ئەرکەکانى زمان
نووسینى/ شهرزاد نایب محەمەد (ماستەر لە زمان)
زمان دەربڕى بیرە بەهۆى زمانەوە مرۆڤەکان لە کۆمەڵدا پەیوەندى بەیەکترەوە دەکەن ، کەواتە زمان بنەماى کۆمەڵە لە گشت سەردەم و کات و شوێنێکدا گرنگى هەیە. نە کۆمەڵ بەبێ زمان دەبێت نە زمانیش بەبێ کۆمەڵ واتە کۆمەل و زمان تەواوکەرى یەکترن، زمان کۆمەڵێک ئەرکى هەیە، کە گرنگترینیان ئەرکى کۆمەڵایەتییە. دابەشکردنى ئەرکەکانى زمانیش لە لایەن زمانەوانە ئەرکیەکانەوە بەم جۆرەیە:
ا- ئەرکەکانى ناوەوەى زمان: مەبەست لە ئەرکە ناوخۆییەکانى زمانە، کە هەریکە لە پەیوەندیەکانى ناوەوەى زمان ئەرکێکى دیاریکراوى هەیە. بۆ نمونە ئەرکى بکەر وابەستەیە بە کردارى ڕستەوە ، لە گرنگترین ئەرکەکانى ناوەوەى زمانیش (فۆنەتیکى ، فۆنۆلۆجى ، مۆرفۆلۆجى ، سینتاکس، واتایى...)ن.
ب- ئەرکە کۆمەڵایەتیەکانى زمان : بەشێوەیەکى گشتى ئەرکى کۆمەڵایەتى زمان بۆ پتەوکردنى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە بەبڕواى سۆسێر (زمان بونێکى کۆمەڵایەتى هەیە) ، بەو واتایەى زمان بەردەوام پەیوەندى نێوان تاکێک و تاکەکانى تر ى کۆمەڵ دروستدەکات واتە کۆمەڵ بەبێ زمان نابێت.
سەرەڕاى ئەم جیاکردنەوەیەى ئەرکەکانى زمان بەشێوەیەکى گشتى لەلاەیەن زمانەوانە ئەرکییەکانەوە، لێرەدا بەپێى قۆناغەکانى ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لە ئەرکەکانى زمان لە زمانى کوردیدا باس لە ئەرکەکانى زمان دەکەین:
1- قۆناغى یەکەم :
زمانەوانە دێرینەکان ،وەک :(تۆفیق وەهبى ، نورى عەلى ئەمین ،ئەورەحمانى حاجى مارف ، سەعید سدقى ، کوردستان موکریانى ) چوار ئەرکیان جیاکردوەتەوە ( هەواڵى ، پرسیارى ، داخوازى ، سەرسوڕمان) بەڵام (تۆفیق وەهبى) سەرسوڕمانى دیارینەکردووە، چونکە ڕستەى سەرسوڕمان وشەیەک ، یاخود ئامڕازێکى جیاکەرەوەى نیە ، زۆرجار بەهۆى ئاوازەى ڕستەکەوە دەزانین، کە سەرسوڕمانە .
ب- قۆناغى دووەم:
کتێبى زمانەوانى محمد معروف فتاح، کە حەوت ئەرکى دیاریکردووە ( هەواڵى ، پرسیارى ، داخوازى
،جێخۆشکردن ،وروژان ، هەست دەربڕین ، ڕاپەڕاندن).
پ- قۆناغى سێیەم :
پێى دەوترێت کردە قسەییەکان ، کە بریتیە لەوەى ئاخاوتنەکان لە ڕوکەشدا ئەرک و واتایەک و ناوەڕۆکێک بگەیەنن ، بەڵام لە دیوەکەى تردا ئەرکێکى ترى هەبێت بۆ نمونە ڕستەیەکى وەک (ئەو پەنجەرە ناکەیتەوە) لێرەدا مەبەست داخوازى یان فەرمانە نەک پرسیارکردن، کەواتە ئەرکى ڕاستەقینەى ئاخاوتن و زمان لە دەوروبەر و کاردانەوەى گوێگردایە .
لە گرنگترین ئەرکەکانى زمان، کە بەهۆیانەوە تاکەکانى کۆمەڵ پەیوەندى بەیەکترەوە دەکەن ئەمانەن:
1- زانیاری، یان هەواڵگەیاندن(ڕاگەیاندن)
لەڕێگەى ئەم ئەرکەوە قسەکەر هەواڵ و زانیارییەک بە گوێگر ڕادەگەیەنێت، کە دەشێت ئەو هەواڵە ڕاستبێت ، یاخود ناڕاست بێت.
- ئازاد لە تاقیکردنەوەکە زۆرباش بوو. - هەرزانى بازاڕى گرتوەتەوە.
2. هەست دەربڕین (سەرسوڕمان، ڕامان) بەدوجۆر دەردەبریەت:
ڕ- بەکارهێنانی وشەکانی سەڕسورمان و ڕامان ، وەکو : ئاخ ، ئۆف ، ئای ، پەکو ، تەح ، پیاح، بەه بەه..
- پەکو کە ناشیرینە! - بەه بەه لەو باڵایە!
ب - بەهۆی هێز و ئاوازەوە ، وە لە نوسینیشدا بەهۆى نیشانەى سەرسورمانەوە لە کۆتایى رستەدا. وەک: - خالق لەو جوانییە! ئۆف چەندجار پێى دەڵێم وامەکە!
3-پرسیارکردن
مەبەست لە پرسیارکردن بە دەستخستنی زانیارییە واتە بەهۆی پرسیارکردنەوە قسەکەر دەتوانێ کەلێنێک لە زانیاری خۆی بەرانبەر بە دیاردەیەک پڕبکاتەوە.
- کەى هاتن بۆ ئێرە؟ - ئەوە کێیە لەوبەرەوە وەستاوە؟
4-وروژاندن
کاتێک زمان بە ئەرکی وروژاندن بەکاردێت کە هەست و ئارەزوویەکی تایبەت لە گوێگر یا خوێنەر دروست بکات ، بە واتای ئەوەی هەستى گوێگر بوروژێنێت ، وەک:
- ئەو گوتنانەى دایکێک منداڵەکەى پێژیردەکاتەوە.
ئەو ڕستانەى مەلایەک، یان کقسەکەرێکى سیاسی خەڵکى پێدەوروژێنێت.
ئەو رستانەى کوڕێک دڵى یارەکەى پێ خۆش ئەکات.
5- فەرماندان(داخوازى)
کاتێک زمان بە ئەرکی فەرماندان هەڵدەستێت کە قسەکەر بیەوێ کارێک بە گوێگر راپەڕێنێ یان ئەنجام بدات، وەک:
فەرموو دانیشە .
بڕۆ بۆ زانکۆ.
جگەرەکێشان قەدەغەیە. یارى بە ئاگر مەکە.
6- ڕاپەڕاندن
لەو گوتنانەدا دەردەکەوێ کە خۆیان بریتین لە ڕاپەڕاندنی کارێک ، بە واتای ئەوەی لە جیاتی ئەوەی قسەکەر کارێک بە گوێگر راپەڕێنێ خۆی کارەکەش ڕادەپەڕێنێ و گوتنەکەش دەڵێ ، بۆ نموونە: مەلایەک کە ناوی منداڵێک دەنێت ، دەڵێ:
بەناوی خوا ئەوا ناومان نایت (هەژار)
7-. جێخۆشکردن
لەو ئەرکانەیە کە زۆر بڵاوە و لە هەموو زمانێکی سروشتیدا هەست بە بوونی دەکرێت ، ئەم ئەرکە دەتوانین بە ئەرکی کۆمەڵایەتی زمان ناوزەدی بکەین ، زیاتر لەو گوتنانە دەردەکەوێت ، کە ڕۆژانە بەکاری دێنین و بەسەر زمانی زۆربەمانەوەیە ، بە مەبەستی خۆبردنەپێش و جێخۆشکردن و خۆچەسپاندن لە نێو کۆمەڵی مرۆڤایەتی ، وەک ئەو گوتنانەی بۆ سڵاوکردن بەکاردێن ، وەک:
(چۆنی ، چاکی ، شەوباش ، ڕۆژباش ... ، سەعات چەندە ، ئاو و هەوا چۆنە ؟ ماندونەبى).
8- پاڕانەوە و دوعاکردن
ڕستەى دوعاکردن یەکێکى ترە لەو ئەرکانەى کە زمان ئەنجامى دەدات تێیدا کەسى یەکەم داوا دەکات لە خواى گەورە یان کەسێک کە لەڕوى پایەو دەسەڵاتەوە لە کەسى داواکار بەرزتربێت.
- خوایە بارانی ڕەحمەت ببارێنیت.
- توخوا یارمەتیم بدە ، زۆر هەژارم.
دوعاکردنیش دوو جۆرە :
1-باش(دوعاى خێر) : - یاخوا بە بەختى باش بیت.
2-خراپ (دوعاى شەڕ) : - ئەى خوا لە ناویان بەرێت.
9. پەسەندکردن
قسەکەر و خوێنەر بڕیاری ڕەهای بەدەستە ، کە هەر داوایەک یان قسەیەک پەسندبکات و ڕەزامەندی خۆی لەسەر دەرببڕێت ، کە ئەمەش لە (هەڵێنان)ەوە سەرچاوە دەگرێت ، زۆرجاریش پەسەندکردن تێکەڵ بە هەواڵگەیاندن دەکرێت ، چونکە هەردووکیان دەچنە پڕۆسەی پێوەندیکردنەوە ، وەک: بڕیارەکەی پەسەندکرد.
10. ڕەتکردنەوە
قسەکەر دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە قسە و بڕیارێک ڕەتبکاتەوە ، ئەم جۆرە دەربڕینانەش دەربڕینێکی زبرن یا هیچ نەبێت بۆ گوێگر جێگەی دڵخۆشی نین ، بۆ نموونە
کاتێک دەرچووانی زانکۆ داوای دامەزراندن دەکەن.
حکومەت داواکەی ڕەتکردەوە.
بە هیچ ڕازی نابن.
11. تۆمارکردن
تۆمارکردنی هەر ڕووداویک لە مێژوودا بەهۆی زمانەوە بووە و دواتر پەڕیوەتەوە بۆ نووسین ، چونکە بەهۆی تۆمارکردنەوە سەرچاوەی کەلتوری و مێژوویی دەپارێزرێت ، تەنانەت دووکاندارێکیش کاتێک شت و کەلوپەل بە قەرز دەداتە خەڵک ئەگەر تۆماری نەکات ئەوا بیری دە چێتەوە و زۆرجاریش تووشی گرفت دەبێتەوە...
((12-شیعریەت (ئەرکى ئەدەبى)
مەبەست لێی نووسینی شیعر نییە ، بەڵکو بەکارهێنانی زمانە بۆ داهێنان و ئەفراندن مرۆڤی زیرەک بەهۆی خوازەوە دەتوانێ یارییەکی جوان بە وشە بکات تەنانەت گێڕانەوەی نوکتە و مەتەڵیش دەچنە نێو ئەو بەکارهێنانەی زمانەوە
ئەمانەی سەرەوە گرنگترین ئەرکەکانی زمان بوون ئەگەرچی ئەرکەکانی زۆر لەوە زیادتر و وردترن و ڕاڤە و لێکۆڵینەوەی وردتر هەڵدەگرن .
بۆ نوسینى ئەم بابەتە سودمان لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
1. محمد معروف فتاح، زمانەوانى 2011.
2. دارا حمید محمد، هەندێ لایەن لە تیۆریەکانى زمان، 2013.
3. نەریمان خۆشناو، قوتابخانە زمانییەکان، 2008.
4. قەیس کاکڵ، جۆرەکانى رستەو تیۆریی کردەقسەییەکان، 1995، نامەى ماستەر.
5. عەبدوڵا حسین ڕەسول، ناکردن لە کوردیدا، 1991، نامەى ماستەر.