چۆنیەتی ناسینەوەی هاوەڵناو لە زمانی کوردیدا
لە ڕێزمانی كوردییدا چەند ئەندازەیەك هەیە
بۆ
ناسینەوەی (هاوەڵناو )و جیاكردنەوەی لە بەشەكانی
تری ئاخاوتن:
ئەندازەی یەكەم: تەرخانكردنی هاوەڵناو:
بۆ نموونەی، دەتوانین دوو دەستەواژە بخەینە
ڕوو، وەك:
دیوار: ی: بەرز
دیوار: ی: خانوو
لە نموونەی یەكەمدا، ئامرازی خستنەسەر(ی) خراوەتە
نێوان( ناو)و (ئاوەڵناو)و لە نموونەی دووەمدا، خراوەتە نێوان( ناو)و (ناو) ێكی تر.
لە ئەم هەڵوێستەدا، دەتوانین ئامرازی (ی) لاببەین لەهەردوو نموونەكەدا، وەك:
دیوار:ی: بەرز دیوار –بەرز
دیوار:ی: خانوو دیوار- خانوو
لە نموونەیەی یەكەمدا، ئاوەڵناوی تەرخانكراو
پەیدابووە وەك(باڵا بەرز، لووت بەرز، سەربەرز، پاژنەبەرز،.......) لە نموونەی دووەمدا،
بزڕكان پەیدابووەو ناڕێزمان هاتووەتە ئاراوە، بەڵام لە نموونەیەكدا وەك( دیوار بەرز،
دیوار نزم، دیوارشین، دیوار سارد، دیوار پتەو، دیوار زبر، دیوار لووس، دیوار گڕ، دیوار
بۆش، دیوار پڕ، دیوار تەڕ، دیوار پان، دیوار باریك، دیوار ڕاست، دیوار گێڕ،.......)،
ڕێزێك لە (ئاوەڵناوی تەرخانكراو) پەیدا بووە بۆ ئەو(خانوو)ەی كە دیواری ئاوەهای هەیە.
بێ گومان، لەهەرچی یەكدا، كە ڵێڵی دەركەوت، ئەوا ئەم ئەندازەیە دەتوانێت دەستەواژەی(
ناو: ئاوەڵناو) جودا بكاتەوە لە دەستەواژەی( ناو: ناو). واتە، بەلابردنی ئامرازی(ی)
لە دەستەواژەی(ناو: ئاوڵناو) دا ڕێزمانەكە ناشێوێتو ئاوەڵناوێكی تەرخاوكراو پەیدادەبێت،
بەڵام لە ئاستی دەستەواژەی (ناو: ناو) دا ڕێزمانەكە تێك دەچێتو جۆرە میكانیزمی ئاوها
ناچەسپێت.
ئەندازەی دووەم: ئامرازی ناساندن(ەكە):
لە ڕاستیدا، ئامرازی(ەكە) بۆی هەیە بچێتە سەر
(ناو) نەك (ئاوەڵناو). هەر لەبەر ئەوە، ئەگەر دەستەواژەكە دوو(ناو)ی تێدابێت، ئەوا
دوو جار ئامرازی ناساندن(ەكە) بەكار دەهێنرێت، بەڵام
ئەگەر یەك ناوی تێدابێت، ئەوا یەك جار بەكاردەهێنرێت.
بۆ نموونە، دەستەواژەی (دیواری بەرز) یەك(ناو)ی تێدایەو هەر یەكجار دەتوانین ئامرازی
(ەكە) بار بكەین وەك:
دیوار(........ )ەكە
دیوارە( بەرز )ەكە
بە سەرنجێكی هورد، دەردەكەوێت كە ئامرازی ناساندن(ەكە)
دەگەرێتەوە بۆ (ناو)ی (دیوار)، بەڵام لە نێوبیری زمانی كوریدا خانەیەكی بۆش هەیە بۆ
(ئاوە ڵناو)، بۆ ئەوەی لەكاتی پێویست دا باربكرێت. لە نموونەی(دیواری خانوو)دا، دوو(ناو)
هەیەو دەشێت هەر (ناو)ێك بە تەنها ئامرازی (ەكە) وەربگرێت، یان هەردووكیان پێكەوە،
وەك:
دیوار(......)ەكە: ی : خانوو (.....)ەكە
هەر بۆ پرۆڤە، دەتوانین دوو( ئاوەڵناو) باربكەین
لە هەردوو(ناو)ەكە، وەك:
دیوارە(نزم)ەكە: ی: خانووە( سوور)ەكە
كەواتە ئەگەر دەستەواژەكە یەك ناوی تێدابێت
وەك(دیواری بەرز)، یەكجار ئامرازی(ەكە) دەكەوێتە كارو ئەگەر هەردوو پێكهاتەكە(ناو)
بوون، ئەوا دووجار دەكەوێتە كار. ئەم ڕاستیە ڕێزمانیە دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای (ئامرازی
"ەكە" دەچێتە سەر "ناو"و هەر "ناو"ێك بۆی هەیە یەكجار
وەریبگرێت )
ئەندازەی سێیەم: وەرچەرخانی ئامرازی(ی)بۆ ڕوخساری(
ـە).
لە ئەندازەی دووەمدا، ئامرازی (ی) وەك خۆی
دەمێنێتەوە، ئەگەر ئامرازی ناساندن(ەكە) بكەوێتە كار لە دەستەواژەی (ناو: ناو) دا،
وەك:
دیوارەكە : (ی) : خانووەكە
كەچی ، هەمان ئامراز دەگۆڕێت بە (ـە) لە دەستەواژەی
(ناو: ئاوەڵناو)دا، وەك:
(دیوار: ی : بەرز)
كە دەبێت بە:
(دیوار : ــە : بەرز)ەكە
كەواتە، ئامرازی (ی) ئەگەر بكەوێتە پێش (ئاوەڵناو)
دوو دیوی هەیە، وەك:
دیوی(ی) :بێ ئامرازی ناساندن(ەكە)
دیوای(ــە) : لەگەڵ ئامرازی ناساندن(ەكە)
بێ گومان، ئەم ئەندازەیەش دەتوانێت سەمتی
(ئاوەڵناو) جودا بكاتەوە لە سەمتی(ناو). بە واتایەكی دیكە، ئەگەر كلكی ئامرازی (ی)
لەسەر (ئاوڵناو) بێت، بەزەبری ئامرازی(ەكە) دەبێت بە (ـــە).
ئەندازەی چوارەم: ئامرازی ئاماژە: بەتەرتیبی
بەتەرتیبی لەگەڵ ئەندازەی سێیەمدا، ئامرازی
نیشانە (ئاماژە) بۆی هەیە كە ئامرازی (ی) بگۆڕێت بە (ــە)، ئەگەر لە پێش (ئاوەڵناو)ەوە
بەكارهێنرابێت، وەك:
-ئەندازەی سێیەم:
(دیوار: ە : بەرز)ەكە
-ئەندازەی چوارەم:
ئەو(دیوار: ە : بەرز)ە
-ئەندازەی چوارەم
ئەو(دیوار : ە: بەرز)ە
بەهەمان شێوە، لە دەستەواژەی ئامرازی گەیەنەردا
ئامرازی (ــە) دەردەكەوێت لە پێش (ئاوەڵناو)ەوە، وەك:
ئەو (دیوار: ە : بەرز)ەی كە ڕووخا
ئەندازەی پێنجەم: نیشانەی كۆ(ان):
نیشانەی كۆ لە زمانی كوریدا تایبەتمەندی خۆی
هەیە، چونكە ناچێتە سەر (ناو)وەك زمانانی دی بەس دەچێتە سەر(ئاوەڵناو)و تەرخانی دەكات
بۆ (ئاوەڵناوی كەسان). بە واتایەكی دی ئەگەر لە دەستەواژەیەكدا.
دوو پێكهاتە هەبوو، وەك:
-پێكهاتەی یەكەم: (ناو)ێك، یان(ئاوەڵناو)ێك
بە ڵێڵی.
-پێكهاتەی دووەم: نیشانەی كۆ(ان) بە ڕووتی.
ئەوا، پێكهاتەی یەكەم بریتیە لە(ئاوەڵناو).
لە هەڵوێستی ئاوهادا، ئەگەر لێڵی دەركەوت، دەبێت بگەڕێین بۆ ئەو میكانیزمە ڕێزمانییەی
كە ئەو(ناو)ەی گۆڕیوە بۆ (ئاوەڵناو)، وەك:
جوان : جوانان : كەسانی جوان
پیر : پیران : كەسانی پیر
پیاو : پیاوان : كەسانی پیاو
پاك : پاكان : كەسانی پاك
كرێكار : كرێكار : كەسانی كرێكار
مامۆستا : مامۆستایان : كەسانی مامۆستا
دانیشتوو : دانیشتووان : كەسانی دانیشتوو
چاولەدەر :چاولەدەران : كەسانی چاولەدەر
چاوبرسی : چاوبرسیان : كەسانی چاوبرسی
كەواتە نیشانەی(كۆ) هی سەمتی(ئاوەڵناو)ە، نەك
هی (ناو)، هەر لەبەر ئەوە گشت ئاوەڵناوەكانی زمانی كوردی دەتوانن بەڕاستەوخۆیی بە نیشانەی(ان)
ببن بەكۆ .
ئەندازەی شەشەم:
ناوی واتایی: هەر ووشەیەك كە ( ئاوەڵناو) بێت
یان توخمی ئاوەڵناوی تێدا هەبێت، ئەوا بۆی هەیە ببێت بە (ناوی واتایی) بە ئامرازی
(یی)، وەك :
جوان : جوانی : بەجوانی
پاك : پاكی : بەپاكی
مامۆستا: مامۆستایی : بە مامۆستایی
زوو : زوویی : بە زوویی
چاولەدەر: چاولەدەریی : بە چاوی لەدەری
پیر : پیری : بە پیری
دانیشتوو: دانیشتوویی : بە دانیشتوویی
وەك لەسەر نموونەكان پیشاندراوە، لە پاش ئەوەی
كە (ئاوەڵناو)ەكان ئامرازی (ی) وەردەگرن، دەتوانن ببن بە ئاوەڵگوزارەی چۆنێتی بە ئامرازی
پەیوەندی (بە).
ئەندازەی حەوتەم: كاری(بریتی لە.....) :
كاری (بوونی ئێستایی) دەتوانێت جووت ببێت لەگەڵ(ناو)و
لەگەڵ(ئاوەڵناو)، وەك:
ئەم دیوارە بەرزە(ە)
ئەم دیوارە خانوو(ە)
لە ئاستی نموونەی یەكەم دا، كە ئاوەڵناوی
(بەرز) بەكارهێنراوە ناتوانین بڵێین:
ئەم دیوارە بریتی یـ (ــە) لە بەرز(*)
بەڵام لە ئاستی نموونەی دووەمدا، كە ناوی
(خانوو) بەكارهێنراوە، دەتوانین بڵێن:
ئەم دیوارە بریتییە لە (ــە) لە خانوو.
وەك ئەندازەیەكی بەكارو كاریگەر، لە زمانی
كوردیدا دەستەواژەی (بریتی لە......) بەهیچ جۆرێك چاڵاكی نانوێنێت لە ئاستی (ئاوەڵناو)داو
، بەڵام زۆر كاریگەرە بەڕووی (ناو)دا، وەك:
-نادروست:
بریتی بوون لە (ئاوەڵناو) (*)
-دروست:
بریتی بوون لە (ناو)
كەواتە، لە هەر جێیەكدا كە(ئاوەڵناو)و (ناو)
بەڵێڵی دەركەوتن لە تەرازووی كاری (بوونی ئێستایی)دا، ئەوا دەستەواژەی (بریتی بوون
لە......... ) دەبێت بە سەنگی مەحەك بۆ دابڕینی نێوان(ناو)و (ئاوەڵناو). بۆ نموونە
وشەی(جوان) جارێك (ئاوەڵناو) و جارێكی دی ناوی كەسانە، وەك:
ئەو كچە باڵا بەرزە جوان(ــە)
لەئاستی ئەم نموونەیەدا ناتوانین بڵێن: \
ئەو كچە بەڵابەرزە بریتی یـ(ـە) لە جوان(*)
بەڵام كاتێك ئەو كچە باڵا بەرزە(ناو)ی (جوان)
بێت دەتوانین، وەك:
ئەو كچە باڵا بەرزە جوانـ (ـە)
ئەو كچە باڵا بەرزە بریتی یـ(ـە) لە جوان
یان لەئاستی وشەیەكی دووفاقدا، كە سەمتی (ناو)و
(ئاوەڵناو) پێكەوە هەڵ بگرێت ، دەتوانین هەردوو سەمتەكە لەیەكتری هاوێر بكەین، وەك:
-وەك (ئاوەڵناو):
شیلان منداڵی بووەو ئێستا دایكـ(ـە)
-وەك (ناو) :
شیلان بریتیە لە (دایك) بۆ منداڵەكەی