەو یاسایانەن کەلە گۆڕینی ڕستەی کردار تێپەڕدا بۆ بکەرنادیار باس کراون (بەپێی کەس و ژمارەی بەرکارەکە ڕاناوێکی لکاوی ئەخرێتەسەرـ فرمانەکە وەک تێنەپەڕ خۆی ئەنوێنێ) ۲
بەپێی ئەم یاسایە کە ڕێکەوتنی گشتی لەسەرەو یاسایەکی زانستی باوەڕ پێکراوە،کاتێک بکەر لەڕستەکەدا لادەبرێت ئەو جێناوە لکاوەی کە پەیوەستە بە بکەرەکەوە لادەبرێت و بەرکار دێتە جێی بکەر و جێناوێک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ناو ڕستەکەوە کە لەگەڵیدا دەگونجێت. لەبەر ئەوەی ڕستەی کردار تێپەڕ بکەر و بەرکاری تێدایە و لە دەمکاتی ڕابوردوودا بۆ بکەر کۆمەڵەی یەکەم و بۆ بەرکار کۆمەڵەی دووەمی جێناوە لکاوەکان وەردەگرێت بەڵام بۆ دەمکاتی ڕانەبوردوو بە پێچەوانەوە بۆیە کاتێک کە بکەر لەڕستەی بکەرنادیاردا لادەبرێت بەرکارەکە جێناوێکی لکاو بەپێی کەس و ژمارە لە کۆمەڵەی دووەمی جێناوە لکاوەکان دەهێنێتە ناو ڕستەکەوە و دەچێتە کۆتایی کردارەکە بەم هۆیەوە دەوترێت کردارەکە وەک تێنەپەڕ خۆی دەنوێنێت.
بەڵام ئەم یاسایە لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کردارە لێکدراوەکاندا کارناکات و نەگونجان تێیاندا ڕوودەدات بۆ نمونە هەمان ئەو کردارانەی کەلە پێوەری بەرکاریدا گومانیان دروست دەکرد لێرەشدا جارێکی تر دەبنەوە بە کێشە وەک(ئاوهێنا،شەڕکرد،نان خوارد،قسەکرد،نان کرد،بازدا،هەوڵدا،سواڵ کرد،....تد).
هەریەک لەم کردارە لێکدراوانە و ئەوانەشی وەک ئەمان وان چ بخرێنە ڕستە و چ لەدەرەوەی ڕستەدا بن کاتێک دەکرێنە بکەر نادیار ناتوانین جێناوی لکاویان بۆ بگونجێنین.
وەک وتمان لە کردنیان بە بکەرنادیار هیچ گرفتێکمان بۆ دروست نابێت بەڵام ناتوانین هیچ کامیان لەگەڵ جێناوە لکاوەکاندا گەردان بکەین تا ئەو کاتەی کردارەکە دەگەڕێنینەوە بۆ باری سادەیی واتە بە لێکدراوی ناتوانین لەگەڵ جێناوە لکاوەکاندا بیان گونجێنین ئەمەش ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت کە بەشی یەکەمی هەریەک لەم کردارانە لەجێی کەسی سێیەمی تاکدان و ناتوانین کەسەکانی تر بخەینە شوێنیان چونکە کردارەکە لێکدراوی لەدەست دەدات.
لەلایەکی ترەوە ئەم کردارانە کاتێک لە ڕستەدا بکەرەکانیان لادەبرێت ئەوەی دەمێنێتەوە لەشێوەی کردارە لێکدراوەکەدا دەردەکەوێت نەک بەرکار و کردار چونکە ئەم جۆرە کردارانە کەلە بنەڕەتدا لێکدراون هەر خۆیان لە ڕستەدا جێی بەرکار و کرداریش پڕدەکەنەوە واتە لەم جۆرە ڕستانەدا بەرکار بە سەربەخۆیی بوونی نییە ئەوەی کە هەیە بەشی یەکەمی کردارەکەیە لەبەر گونجانی ڕستەکە ئەرکی بەرکاری دەکەوێتە ئەستۆ.
جۆرێکی تر لەم کردارە لێکدراوانە بە تایبەت ئەوانەی پێشگر بەشدارە لە دروست بوونیاندا بەر ئەم یاسایە ناکەون و چەند جیاوازییەکی تریان تێدا بەدی دەکرێت لە نمونەی ئەم کردارانە (سەرلێدا،دەست لێگرت،گوێ لێگرت،چاو لێکرد،ئیش پێکرد،دەست لێدا،دەست بۆبرد،......تد).
هەریەک لەم کردارانە لەکاتی کردنیان بە بکەرنادیار بەدوو شێوە دەردەکەون بۆ نمونە:
من سەرم لەتۆدا. ........سەر لەتۆدرا.
تۆ سەرت لێدرا.
تۆ چاوت لەمن کرد. ........چاو لەمن کرا.
من چاوم لێکرا.
ئەوەی لەو نمونانەوە دەخوێنرێتەوە لە دوو خاڵدا کورت دەکەمەوە:
۱ـ هەریەک لەو ڕستانە دوای کردنیان بە بکەر نادیار دوو شێوە دەرکەوتنیان هەیە لە دەرکەوتنی یەکەمیاندا هیچ جێناوێکی لکاو بۆ بەرکارەکە نەهاتووەتەناو ڕستەکەوە چونکە لە دەرکەوتنی یەکەمیاندا بەرکارە سەرەکییەکە وەک تەواوکەری بەیاریدە دەرکەوتووە و بەشی یەکەمی کردارەکە وەک ئەو کردارانەی لە پێشەوە باسمان کرد دەبێتە بەرکار و لەجێی کەسی سێیەمی تاکە کە جێناوە لکاوەکەی کۆمەڵەی بەتاڵە.
۲ـ لە دەرکەوتنی دووەمی ڕستەکاندا جێناوی لکاو بۆ بەرکارەکان هاتووەتە ناو ڕستەکانەوە چونکە بەرکار گەڕاوەتەوە جێی خۆی و بووە بە جێگری بکەر بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەم دەرکەوتنەشدا جێناوی بەرکاری لەکۆمەڵەی یەکەمی جێناوە لکاوەکانە کە ئەمەش پێچەوانەی ئەو یاسایە کە باس کراو دەڵێ بەرکار جێناوێکی لکاو وەردەگرێت لە کۆمەڵەی دووەم و دەچێتەسەر کردارەکە و کردارەکەش وەک تێنەپەڕ خۆی دەنوێنێت.
ئەوەی کە دەیبینین لەم کردارە لێکدراوانەدا تەنانەت ئەگەر بەرکارەکەش لاببەین و تەنها جێناوەکەی بمێنێتەوە هەر لەکۆمەڵەی یەکەم دەبێت،پاشان ئەگەر بەشی یەکەمی کردارەکەش لاببەین جێناوەکە لەکۆمەڵەی یەکەم دەمێنێتەوە و دەچێتە سەر پێشگرەکە تا ئەوکاتەی تەنها کردارە سادەکە دەمێنێتەوە ئەوکات جێناوەکە بە خۆگونجاندنێکی سەیر دەبێتەوە کۆمەڵەی دووەم و دەچێتە کۆتایی کردارەکە.
بۆ نمونە:
ـ من گوێم لەتۆ گرت. .......گوێ لەتۆ گیرا.
تۆ گوێت لێگیرا.
گوێت لێگیرا.
لێت گیرا.
گیرایت.
پاش ئەمانە دوو لادانی تر دەخەمە ڕوو بەم شێوەیە:
۱ـ کرداری (ڕوانی)ن کە کردارێکی سادەیە و بە پێوەری وشەسازی بەتێپەڕ دانراوە چونکە جێناوەکانی کۆمەڵەی یەکەم وەردەگرێت،بەڵام بەپێوەری ڕستەسازی بە تێنەپەڕ دانراوە چونکە بەرکار وەرناگرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەم کردارە بەپێوەری بکەرنادیار پێویستە بە تێپەڕ دابنرێت چونکە لە ڕستە و دەرەوەی ڕستەشدا بە ئاسانی دەکرێتە بکەرنادیار لەکاتێکدا لەڕستەدا تەواوکەری بەیاریدە وەردەگرێت نەک بەرکار:
ڕوانی........ڕوانرا.
من لەتۆم ڕوانی.......لەتۆ ڕوانرا.
بەم پێیە دوو پێوەری بەرکار و بکەرنادیار دژیەک دەوەستن چونکە لە ڕستەی کردار تێپەڕدا دوای لابردنی بکەر بەرکار شوێنی دەگرێتەوە و کردارەکەش دەکرێتە کردارێکی بکەر نادیار بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی کەپێویستە تێیدا ڕووبدات کەچی لەم کردارەدا تەواوکەری بەیاریدە لەجێی بەرکار ئامادەیە و ئەرکەکانی ئەویشی گرتووەتە ئەستۆ.
بە بڕوای من دەرکەوتنی ئەم کردارە وەک تێنەپەڕ بەوەی کە بەرکار وەرناگرێت و تەواوکەر وەردەگرێت ئەوەیە کە ئەم کردارە لەکاتی بەکارهێنانی لە ڕستەدا لە سادەوە دەبێتە داڕێژراو بەجۆرێکی تر لە (ڕوانی)نەوە دەبێتە (لێڕوانی)ن بۆیە کاتێک بەرکار دێتە ناو ڕستەکەوە دەکەوێتە نێوان پێشگر و کردارەکەوە بەمەش وەک تەواوکەری بەیاریدە دەردەکەوێت چونکە کەوتووەتە دوای ئامرازی پەیوەندییەوە. 
جگە لەم کردارە کرداری (بوو)نمان هەیە کە دوو لایەنە واتە هەم وەک تێپەڕ هەم وەک تێنەپەڕ دەردەکەوێت کەچی لەهەردوو بارەکەدا بکەرنادیاری لێ دروست ناکرێت ئەمەش پەیوەندی بە سروشتی دروست بوونی کردارەکەوە هەیە کە ئەم گۆڕانکارییەی بەسەردا نایەت.
۲ـ مۆرفێمی تێپەڕاندنی (اند) کە ئەو کردارە تێنەپەڕانە دەکات بەتێپەڕ لە باریاندایە ببنە تێپەڕ لەگەڵیشیاندا کۆمەڵێک کرداری تر دروست دەکات لە دەنگەسروشتییەکان کە بە پێچەوانەوە ئەم کردارانەیان ناکات بە تێپەڕ بەڵکو دەبنە تێنەپەڕ
ئەمانیش بە پێوەری وشەسازی تێپەڕ و بەپێوەری ڕستەسازی تێنەپەڕن کەچی ئەم کردارانەش لەگەڵ نەبوونی بەرکار تێیاندا و تێنەپەڕیشیان دەبنە بکەرنادیار بۆیە لەم کردارانەشدا هەردوو پێوەری بەرکار و بکەرنادیار دژیەک دەوەستنەوە:
قیژاند ........قیژێنرا.
ئەسپەکە حیلاندی. ......حیلێنرا.
ئەم کردارانەش بە پێچەوانەی کردارە تێپەڕە سادەکانەوە جێناوی لکاوی کۆمەڵەی دووەم وەرناگرن دوای بە بکەرنادیار بوونیان لەبەر نەگونجان.
هەرچەندە بە شوێن سەرەداوێکدا سەبارەت بەم کۆمەڵە کردارە گەڕام بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە بەداخەوە شتێکی ئەوتۆم لەسەریان دەست نەکەوت دڵخۆشکەر بێت بۆیە بەوەندە وازم لێ هێنا.
لە کۆتایدا دەمەوێ یاسایەکی گشتگیر و دوور لە زۆرترین کەموکوڕی بخەمەڕوو کە دەتوانرێت بەسەر هەموو پێوەرەکانی کە باسکران جێبەجێ بکرێت تەنانەت بەسەر ئەو کردارانەی کە دەکەونە خانەی لادان لە پێوەرەکانی تر بۆ جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ و بەم یاسایە دەکرێ پۆلێن کردنیان ئاسانتر بێت.
وەک ئاشکرایە جێناوە لکاوەکان کۆمەڵە مۆرفێمێکی خۆهەڵواسن واتە بە تەنها ئەرک و واتا بەدەستەوە نادەن بۆیە لەکاتی بەکارهێنانیاندا خۆیان بە (بەرکار و کردار و ئامرازی پەیوەندی و ....تد)دا هەڵدەواسن و لەڕێگەیانەوە ئەرک و واتای خۆیان دەبەخشن.
کەواتە لەڕستەی کردار تێپەڕدا بۆ دەمکاتی ڕابوردوو هەمیشە جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم خۆیان بە بەرکارەوە هەڵدەواسن واتە جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم چوونەسەر هەر کەرەستەیەک ئەوە بەرکارە و کردارەکەشی تێپەڕە بە پێی ئەم یاسایە:
ـ بکەر+بەرکار+جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم+کرداری ڕابوردووی تێپەڕ.
کۆمەڵێک نمونە بۆ تەواوی ئەگەرەکان دەخەمە پێش چاو:
من سێوەکەم خوارد.
تۆ منت بینی.
ئێوە دارەکانتان هێنا.
فەرهاد شەڕی کرد.
تۆ ئاوت خواردەوە.
من چاوم لەتۆ کرد.
ئەو لە تۆی ڕوانی.
......
تد.
پەراوێزەکان
۱ـ کاروان عمر قادر،ڕستەی باسمەند لە زمانی کوردیدا،چاپی یەکەم،چاپخانەی تیشک/سلێمانی،ساڵی ۲۰۰۸ز،ل٦۳.
۲ـ وریا عمر امین(پ.د)،ئاسۆیەکی تری زمانەوانی(بەرگی یەکەم)،چاپی یەکەم، چاپخانەی ئاراس/هەولێر،ساڵی ۲۰۰٤ز،ل۱۷۳.
سەرچاوەکان
۱ـ کاروان عمر قادر،ڕستەی باسمەند لەزمانی کوردیدا،چاپی یەکەم،چاپخانەی تیشک/سلێمانی،ساڵی۲۰۰۸ز.
۲ـ وریا عمر امین(پ.د)،ئاسۆیەکی تری زمانەوانی(بەرگی یەکەم)،چاپی یەکەم،،چاپخانەی ئاراس/هەولێر،ساڵی۲۰۰٤ز.
بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
ڕێزمانی کوردی(وشەسازی)،(کردار)،(د)ئەوڕەحمانی حاجی مارف.
وشەسازی زمانی کوردی،(د)ڕەفیق شوانی.
ڕستەسازی،(د)نەریمان عبدالله خۆشناو.
ڕێزمانی کوردی،نوری علی امین
ئەم بابەتە لە ژمارە ( 258) گۆڤاری ڕامان بڵاوکراوەتەوە. .

ب?اوکردن?و?

1 لێدوانەکان :

لێدوانەکان