پێداچوونەوەیەك بە یەكەمین كتێبی قوتابخانە
عەبدولڕەحمان فەرهادی*
لەم ڕۆژانەی دوایی، دووەم چاپی وەرزی یەكەمی (خوێندنەوەی كوردی)ی پۆلی یەكەمی بنەڕەتیم كەوتە بەردەست(چاپی 2015)، كە تازە دراوه‌ته قوتابییان، لە یەكەم لاپەڕەی كتێبەكەدا ناوی دانەرانی نووسراوە و بریتین له نۆزده كەس لە مامۆستا و مامۆستایانی زانكۆ، هەر كەلاپەڕە هەڵدەدەیتەوە كتێبەكە پڕاوپڕە لە هەڵەی ڕێنووس و زمان و چاپ و گوزارشت، چەند شیعرێكی یەكجار لاوازی چەند بەناو شاعیرێكی تێدایە كە لەنێو دونیای ئەدەبی كوردیدا، كەسانی ناسراو نین و بەناوی شیعری منداڵانەوە چەندین ڕسته‌ی له‌نگ و لاواز ڕیز كراون، لەكاتێكدا شاكارە جوانەكانی شاعیرانی گەورە و ناوداری وەك: گۆران، بێكەس، زێوەر، كاكەی فەلاح، فەریدوون عەلی ئەمین، ع. ع. شەونم، لەتیف هەڵمەت و زۆر لە شاعیرە بەتواناكانی كورد لەنێو كتێبەكەدا نین، خوێنەر هەست دەكا لە ئەدەبی كوردیدا قاتوقڕیی شیعری منداڵانە، هەروەها سه‌رنج ده‌ده‌ین خزم خزمێنە و برادەرایەتی و ناسیاوی چ گۆبەندێكی گێڕاوە، بەداخەوە ئەم هەموو مامۆستا و مامۆستایانەی زانكۆ نەیانتوانیوە پڕۆگرامێكی خوێندنی كوردی بۆ منداڵانی كوردستان بە پوختی و بێ هەڵە دابڕێژن، كه هه‌مووشیان پسپۆڕی بواره‌كه‌ی خۆیانن. ئەگەرچی ئەم ڕەخنە و ڕەخنەكاری و ڕاستكردنەوە و پێداچوونەوەیە كار و پسپۆریی من نییە، بەڵام لە ڕوانگەی خەمخۆری و دڵسۆزیمەوە بۆ پەروەردە و منداڵان و بەربادیی دانانی كتێبەكەوە دەستم دایە ئەم بابه‌ته‌م و هیوادارم ببێتە پەندێك بۆ هەموو ئەوانەی نان و پیواز بە كار و بەرهەمەكانی وەزارەتی پەروەردە و فەرمانگەی پێوەندیدار بەم بوارەوه دەخۆن. ئەم كتێبە یەكەمین پڕۆگرامی قوتابییە كە ده‌درێته قوتابی كاتێ ڕوو دەكاتە قوتابخانە، بەداخەوە كتێبەكە مشتە لە ناشیرینی و خەوش و نامۆسیقیی وشە و ڕستە و هاوئاهەنگیی واتا و فێربوون بۆ قوتابی.
لە بەرگ و لاپەڕەی ناوەوە ناوی ئه‌و فەرمانگەیه نووسراوه كه كتێبەكەی بڵاوكردۆتەوە: (بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەكان). هەر لەم ناوەدا دوو هەڵە هەیە و پێویستە بەم شێوەیە بنووسرێت:(بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرام و چاپەمەنییەكان). دیسانەوە ڕوودەكەمەوە فەرمانگەی ناوبراو و پێیان دەڵێم كاتی ئه‌وه هاتووه تابلۆی سەر فەرمانگەكەتان بەو شێوەیە ڕاست بكەنەوە كە بۆم نووسیون. كتێبەكە لەلایەن ئەم لیژنە نۆزده كەسییەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوه داندراوە، بەداخەوە لە نووسینی ناوی نۆزده كەسەكەش هەڵە هەیە، بۆ نموونە لە ناوی د. ئیبراهیم قادر دا هەردوو ناوی ئیبراهیم و قادر بەیەك وشە نووسراون، كە دەبووایە بۆشایی(سپه‌یس) لەنێوان وشەكاندا هه‌بێت، هه‌روه‌ها له ناوی د. سه‌باح ڕه‌شید دا (ڕ)ی ڕه‌شید به (ر) نووسراوه و
هەروەها (ڕ)ی (عەبدولڕەحمان)یش دیسانەوه بە(ر) نووسراوە.
ناوی (عەبدوڵڵا)ش بە (عەبدولڵا) نووسراوە و (مەحمود) و (مه‌عروف) بە یەك (واو) نووسراون كە ڕاستییەكەی (مەحموود) و (مەعرووف)ن.
لە لاپەڕە (2)دا:
هه‌ڵه: سەرپەرشتی زانستی چاپ.
ڕاستكردنەوە: سەرپەرشتیی زانستیی چاپ.
هه‌ڵه: سەرپەرشتی هونەری چاپ.
ڕاستكردنه‌وه: سەرپەرشتیی هونەریی چاپ.
هه‌ڵه: نەخشەسازی ناوەڕۆك.
ڕاستكردنه‌وه: نەخشەسازیی ناوەڕۆك.
هەڵە: یوسف.
ڕاستكردنەوە: یووسف.
لە لاپەڕە (3)دا كە بریتییە لە پێشەكیی كتێبەكە:
هه‌ڵه: بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام.
ڕاستكردنەوە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرام.
هەڵە: زمانی كوردی پێ دەنووسرێت.
ڕاستكردنەوە: زمانی كوردیی پێ دەنووسرێت.
هه‌ڵه: خوێندنی كوردی پێ چاپدەكرێت.
ڕاستكردنەوە: خوێندنی كوردیی پێ چاپ دەكرێت.
. هەڵە: بێ بەش
ڕاستكردنەوە: بێبەش.
هه‌ڵه: لێكنزیك.
ڕاستكردنەوە: لێك نزیك.
. هەڵە: خوێندنی كوردیی سێ كتێب دەگرێتە خۆی
ڕاستكردنەوە: خوێندنی كوردی، سێ كتێب ده‌گرێته خۆی.
. هەڵە: خوێندنی كوردی وەرزی یەكەم
ڕاستكردنەوە: خوێندنی كوردیی وەرزی یەكەم.
. هەڵە: دووهەم
ڕاستكردنەوە: دووەم.
. هەڵە: كۆمەلێك
ڕاستكردنەوە: كۆمەڵێك.
. هەڵە: دەربڕیین
ڕاستكردنەوە: دەربڕین.
. هەڵە: كۆمەڵە مەعریفە لە
ڕاستكردنەوە: كۆمەڵە مەعریفەیە.
. هەڵە: زانیارە
ڕاستكردنەوە: زانیارییە.
. هەڵە: خوێندنی كوردییدا
ڕاستكردنەوە: خوێندنی كوردیدا.
. هەڵە: ناجوڵێت
ڕاستكردنەوە: ناجوولێت.
. هەڵە: نوسراو
ڕاستكردنەوە: نووسراو.
. پەسنددەكەن (بەیەك وشە) نووسراوە
ڕاستكردنەوە: پەسه‌ند دەكەن.
لە لاپەڕە (4)دا:
هەڵە: سەرەكیییەكان (سێ یاء).
ڕاستكردنەوە: سەرەكییەكان.
لە لاپەڕە(5)دا: لە شیعرێكی لاوازی به‌ڕێز (ئیبراهیم چاوشین سێكانی) ناوێك بەناوی (پەڕتوك)، هەڵە لە ناوونیشانی ئەم شیعرە لاوازەش و ناوەڕۆكەكەشیدا هه‌یه و لەجیاتی بنووسرێت (پەڕتووك) دوو جاران نووسراوە:(پەڕتوك)، لە یەكەم دێڕی ئه‌م بەناو شیعرەدا نووسراوە:
پەڕتوكی خۆت دەرێنە
وشەی (دەرێنە) هەڵەیە و ڕاستییەكەی (دەربێنە)یە.
لە دێڕی دووه‌مدا:
ناوی خودای لێ بێنە
پیت و وشەی بخوێنە
نازانم منداڵی شه‌ش ساڵی چ دەزانی ناوی خودا هێنان كەی و چۆن و له چ شوێنێكدایه؟ هەروەها پیت و وشەی(بخوێنە) هەڵەیە و پێویستە(بخوێنەوە) بێت، گەر بەمجۆرەش ڕاست بكرێته‌وه، ئه‌وا بەناو شیعرەكە هێنده‌ی دیكه لەنگ دەبێت.
دێڕی سێیەمی بەناو شیعرەكە یەكجار لاواز و بێ واتایە:
گەر پیت ڕیزكەی بۆ وشە
ئەوا ئاییندەت گەشە
نازانم ئایندەكەشی چ پێوەندیی بە ڕیزكردنی وشەوە هەیە؟
هەروەها دوا دێڕی بەناو شیعرەكە یەكجار لاوازە:
كە وشەت كرد بە ڕستە
ئەوا هیوا و مەبەستە.
* لە لاپەڕە (13)دا دیسانەوە شیعرێكی یەكجار لاواز بەناوی (سمۆرە) هەیە كە لەلایەن بەڕێز (ڕێزان بەكر محەمەد) ناوێكەوە نووسراوە، گەر تەماشایەكی ناوی ئەو (نۆزده) بەڕێزە بكەین كە كتێبەكەیان داناوە، ئەوا هەست دەكەین كە خاوەن دەقە لاوازەكەی (سمۆرە) نزیكی یەك لەو (نۆزده) بەڕێزەیە، ئەویش بەڕێز (سۆزان بەكر محەمەد)ە، لە ناوەكەدا هه‌ست ده‌كه‌م هەردووكیان خوشكن، ئەوەیە ئەو خزم خزمێنەو برادەری و ناسیاوییەی باسم لێوەكرد. پاشان توخوا له شیعره جوانه‌كه‌ی (سمۆره)ی مامۆستا فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین، ده‌قی جوانتر بۆ سمۆره نووسراوه؟ كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
سمۆره كلكی زه‌رده
چاوی جوان و بێگه‌رده
گوێی قوته و پشتی بۆره
وریابه، فێڵی زۆره
به‌دانی تیژ گاز ئه‌گرێ
ئه‌توانێ ئێسقان ببڕێ
ئه‌ی سمۆره‌ی داره‌وان
گوێز زۆر خۆشه بۆ زستان
هیی زل زل بشاره‌وه
بیخه كونی داره‌وه.
(بڕوانه: بارانی ڕه‌نگاوڕه‌نگ. كۆی به‌رهه‌مه‌كانی مامۆستا فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین. ساغكردنه‌وه و نووسینه‌وه و ئاماده‌كردنی: كاوه ئه‌حمه‌د میرزا و سه‌لام مسته‌فا. له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م. سلێمانی 2006).
چه‌ندین نه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك تا ئێستاش ئه‌و شیعره جوانه‌یان له‌به‌ره، كه‌چی به‌داخه‌وه له پڕۆگرامه‌كان ده‌رهێنرا و ده‌قی لاوازتری له‌شوێن داندرا.
گەلان بۆ دانانی دەقی شیعریی پڕۆگرامەكانی خوێندن، شاكاری گەورە شاعیرانیان دەخەنە نێو پڕۆگرامەكان، ئەو نۆزده بەڕێزەش هاتوون كام دەقی لاوازی شیعرە لە ده‌ره‌وه‌ی ئەدەبی كوردیدا، هەڵیان بژاردووە تا منداڵانی كوردستانی پێ گۆش بكەن.
هەڵە لە شیعری (سمۆرە)ی بەڕێز (ڕێزان بەكر محەمەد)دا:
هەڵە: سمۆرەیەك هاڕێمە.
ڕاستكردنەوە: سمۆرەیەك هاوڕێمە.
لە دێڕی دووەمی بەناو شیعرەكەدا لەنگی هەیە كە ئەمەیە:
زۆر وریا و بچوكە
خنجیلەو ئێسك سوكە
سەرنج بدەن، نیوەدێڕی سەرەوە (6) بڕگەیە، كەچی نیوەدێڕی خوارەوە (7) بڕگەیە، كە مۆسیقا و كێشی سەرلەبەری شیعرەكەی تێكداوە، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر هزر و گوێ و دیدی منداڵان هەیە، جگە لە كۆمەڵێ هەڵەی ڕێنووس، وەك (بچوك) كە دەبوایە بنووسرێت(بچووك)، هەروەها وشەی(سوك) كە ڕاستییەكەی پێویسته بنووسرێت(سووك)،
دیسانەوە وشەی (لاشە) بۆ سمۆرە بەكارهاتووە لە كاتێكدا(لاشە) زیاتر بۆ تەنی بەرجەستەی وەك پایسكل و تەنی تری بێ گیان بەكاردێت، هه‌روه‌ها ئێمه زۆرجاران وشه‌ی لاشه بۆ مردووش به‌كارده‌هێنین، بۆیە دەبووایە وشەی(جەستە) بەكار بهێنێت.
هەڵەی دیكه‌ی ڕێنووس لە دەقە لاوازه‌كه‌دا:
چاپوك هەڵەیە و (چاپووك) ڕاستە..
لە لاپەڕە (14)دا:
هەڵە: چۆن پێنووس دەگرین؟
ڕاستكردنەوە: چۆن پێنووس بە دەستەوە دەگرین، یان: چۆن پێنووس دەگرینە دەست.
لەم كتێبەدا هەست دەكەین كە قوتابی وا ڕاناهێنرێت فێری ڕستەی ڕاست و دروست بكرێت. چەندین ڕستە لە كتێبەكەدا هەن كە نەقۆڵا و نەشیاو و نامۆسیقین بۆ نموونە:
لە لاپەڕە (18)دا:
بازنەی ژێر ئەو وێنانەی دەنگی / د/ یان تێدایە ڕەنگ بكە.
ڕاستكردنەوە: بازنەی ژێر ئەم وێنانەی خوارەوە ڕەنگ بكە كە دەنگی / د/ یان تێدایە.
لە لاپەڕە (10)دا:
ئەو وشەیەی(د)ی تێدایە، بەچەماوەیەك دەور بدە.
ڕاستكردنەوە: ئەو وشەیە بە چه‌ماوه‌یه‌ك دیاری بكە كە پیتی (د)ی تێدایە.
زۆری تر لەم ده‌سته‌واژه هه‌ڵانه و ئەم ڕستە لەنگ و نه‌قۆڵایانە لە دووتوێی كتێبەكەدا هەن.
لە لاپەڕە (20)دا:
هەڵە: من قوتابخانەی خۆم خوشدەوێت.
ڕاستكردنەوە: من قوتابخانەی خۆمم خۆشدەوێت.
لە لاپەڕە (22)دا:
هەڵە: بەهاوكاری مامۆستا.
ڕاستكردنەوە: بەهاوكاریی مامۆستا.
لە لاپەڕە (39)دا:
هەڵە: زەیتون.
ڕاستكردنەوە: زەیتوون.
لە لاپەڕە (40)دا:
هەڵە: من لەسەر دیواری پۆلی خۆم نانووسم.
لەم ڕستەیەی پێشوودا، وشەی (خۆم) زیادەیە و دەبووا بنووسرێ:
من لەسەر دیواری پۆل نانووسم.
ئەگەر وابێت، قوتابی دەتوانێت لەسەر دیواری پۆلەكانی دیكه بنووسێت.
لە لاپەڕە (56)دا:
بڵێ، چۆن دۆ دروست دەكەین؟
بۆ خاتری خوا! دۆ چۆن دروست دەكرێ؟ چما دۆ كەنتۆڕ و كورسی‌و خانووە تا دروست بكرێت؟ قەت گوێتان لێ بووە بگوترێ:
دۆیەكم بۆ دروست بكە؟
یان: ماستاوێكم بۆ دروست بكە؟
ڕاستییەكەی دەبووایە بنووسرێ:
چۆن دۆ دەگیرێتەوە؟ بیڵێ.
چەند جوانە كە دەڵێین: توخوا دایەگیان دۆیەكم بۆ بگرەوە، یان دۆیه‌كم بۆ بژه‌نه، چونكه(دۆ) بە ژەنین بەرهەم دەهێنرێت نەك (دروست كردن).
لە لاپەڕە (63)دا:
هەڵە: سلیمان.
ڕاستكردنەوە: سلێمان.
لە لاپەڕە (79)دا:
هەڵە: بر ژانگ.
ڕاستكردنەوە: برژانگ.
لە لاپەڕە (83)دا:
شیعرێكی بەڕێز (حاتەم باتاسی) بڵاوبۆتەوە كە دەقێكی یەكجار لاوازە، هەروەها هەڵەشی تێدایە:
ژیریی خۆتان بنوێنن
(به‌ڵێ) بەكاربهێنن
(بەڵێ) بەكارناهێنرێت، چونكه شتێكی به‌رجه‌سته و به‌ده‌ست گیراو نییه تا به‌كاری بهێنین، بەڵكو وشه‌ی (به‌ڵێ) بۆ گوتنه نه‌ك به‌كارهێنان. هەروەها سەرلەبەری دەقەكە ئەگەر لەناو شیعری منداڵاندا دابنرێت ئەوا دڵنیام بە لاوازترینیان دەردەچێت.
لە لاپەڕە (92)دا:
هەڵە: بچوك.
ڕاستكردنەوە: بچووك.
لە لاپەڕە (98)دا:
هەڵە: من یارمەتی مرۆڤی پیر دەدەم.
ئەم ڕستەیەی پێشوو زۆر نالەبارە و ڕستەیەكی قوڕس و ناخۆش و نامۆسیقی و ناكوردانه‌یه، بەلای منداڵیشەوە نامۆیە، كه‌ی كورد گوتوویه‌تی:(مرۆڤی پیر)؟ ئێمە (پیرەمێرد) و (پیرەژن)مان هەیە، یان(پیرو پەككەوتە).
چەند جوانتر دەبوو ئەگەر بنووسرابا:
من یارمەتیی پیر و پەككەوتان دەدەم.
جگە لەوەش لەجیاتی بنووسرێت: (یارمەتیی) نووسراوە (یارمەتی).
لە لاپەڕە (106)دا:
هەڵە: پەرتوكەكانی.
ڕاستكردنەوە: پەڕتووكەكانی.
لە لاپەڕە (112)دا:
من شەو زوو دەنووم، بەیانی زوو لە خەو هەڵدەستم.
چەند جوانتر و مۆسیقیتر و كوردانەتر دەبوو گەر بنووسرابا:
من شەوان زوو دەنووم و بەیانیانیش زوو لە خەو هەڵدەستم، یان (ڕادەبم).
لە لاپەڕە (114)دا:
هەڵە: ئەم هێمایانە چین؟
ڕاستكردنەوە: ئەمانە هێمای چین؟
لە لاپەڕە (123)دا:
هەڵە: كەركوك.
ڕاستكردنەوە: كەركووك.
لە لاپەڕە (129)دا:
هه‌ڵه: حه‌ڵوا.
ڕاستكردنه‌وه: حه‌لوا.
هەڵە: نوح.
ڕاستكردنەوە: نووح.
لە لاپەڕە (136)دا:
هەڵە: خاوێنی شارەكەم.
ڕاستكردنەوە: خاوێنیی شارەكەم.
لە لاپەڕە (139)دا:
هەڵە: ئێمە شانۆ پێشكەش دەكەین.
ڕاستكردنەوە: ئێمە شانۆگەری پێشكێش دەكەین.
.(شانۆگەری) پێشكێش دەكرێت نەك (شانۆ)
لە لاپەڕە (141)دا:
هەڵە: گۆڵ.
ڕاستكردنەوە: گۆل.
هەڵە: پول.
ڕاستكردنەوە: پوول.
له لاپه‌ڕه (146)دا:
هه‌ڵه: یارمه‌تی په‌ری ده‌دات.
ڕاستكردنه‌وه: یارمه‌تیی په‌ری ده‌دات.
لە لاپەڕە (147)دا:
هەڵە: پەپولە.
ڕاستكردنەوە: پەپوولە.
لە لاپەڕە (152)دا:
هەڵە: ژوور‌و.
ڕاستكردنەوە: ژووروو.
خوا یار بێت كه كتێبی وه‌رزی دووه‌میش(به‌شی دووه‌می ئه‌م كتێبه) بڵاوكرایه‌وه و گه‌ر به‌م شێوه‌یه پڕ له هه‌ڵه و خه‌وش بێت، دیسانه‌وه پێیداده‌چینه‌وه و شه‌نوكه‌وی ده‌كه‌ین، قیڕوسیا له‌و ماندووبوونه‌ش. هیوادارین مامۆستایانی دانه‌ری كتێبه‌كه له‌مه‌ودوا هۆشیارتر كار بكه‌ن بۆ خزمه‌تكردنی منداڵانی كوردستان كه نه‌وه‌ی دواڕۆژی ئه‌م میلله‌ته داماوه‌ن. به‌داخه‌وه ناچێته ئاوه‌زه‌وه به نۆزده مامۆستا و مامۆستای زانكۆ و چه‌ندین كارگوزار و شاره‌زای بواره‌كانی ڕێنووس و هه‌ڵه‌چنی و زمان و هونه‌ركار، كتێبێكی وا په‌رپووت بهێننه به‌رهه‌م، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و فه‌رمانگه‌ی پابه‌ند به كاروباری پڕۆگرامه‌كانی خوێندنیش با چیتر وته‌ی (بیگونجێنن، با ده‌نگی لێوه نه‌یێ) نه‌كه‌ن به دروشم و په‌ند و بۆچوونیان، چونكه كه‌سانێكی دڵسۆز هه‌ن ده‌نگیان دلێره و ده‌توانن ڕه‌خنه بگرن و كاره‌كان بهێننه‌وه سه‌ر ڕێی ڕاست. با بۆ چاپی داهاتووی كتێبه‌كه سه‌رجه‌م هه‌ڵه‌كان ڕاست بكه‌نه‌وه.
هیوادارم ئه‌م بابه‌ته‌م بگاته ده‌ست به‌ڕێزان سه‌رپه‌رشتیارانی پسپۆڕی كوردیی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی و ئه‌و مامۆستا دڵسۆزانه‌ی كه له قوتابخانه‌كاندا وانه‌ی (خوێندنی كوردی) به پۆلی یه‌كه‌م ده‌ڵێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی وانه گوتنه‌وه‌دا هه‌موو هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كان ڕاست بكه‌نه‌وه، له‌ڕاستیدا زۆرم سه‌رنج و بۆچوون و ڕه‌خنه‌ی تر له‌و كتێبه هه‌بوو، به‌ڵام با جارێ ئه‌وه‌نده به‌س
بێت و كار و ماندووبوونی ئێمه‌ش جگه له دڵسۆزی و خزمه‌تی منداڵانی كوردستان چیی تر نییه.
*سه‌رۆكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد/ لقی هه‌ولێر

ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر لەڕۆژی 6-9-2015 بڵاوکراوەتەوە.