ماڵپەڕی ڕێزمانی کوردی

ماڵپەڕى ڕێزمانی کوردی:: پەنجەرەیەک بۆ خزمەتکردنی ڕێزمانی کوردی

جێگری بكه‌ر چییه‌؟

جێگری بكه‌ر چییه‌؟

جێگری بكه‌ر:- ناوێك‌ یاخود جێناوێكی سەربەخۆیە کە له‌ ڕسته‌دا ئه‌رك و شوێنی ده‌گۆڕدرێت له‌ به‌ركاره‌وه‌ بۆ جێگری بكه‌ر و‌ ده‌بێته ‌هۆی دروستبوونی (ڕسته‌ی بكه‌رنادیار).
واتە جێگری بكه‌ر به‌شی یه‌كه‌می ڕسته‌ی بکەرنادیارە و ‌له‌ ڕسته‌ی بکەردیاری تێپه‌ڕ بنیات ده‌نرێت. ئه‌گه‌ر كاری ڕسته‌كه‌ تێنه‌په‌ڕ بوو، ئه‌وا پێویسته‌ جۆری كاره‌كه‌ له‌ تێنه‌په‌ڕه‌وه‌ بگۆڕین بۆ كارێكی تێپه‌ڕ و پاشان ڕسته‌ی بکەرنادیاری لێ دروست بكه‌ین.
* چۆنێتیی دروستكردنی ڕسته‌ی بكه‌رنادیار:-
١. لابردنی بكه‌ر و ئه‌و جێناوه‌ لكاوه‌ی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بكه‌ره‌كه‌وه‌ له‌ ڕسته‌كه‌دا. بۆ نموونە:
(ئازاد خواردنه‌كه‌ی هێنا. __ خواردنه‌كه‌ هێنا)‌
٢. وه‌رگرتنی ڕه‌گی كاری ڕسته‌كه‌. پاشان ئه‌گه‌ر كاتی كاری ڕسته‌كه‌ ڕابردوو بوو ئه‌وا مۆرفێمی نادیار و كاتی ڕابردوو (را) دەخرێتە کۆتایی ڕه‌گی كاره‌كه‌، بۆ نموونه‌:
(هێنا – هێن = هێنرا --- خواردنه‌كه‌ هێنرا.). ‌
ئه‌گه‌ر كاتی كاره‌كه‌ ڕانه‌بردوو بوو ئه‌وا مۆرفێمی نادیار و كاتی ڕانه‌بردوو (رێ) ده‌خرێته‌ کۆتایی كاره‌كه‌، ‌ بۆ نموونە:
(ده‌هێنرێ --- خواردنه‌كه‌ ده‌هێنرێ.)
٣. جێگیركردنی به‌ركاره‌كه‌ له ‌جێگه‌ی بكه‌ر و پاشان زیادكردنی جێناوێكی لکاو بۆ کۆتاییی کارەکە بەپێی کەس و ژمارەی جێگری بکەرەکە. بۆنموونه‌:
(خواردنه‌كه‌ خورا. خواردنه‌كه‌ ده‌خورێت.)
٤. جێگری بکەرەکە بەپێی کەس و ژمارەی خۆی جێناوێکی لكاو له‌م جێناوه‌لكاوانه‌ (م - ین، یت - ن، 0 - ێت، ن) وه‌رده‌گرێت و ده‌یخاته‌ کۆتاییی كاره‌كه‌. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جێگری بكه‌ر له‌ وه‌رگرتنی جێناوه‌لكاوه‌كاندا تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیار بۆ خۆی دروست دەکات ئەویش بەهۆی ئەوەی کە جێناوی لکاو بۆ کەسی سێیه‌می تاک (ات) لە دەمی ڕانه‌بردوودا وەرنارگرێت.
جێناوی لکاو بۆ کەسی سێیەمی تاک لە دەمی ڕابردوودا نییە، بەڵام بۆ دەمی ڕانەبردوو (ێت)ە.
٥. جێگری بکەر (بەرکار)ەکە، كاتیك ناوێكی گشتی بوو ئه‌وا هه‌ڵگری یه‌كێك یان زیاتر له‌ نیشانه‌كانی ناسراوی و نه‌ناسراوی و تاك و کۆیە. بۆ نموونە:
(كوڕێك هێنرا. كوڕه‌كه‌ هێنرا. كوڕه‌كان هێنران.)
٦. ڕه‌گی ئه‌و كارانه‌ی كه‌ بە بزوێنی (ە) کۆتایییان هاتووه‌، له‌ كاتی زیادكردنی مۆرفێمی نادیاری و كاتدا، بزوێنه‌کەی‌ له‌ناو دەچێت، بۆ نموونە:
(كردن = كه،‌ كرا، ده‌كرێ. بردن = بە، برا، دەبرێ)
٧. ڕه‌گی ئه‌و كارانه‌ی كه‌ كۆتاییان به‌ (ر، ڕ) هاتووه‌ (د) ده‌خرێته‌ نێوان مۆرفێمی نادیار و کۆتاییی ڕەگی کارەکە، بۆ ئاسانکاری لە دەربڕیندا. بۆ نموونه:
(ناردن = نێر، نێردرا، ده‌نێردرێ. بڕین = بڕ، بڕدرا، ده‌بڕدرێ‌).
٨. ئه‌گه‌ر كرداری ڕسته‌كه‌ تێنه‌په‌ڕ بوو ئه‌وا كرداره‌كه‌ ده‌گۆڕین بۆ کارێکی تێپه‌ڕ. ئه‌ویش له ‌ڕێگه‌ی (زیادكردنی پاشگری (اندن) بۆ سه‌ر ڕه‌گی كاره‌كه، وه‌ك:
(سووتان + اندن –— سووتاندن = نه‌سرین نانه‌كه‌ی سووتاند. — نانه‌كه‌ سووتێنرا).‌ یاخود وه‌رگرتنی وشه‌ی به‌رامبه‌ری له‌ كاره‌ تێپه‌ره‌كاندا، وه‌ک:
(كه‌وتن = خستن — شێركۆ منداڵه‌كه‌ی خست. — منداڵه‌كه‌ خرا.).
لەم وتارەدا به‌كورتی باسی چۆنێتیی گۆڕینی كاری تێنه‌په‌ڕ بۆ تێپه‌ڕمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی بابەتەکە له‌ ناونیشانی وتارەکە دوور نەخەینەوە.

ب?اوکردن?و?