بڕگە لەزمانی کوردیدا
پێناسەی بڕگە:
هەر بڕگەیێک بریتیە لە دوو تا چەن دەنگ یان پیت کە دوابەدوای یەک و بەبێڕاوەستان لە یەکجار هەناسەدانەوە دەدەبڕدرێت.
پێکهاتەی بڕگە لە وشە دا:
۱. هەر وشەیێک دابەش دەکرێت بە سەر یەک یان چەن بڕگەدا.
۲. هەر بڕگەیێک بریتیە لە یەک بزوێن(پیتی دەنگدار) و یەک یان چەن نەبزوێن (پیتی بێدەنگ).
۳. بزوێن لە سەرەتای وشە و بڕگەدا جێ ناگرێت.
٤. بزوێن دووهەمین پیتی بڕگەیە.
۵. لە وشە یان بڕگە دا دوو بزوێن لە لای یەک نانووسرێن.
پێکهاتە و داڕشتنی پیتی بزوێن و نەبزوێن لە بڕگە و وشەدا.
بڕگە لە زمانی کوریدا دابەش دەکرێت بە سەر ئەم حەوت پێکهاتەیەدا:
۱. نەبزوێن بزوێن ، وەکوو: نە، سێ، تۆ، با، چی، دوو
۲. نەبزوێن بزوێن نەبزوێن ، وەکوو : دەم، سێف، خۆر، دار، بووک
۳. نەبزوێن بزوێن نەبزوێن نەبزوێن ، وەکوو : کورد، مانگ، مەرگ
٤. نەبزوێن بزوێن نەبزوێن نەبزوێن نەبزوێن ، وەکوو : گەیشت، ڕۆیشت
۵- نەبزوێن نەبزوێن بزوێن، وەکوو: گوێ
٦- نەبزوێن نەبزوێن بزوێن نەبزوێن، وەکوو: شوێن
۷- نەبزوێن نەبزوێن بزوێن نەبزوێن نەبزوێن، وەکوو: سوێند
وێنەی دیاریکردنی بڕگەکان لە وشەدا.
ڕۆژهەڵات : دابەش دەکرێت بە سەر سێ بڕگەدا:
ڕۆژ : نەبزوێن ، بزوێن، نەبزوێن
هە : نەبزوێن ، بزوێن
ڵات : نەبزوێن ، بزوێن، نەبزوێن
کوردستان : دابەش دەکرێت بە سەر سێ بڕگەدا:
کور: نەبزوێن، بزوێن، نەبزوێن
دس: نەبزوێن، بزوێن (بزرۆکە)، نەبزوێن
تان: نەبزوێن، بزوێن، نەبزوێن
نیشتمانم: دابەش دەکرێت بە سەر چوار بڕگەدا:
نیش: نەبزوێن، بزوێن، نەبزوێن
ت: نەبزوێن، بزوێن (بزرۆکە)
ما: نەبزوێن، بزوێن
نم: نەبزوێن، بزوێن (بزرۆکە)، نەبزوێن