ماڵپەڕی ڕێزمانی کوردی

ماڵپەڕى ڕێزمانی کوردی:: پەنجەرەیەک بۆ خزمەتکردنی ڕێزمانی کوردی

ئه‌ركی جێناوه‌ كه‌سییه‌ لكاوه‌كان له‌ده‌وری به‌ركاردا


ئه‌ركی جێناوه‌ كه‌سییه‌ لكاوه‌كان له‌ده‌وری به‌ركاردا

ئامادەکردنی: م.هەرێم ئیبراهیم 

چه‌ند تێبینیه‌ك له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ :
1- هه‌میشه‌ له‌ جێناوی لكاو له‌ ده‌وری به‌ركاردا ئه‌بێ كاری ڕسته‌ كارێكی تێپه‌ڕ بێت (ڕانه‌بردووی تێپه‌ڕ / داخوازی تێپه‌ڕ / ڕابردووی تێپه‌ڕ)
2- هه‌میشه‌ له‌و بابه‌ته‌دا دوو جێناوی لكاو هه‌ن یه‌كیان ده‌بێته‌ بكه‌رو یه‌كیان ده‌بێته‌ به‌ركار به‌م شێوه‌یه‌:
أ- كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م (م-مان،ت-تان،ی-یان) له‌گه‌ڵ كاری ڕانه‌بردووی تێپه‌ڕدا ئه‌ركی به‌ركار ده‌بینێت و كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌م (م-ین،یت-ن،ات/ێت-ن) ئه‌ركی بكه‌ر ده‌بینێت
ب- له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م جێناوه‌ لكاوه‌كان (م-مان،ی-یان) له‌گه‌ڵ كاری داخوازی تێپه‌ڕ ئه‌ركی به‌ركار ده‌بینن و كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌م (ه - ن) ئه‌ركی بكه‌ر ده‌بینن
ج- كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م (م-مان،ت-تان،_-یان) ، (م-ین،یت-ن،*-ن) له‌گه‌ڵ كاری ڕابردووی تێپه‌ڕدا ئه‌ركی به‌ركار ده‌بینن و جێناوی لكاوی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م (م-مان،ت-تان،ی-یان) ئه‌ركی بكه‌ر ده‌بینێت.
3- بۆ جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ر دوو جێناوی لكاوی بكه‌ر و به‌ركار ، پێویسته‌ جێناوه‌ لكاوه‌كان بكرێن به‌ جێناوی كه‌سی سه‌ربه‌خۆ، تاكو ئه‌ركی جێناوه‌ كه‌سییه‌ لكاوه‌كان زیاتر ڕوون ببێته‌وه‌
باسكردنی بابه‌ت :
یه‌كه‌م : كاری ڕانه‌بردووی تێپه‌ڕ ( م - مان ، ت - تان ، ی - یان )
1. ئه‌گه‌ر كاری ڕسته‌ ڕانه‌بردووی تێپه‌ڕ بێت له‌ ساده‌دا یان داڕێژراو به‌ پاشگردا جێناوه‌ لكاوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌ ده‌وری به‌ركاردا ده‌چنه‌ دوای نیشانه‌ی ڕانه‌بردوو جا چ ڕاگه‌یاندن بێت چ دانانی چ ئه‌رێ بێت چ نه‌رێ (ده‌ / ب ، نا / نه‌)
نموونه‌ :
ده‌ م نێرێت ، نا مان نێرێته‌وه‌ 
ده‌بێت بتنێرێت ، ده‌بوو نه‌تاننێرێته‌وه‌
2. له‌ داڕێژراو به‌ پێشگرو لێكدراودا جێناوه‌ لكاوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌ ده‌وری به‌ركاردا ده‌چنه‌ دوا به‌شی یه‌كه‌می كار چ ڕاگه‌یاندن بێت چ دانانی چ ئه‌رێ بێت چ نه‌رێ
نموونه‌ : 
هه‌ڵم ده‌بژێرێت ، هه‌ڵمان نابژێرێت 
ده‌بێت هه‌ڵت ببژێرێت ، ده‌بوو هه‌ڵیان نه‌بژێرێت
بانگتان ده‌كات ، بانگی ناكات 
ده‌بوو بانگمان بكات ، ده‌بووایه‌ بانگتان نه‌كات
تێبینی : له‌ كاری ڕانه‌بردووی تێپه‌ڕدا هه‌میشه‌ جێناوی لكاوی بكه‌ر كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌مه‌ ( م - ین ، یت - ن ، (ات/ێت) ، ده‌چنه‌ دوای ڕه‌گی كاری كاره‌ ڕانه‌بردووه‌كه‌
دووه‌م : كاری داخوازی تێپه‌ڕ (م - مان ، ی - یان)
1. له‌ كاری داخوازی تێپه‌ڕدا ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ ساده‌ بێت یان داڕێژراو به‌ پاشگر، ئه‌رێ بێت یان نه‌رێ، جێناوه‌ لكاوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌ ده‌وری به‌ركار ده‌چنه‌ دوای نیشانه‌ی كاری داخوازی (ب / مه‌)
نموونه :
بمان نێره‌ ، مه‌یان نێرنه‌وه‌
2. ئه‌گه‌ر كاره‌ داخوازییه‌ تێپه‌ڕه‌كه‌ داڕێژراو بێت به‌ پێشگر یان لێكدراو بێت ئه‌رێ بێت یان نه‌رێ جێناوی لكاوی به‌ركار له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م ده‌چنه‌ دوا به‌شی یه‌كه‌می كار
نموونه‌:
هه‌ڵم ببژێره‌ ، هه‌ڵمان مه‌بژێره‌
بانگی بكه‌ن ، بانگیان مه‌كه‌ن
تێبینی 1 : جێناوه‌ كه‌سییه‌ لكاوه‌كانی ( ت - تان ) له‌گه‌ڵ كاری داخوازی تێپه‌ڕدا ناتوانن ئه‌ركی به‌ركار ببینن ، چونكه‌ له‌ كاری داخوازییه‌كه‌ وه‌ك و بكه‌ر (كه‌سی دووه‌می تاك / دووه‌می كۆ) ( ه‌ - ن) ئه‌ركی بكه‌ر ده‌بینن ، بۆیه‌ ناشێت له‌ ڕسته‌یه‌كدا كاره‌كه‌ داخوازی تێپه‌ڕ بێت ، بكه‌ر كه‌سی دووه‌می تاك و كۆ بێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌ركاریش كه‌سی دووه‌می تاك و كۆ بێت
تێبینی : له‌ كاری داخوازی تێپه‌ڕدا هه‌میشه‌ جێناوی لكاوی بكه‌ر كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌مه‌(ه‌ - ن) ، ده‌چنه‌ دوای ڕه‌گی كاری كاره‌ داخوازییه‌ تێپه‌ڕه‌كه‌
سێیه‌م : كاری ڕابردووی تێپه‌ڕ 
1- (
م - مان ، ت - تان ، * - یان )
2. (
م - ین ، یت - ن ، * - ن)
كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م : (م - مان ، ت - تان ، * - یان )
أ. له‌ گه‌ڵ كاری ڕابردوو تێپه‌ڕدا ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ ساده‌ بێت یان داڕێژراو به‌ پاشگر له‌ ڕابردووی نزیك و دووری ڕاگه‌یاندن و ڕابردووی نزیك و دوورو ته‌واوی دانانی دا له‌ باری ئه‌رێ دا جێناوه‌ كه‌سییه‌ لكاوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م (م - مان ، ت - تان ، * - یان ) له‌ ده‌وری به‌ركار ده‌چنه‌ نێوان كارو جێناوی لكاوی بكه‌ر كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مه‌ (م - مان ، ت - تان ، ی - یان )
نموونه‌:
ناردمی - ناردمانییه‌وه‌
ناردبوویانمان - ناردبوویانمانه‌وه‌
خۆزگه‌ ناردبا-م - خۆزگه‌ ناردبایانمه‌وه‌
بریا ناردبووبامت - بریا ناردبووبامانته‌وه‌
ڕه‌نگه‌ ناردبێتتم - ڕه‌نگه‌ ناردبێتتانمانه‌وه‌
- به‌ڵام له‌ به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندن دا جێناوی لكاوی به‌ركاری كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م + جێناوی لكاوی بكه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چنه‌ دوای نیشانه‌ی ڕابردووی به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندن
نموونه‌ :
ده‌می نارد - ده‌مانیان نارده‌وه‌
- له‌ ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندنیش دا جێناوی لكاوی به‌ركار + جێناوی لكاوی بكه‌ر كه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌من به‌ یه‌كه‌وه‌ نیشانه‌ی ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندن كه‌رت ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه‌ نێوانیان
نموونه‌ :
ناردوومی - ناردوومانیانه‌وه‌
ب- به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاره‌ ڕابردووه‌ تێپه‌ڕه‌ ساده‌و داڕێژراو به‌ پاشگره‌كه‌ له‌ باری نه‌رێ دا بێت ئه‌وا جێناوی لكاوی به‌ركار + جێناوی لكاوی به‌ركار به‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌من له‌ هه‌موو ڕێژه‌كانی ڕابردووی ڕاگه‌یاندن و دانانی دا ده‌چنه‌ دوای ئامرازی (نه‌) ی نه‌رێ كردن
نموونه‌:
نه‌می نارد - نه‌مانی نارده‌وه‌
نه‌تیان ناردبوو - نه‌تانیان نارده‌وه‌
نه‌-ی ده‌نارد - نه‌یانی ده‌نارده‌وه
نه‌می ناردووه‌ - نه‌مانی ناردووه‌ته‌وه‌‌
بریا نه‌می ناردبا - بریا نه‌مانی ناردبایه‌وه‌
خۆزگه‌ نه‌تی ناردبووبا - خۆزگه‌ نه‌تانی ناردبووبایه‌وه‌
ڕه‌نگه‌ نه‌-ی ناردبێت - ڕه‌نگه‌ نه‌یانی ناردبێته‌وه‌
ج- به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ داڕێژراو به‌ پێشگرو لێكدراو بێت، ئه‌وا له‌ هه‌موو ڕێژه‌كانی ڕابردووی ڕاگه‌یاندن و دانانی چ ئه‌رێ بێت چ نه‌رێ ، جێناوی لكاوی به‌ركار + جێناوی لكاوی بكه‌ر كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌من ده‌چنه‌ دوا به‌شی یه‌كه‌می كاره‌كه‌
نموونه‌ :
هه‌ڵمی بژارد - هه‌ڵمانی نه‌بژارد
بانگمی كرد - بانگمانی نه‌كرد
هه‌ڵتی بژاردبوو - هه‌ڵتانی نه‌بژاردبوو
بانگتی كردبوو - بانگتانی نه‌كردبوو
هه‌ڵ-ی ده‌بژارد - هه‌ڵیانی نه‌ده‌بژارد
بانگ - ی ده‌كرد - بانگیانی نه‌ده‌كرد
هه‌ڵمی بژاردووه‌ - هه‌ڵمانی نه‌بژاردووه‌
بانگمی كردووه‌ - بانگمانی نه‌كردووه‌
خۆزگه‌ هه‌ڵمی بژاردبا - خوزگه‌ هه‌ڵمانی نه‌بژاردبا
خۆزگه‌ بانگمی كردبا - خۆزگه‌ بانگمانی نه‌كردبا
بریا هه‌ڵتی بژاردبووبا - بریا هه‌ڵتانی نه‌بژاردبووبا
بریا بانگتی كردبووبا - بریا بانگتانی نه‌كردبووبا
ڕه‌نگه‌ هه‌ڵ-ی بژاردبێت - ڕه‌نگه‌ هه‌ڵیانی نه‌بژاردبێت
له‌وانه‌یه‌ بانگ-ی كردبێت - له‌وانه‌یه‌ بانگیانی نه‌كردبێت
كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م : (م - ین ، یت - ن ، * - ن)
1. ئه‌گه‌ر كار ڕابردووی تێپه‌ڕ بێت ساده‌ بێت یان داڕێژراو به‌ پاشگر له‌ باری ئه‌رێ دا جێناوی لكاوی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م ئه‌ركی به‌ركار ده‌بینن به‌م شێوه‌یه‌:
أ- ئه‌گه‌ر بكه‌ر كه‌سی سێیه‌می تاك و كۆ بێت ( ی - یان )
- له‌ ڕابردووی نزیك و دووری ڕاگه‌یاندن و ڕابردووی نزیك و دوورو ته‌واوی دانانی جێناوی لكاوی به‌ركار كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م (م - ین ، یت - ن ، * - ن) + جێناوی لكاوی بكه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م (ی-یان) به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چنه‌ دوای كاره‌كه‌
نموونه‌:
ناردمی - ناردینیانه‌وه‌
ناردبوویتی - ناردبوونیانه‌وه‌
خۆزگه‌ ناردبا-ی - خۆزگه‌ ناردبانیانه‌وه‌
بریا ناردبووبامی - بریا ناردبووباینیانه‌وه‌
له‌وانه‌یه‌ ناردبێتمی - له‌وانه‌یه‌ ناردبێتینیانه‌وه‌
- له‌ ڕابردووی به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندن جێناوی لكاو بكه‌ر ده‌چێته‌ دوای نیشانه‌ی ڕابردووی به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندن (ده‌) و جێناوی لكاوی به‌ركاریش ده‌كه‌وێته‌ كۆتایی كاره‌كه‌
نموونه‌ :
ده‌ی ناردم - ده‌یان ناردینه‌وه‌
- وه‌ له‌گه‌ڵ كاری ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندن دا جێناوی لكاوی به‌ركار + جێناوی لكاوی بكه‌ر به‌ یه‌كه‌وه‌ نیشانه‌ی ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندن كه‌رت ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه‌ نێوانیان
نموونه‌:
ناردوومی - ناردووینیانه‌وه‌
ب- ئه‌گه‌ر بكه‌ر كه‌سی یه‌كه‌م و دووه‌می تاك و كۆ بێت (م - مان ، ت - تان)
- له‌ ڕابردووی نزیك و دووری ڕاگه‌یاندن و ڕابردووی نزیك و دوورو ته‌واوی دانانی دا ، جێناوی لكاوی بكه‌ر + جێناوی لكاوی به‌ركاری كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م ده‌چنه‌ كۆتایی كاره‌كه‌
نموونه‌:
ناردمیت - ناردماننه‌وه‌
ناردبووتم - ناردبووتانینه‌وه‌
خۆزگه‌ ناردبام * - خۆزگه‌ ناردباماننه‌وه‌
بریا ناردبووباتم - بریا ناردبووباتانینه‌وه‌
له‌وانه‌یه‌ ناردبێتتم - له‌وانه‌یه‌ ناردبێتتانینه‌وه‌
- له‌ ڕابردووی به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندن جێناوی لكاوی بكه‌ر ده‌چێته‌ دوای نیشانه‌ی ڕابردووی به‌رده‌وام (ده‌) و جێناوی لكاوی به‌ركاریش ده‌كه‌وێته‌ دوای كاره‌ ساده‌كه‌
نموونه‌:
ده‌م ناردیت - ده‌مان ناردنه‌وه‌
- له‌ ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندنیش دا جێناوی لكاوی بكه‌ر + جێناوی لكاوی به‌ركار نیشانه‌ی ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندن كه‌رت ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه‌ نێوانیان
نموونه‌:
ناردووتم - ناردووتانینه‌وه‌
2- به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاره‌ ڕابردووه‌ تێپه‌ڕه‌ ساده‌ یان داڕێژراو به‌ پاشگره‌كه‌ له‌ باری نه‌رێ دا بێت ئه‌وا به‌م شێوه‌یه‌ جێناوی لكاوی بكه‌رو به‌ركار له‌ ده‌وری خۆیاندا (بكه‌ر/به‌ركار) ده‌رده‌كه‌ون :
أ- له‌ نزیك و دوورو به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندن و نزیك و دوورو ته‌واوی دانانی دا ، جێناوی لكاوی بكه‌ر هه‌ر كه‌سێك بێت تاك بێت یان كۆ ده‌چێته‌ دوای ئامرازی (نه‌)ی نه‌رێكردن و جێناوی لكاوی به‌ركاریش كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ كۆتایی كاره‌كه‌
نموونه‌:
نه‌م ناردیت - نه‌مان ناردنه‌وه‌
نه‌ت ناردبووم - نه‌تان ناردبووینه‌وه‌
نه‌ی ده‌نارد* - نه‌یان ده‌ناردنه‌وه‌
خۆزگه‌ نه‌م ناردبایت - خۆزگه‌ نه‌مان ناردبانه‌وه‌
خۆزگه‌ نه‌ت ناردبووبام - خۆزگه‌ نه‌تان ناردبووباینه‌وه‌
له‌وانه‌یه‌ نه‌ی ناردبێت * - له‌وانه‌یه‌ نه‌یان ناردبێتنه‌وه‌
ب - له‌ ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندن دا جێناوی لكاوی بكه‌ر هه‌ر كه‌سێك بێت تاك بێت یان كۆ ده‌چێته‌ دوای ئامرازی (نه‌) ی نه‌رێكردن و جێناوی لكاوی به‌ركاریش كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مه‌ نیشانه‌ی ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندن كه‌رت ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه‌ نێوانیان
نموونه‌:
نه‌ت ناردوومه‌ - نه‌ی ناردووینه‌وه
3- به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاری ڕسته‌ ڕابردووی تێپه‌ڕ بێت و داڕێژراو بێت به‌ پێشگر یاخود لێكدراو بێت
به‌م شێوانه جێناوه‌ لكاوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م (م - ین ، یت - ن ، * - ن) ئه‌ركی به‌ركار ده‌بینن:
أ- له‌ ڕێژه‌كانی ڕابردووی نزیك و دوورو به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندن و ڕابردووی نزیك و دوورو ته‌واوی دا‌نانى ، له بارى ئه‌رێ بێت یان له‌ باری نه‌رێ ، جێناوه‌ لكاوه‌كان بكه‌ر ده‌چنه‌ دوا به‌شی یه‌كه‌می كارو جێناوه‌ لكاوه‌كانی به‌ركار كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مه‌ ده‌چنه‌ كۆتایی كاره‌كه‌
نموونه‌ :
هه‌ڵی بژاردم - هه‌ڵیان نه‌بژاردین
بانگی كردم - بانگیان نه‌كردین
هه‌ڵم بژاردبوویت - هه‌ڵمان نه‌بژاردبوون
بانگم كردبوویت - بانگمان نه‌كردبوون
هه‌ڵت ده‌بژارد* - هه‌ڵتان نه‌ده‌بژاردن
بانگت ده‌كرد*- بانگتان نه‌ده‌كردن
خۆزگه‌ هه‌ڵی بژاردبام - خۆزگه‌ هه‌ڵیان نه‌بژاردباین
خۆزگه‌ بانگی كردبام - خۆزگه‌ بانگیان نه‌كردباین
بریا هه‌ڵم بژاردبووبایت - بریا هه‌ڵمان نه‌بژاردبووبان
بریا بانگم كردبووبایت - بریا بانگمان نه‌كردبووبان
له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵت بژاردبێت*- له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵتان نه‌بژاردبێتن
له‌وانه‌یه‌ بانگت كردبێت* - له‌وانه‌یه‌ بانگتان كردبێتن
ب- له‌ ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندنیش دا له‌ باری ئه‌رێ دا بێت یان له‌ باری نه‌رێ جێناوی لكاوی بكه‌ر ده‌كه‌وێته‌ دوا به‌شی یه‌كه‌می كارو جێناوی لكاوی به‌ركار كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مه‌ نیشانه‌ی ڕابردووی ته‌واوی ڕاگه‌یاندن كه‌رت ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه‌ نێوانیان
نموونه‌:
هه‌ڵی بژاردووم‌ - هه‌ڵیان نه‌بژاردووین
بانگم كردوویت - بانگمان نه‌كردوون
تێبینی 1 / ئه‌گه‌ر كاری ڕسته‌ رابردووی تێپه‌ڕ بێت ، ئه‌وا جێناوی لكاو بۆ كه‌سی سێیه‌می تاك (ی) له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م دا له‌ ده‌وری به‌ركار ناشێت به‌دیار بكه‌وێت و جێناوی لكاو بۆ كه‌سی سێیه‌می تاك (-) له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مدا له‌ ده‌وری به‌ركار هه‌رگیز به‌ دیار ناكه‌وێت، جا كاره‌كه‌ سه‌ر به‌ هه‌ر ڕێژه‌یه‌كی ڕابردووی ڕاگه‌یاندن و دانانی ، له‌ باری ئه‌رێ دا بێت یان له‌ باری نه‌رێ ، ساده‌ بێت یان داڕێژراو یان لێكدراو
نموونه‌ : نارد - م - نه‌-م نارد (ی)
هه‌ڵم بژارد * - هه‌ڵم نه‌بژارد * ( - )
تێبینی2 / له‌ شێوه‌زاری كرمانجی ژوورودا جێناوه‌ كه‌سییه‌ لكاوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م (م - ین ، یت - ن ، * - ن) له‌گه‌ڵ كاری ڕابردووی تێپه‌ڕدا ئه‌ركی به‌ركار ده‌بینن
نموونه‌:
كاروانی ئه‌ز دیتم (كاروان منی دیت) ـ كاروانی ئه‌م دیتین (كاروان ئێمه‌ی دیت)
كاروانی تو دیتی (یت) (كاروان تۆی دیت) - كاروانی هوین دیتن (كاروان ئێوه‌ی دیت)
كاروانی ئه‌و دیت* (كاروان ئه‌وی دیت) - كاروانی ئه‌و دیتن (كاروان ئه‌وانی دیت)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی : ئه‌و بابه‌ته‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ پرۆگرام باسكراوه‌ ، تێبینی تریشی كه‌ له‌ پرۆگرام باسنه‌كراوه‌ لێره‌دا باسم كردووه‌ ، به‌ڵام ته‌نها بۆ زانیارین ، بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ بزانین ئه‌وه‌ی له‌ پڕۆگرام باسكراوه‌ ماویه‌تی و كه‌م و كوڕی تێدایه‌، بۆیه‌ وا پێویسته‌ مامۆستا ته‌نها ئه‌وه‌ بۆ قوتابیان باس بكات كه‌ له‌ پڕۆگرامدا هه‌یه‌، چونكه‌ گه‌ر مامۆستا به‌م دوورو درێژییه‌ بابه‌ته‌كه‌ باس بكات بۆ قوتابیان دڵنیام كه‌ قوتابیان هه‌موویان لێ تێكده‌چێت، هیوادارم ئه‌م بابه‌ته‌و ئه‌م باسكردنه‌ی من جێگای سوود بینین بێت بۆ هه‌موو مامۆستایانی ئازیز.

ی،س


ب?اوکردن?و?