زمانی دایک چییە؟
گەر لەکۆمەڵگەیەکی بەکارهێنەری یەک زماندا، پێناسەکەی زمانی دایک ئەوە بێت، کە: “ئەو زمانەیە کە منداڵ لەدایکو لەناو خێزاندا فێری دەبێت”، ئەوا لەناو ئەو کۆمەڵگەیانەدا کە فرەزماننین، پێناسەکە گەلێک فراوانترو هاوکات زەحمەتتریش دەبێت. ئێستا گەر بپرسین، ئایا زمانی دایک چییە؟ دەشێت چەندین وەڵامو پێناسەی جۆراوجۆرمان دەست بکەوێت، لەوانە:
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ لەدایکەوە فێری دەبێت.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ یەکەم جار فێری دەبێت، واتە: زمانی یەکەمە.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ باش توانای بەسەریدا دەشکێتو باشتر دەتوانێت قسەی پێ بکاتو تەعبیری پێ لەخۆی بکات.
– ئەو زمانەیە کە زۆرتر بەکاردەهێنرێت.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بە ناسنامەی خۆی دەزانێت.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ خەونی پێ دەبینێت.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بیری پێ دەکاتەوە.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بە باشی دەیزانێت.
– ئەو زمانەیە کە…(خۆت پێناسەیەکی دیکەی بۆ دابنێ!)
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ یەکەم جار فێری دەبێت، واتە: زمانی یەکەمە.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ باش توانای بەسەریدا دەشکێتو باشتر دەتوانێت قسەی پێ بکاتو تەعبیری پێ لەخۆی بکات.
– ئەو زمانەیە کە زۆرتر بەکاردەهێنرێت.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بە ناسنامەی خۆی دەزانێت.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ خەونی پێ دەبینێت.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بیری پێ دەکاتەوە.
– ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بە باشی دەیزانێت.
– ئەو زمانەیە کە…(خۆت پێناسەیەکی دیکەی بۆ دابنێ!)
زمانی دایک، لەڕوی فۆرم، ناوەرۆک و بەکارهێنانەوە هەمان ئەو سیماو یاسایانەی هەیە کە بۆ “زمان” بەگشتیی داندراون. ئەوەی زمانی دایک جیادەکاتەوە، بواری لێکۆڵینەوە و کاریگەرییەکانیەتی بۆ فێربونی زمانی دوهەم، سێهەم…تاد. دیاریکردنی پێناسەیەکی کۆنکرێتیی بۆ “زمانی دایک” لەناو کۆمەڵگە یەک ئیتنیو هۆمۆگێنەکاندا (کە تاکە زمانێک بەکاردەبرێت) گەلێک ساناترە وەک لەچاو کۆمەڵگە “فرە کولتور”و “فرەزمان”ەکاندا.
لەو ڕوانگەیەوە گەر لەهەر یەکێک لەو پێاناسانە بڕوانین، دەبینین کەهەر یەکەیان لە ژێر کاریگەری بواری جیاجیادا هاتوونەتە بەرئەنجام بۆ نموونە، بەستنەوەی زمانی دایک بەڕەچەڵەکەوە (کاریگەریی سۆسیۆلۆژییانە) بەستەنەوەی بەتواناییەوە (کاریگەریی سایکۆ-لینگویستیکانە)، بەستنەوەی بەڕێژەی بەکارهێنانەوە (کاریگەریی سۆسیۆ-لینگویستیکانە)،بەستنەوەی بە ناسنامەوە (کاریگەریی ئەنترۆپلۆژیای سۆسیۆلۆژیانە)…تاد.
لەکوردستان سەرەڕای ئەوەی بەدرێژایی دەیانو سەدان ساڵ “زمانی دایک” وەک تێماو بابەتێکی نەتەوەییو سیاسییانە لە ڕووی بەکارهێنانو خوێندنەوە بە فراوانی قسەی لەسەرکراوەو وەک مافێکی سەرەتایی خەباتی بۆ کراوە، بەڵام جێی داخە، کە تا ئەم ساتە وەختە توێژینەوەی زانستیو باسوخواسی دروستی لەبارەوە نەکراوە! بەهۆی نەبونی کادری تایبەتمەند لەو بوارەدا، هەندێک لەو ئەکادیمیکە بەڕێزانەی لەبارەی زمانی دایکەوە شتێکیان وتووە، زیاتر لەڕوی قسەپێکردن، بەکارهێنانی وشەی پەتیو وابەستەگیی فەرهەنگیو پراکتیکی زمانی ڕۆژانەوە بووە. تەنانەت بابەتی گرنگی دیکەی هەمان ئەڵقەی وەک: “کوردی وەک زمانی یەکەم”، “کوردی وەک زمانی دووهەم”، “جووتزمانی”، “فرەزمانی”، “زمانی دایک وەک سەرچاوەی فێربوون”، “زمانی دایکو کاریگەریی لەسەر فێربوونی زمانی دووهەم” و زۆر بابەتی دیکە هێشتا بە وردی دەستیان بۆ نەبراون!
گەر بڕوانینە بابەتێکی وەک، “کاریگەری زمانی دایک بۆ فێربوونی زمانی دووهەم”، ئەوا دەبینین گەلێک لە زانایانی زمان ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی زمانی دایک لەو بوارەدا دەکەن . یەکێک لە هەرە دیارەکانی بواری پەروەردەناسی ڤیگۆتسکی (Lev Vygotsky 1896–1934)، کە بە وردی باس لە کاریگەرییە پۆزەتیڤەکانی زمانی دایک لە فێربوونی زمانی دووهەمدا دەکات و پێی وایە هەر توانایەک لە یەکێک لە ئاستەکانی زمان کاریگەرییەکی ڕاستەخۆ دادەنێت لەسەر بەدەستخستنی توانا لە هەمان ئاستی زمان لە فێربوونی زمانی دوهەمدا.
یەکێکی دیکەی وەک کەمینز (Cummins) لە بواری “جووتزمانی” و فێربوونی زمانی زیاتردا ئاماژە بە دیاردەی “وابەستەگیی دوولایەنەی زمانی ١ و زمانی ٢” دەکات. گرنگی زانینی “زمانی دایک” بە جۆرێکە، کە لە هەندێک وڵاتانی دونیادا مافی خوێندن بە “زمانی دایک” بۆ بێگانان فەراهەم دەکەن، نەک لەبەرئەوەی مافێکی کولتوری و مرۆڤایەتییە (وەک زۆر کەس تێیگەیشتوون)، بەڵکوو هۆکارەکەی ئەوەیە، کە دەڵێن گەر منداڵێک زمانی دایک بە باشی بزانێت، ئەوا ساناتر فێری زمانی دووهەم دەبێت، واتە وەک هۆکارێک بۆ فێربوونی زمانی سەرەکی وڵاتەکەیە و مەرامێکی پیداگوگی و زمانناسییانەی هەیە.
ئێمە گەر بڕوانینە گەلێک لە خەڵکانی خۆمان، کە ڕوو لە ولاتانی بێگانان دەکەن، بە شێوەیەکی گشتی، کێشەیەکی زۆریان لە فێربوونی زمانی بەرامبەردا بۆ دێتە پێشێ. هۆکاری هەرە سەرکیی ئەو دیاردەیەش ئەوەیە، کە لە بناغەدا تاکی ئێمە بە باشی “زمانی دایک” فێر نەکراوە. مەبەست بە تەنها ناو خێزان نییە، بەڵکوو کۆی ئەو سیستەمی زمان فێرکردنەی لە قوتابخانە و تەنانەت دامودەزگا ئەکادیمی و زانستییەکانی وەک زانکۆشدا بەکاردەهێنرێت. ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لە توانای فێربوونی زمان بە گشتی لای ئەو تاکانە دادەنێت.
جێی سەرنجیشە، کە دەبینین ئەو کەسانەی لە سفرەوە دەست بە فێربوونی زمانێکی دیکە دەکەن (بە تایبەت ئەوانەی لە ڕێی قوتابخانە و کۆرسی چڕی زمان)ەوە تێهەڵدەچنەوە زۆریان وایان لێ دێت، کە بۆ نموونە لە ڕووی گراماتیک و فۆرمی نووسینی زمانەوە لە “بە کوردی نووسین” باشتر فێر دەبن و زۆرجاریش دەچنە دۆخێکەوە، کە جارێکی دیکە زمانە بێگانەکە دەکەنەوە پێوانە و پەیڕەو و سیستمێک بۆ فێربوونەوەی زمانی یەکەمی خۆیان بە باشی کە ئەویش “زمانی دایک”ە! ئیدی تەنها ئەم دیاردەیە دەکرێت دەیان لێکۆڵینەوە و نامەی ماستەر و دکتۆرای لە بارەوە بنووسرێت.
*پەروەردەناس