پانۆڕامایەك بۆ ڕێزمانی هاوەڵناو
لە ئاخاوتنی كوردیدا
د. شێركۆ بابان
د. شێركۆ بابان
بەشی یەکەم
بابەتی ئاوەڵناو بریتیە لە یەكێك لە بەشەكانی ئاخاوتنو خۆی جودا دەكاتەوە، چی لە سەمتی(ناو)و چی لە بەشەكانی تری ئاخاوتن. بێگومان بابەتی (ئاوەڵناو) هێندە گرنگ نیە وەك بابەتی (ناو)و بابەتی (كار)، بەڵام هەر گرنگی خۆی هەیە، چونكە پەرێزی خۆی هەیە لە ڕێزماندا، چی لەڕووی وشەسازییەوەو چی لەڕووی واتاسازییەوەو چی وەك تەواوكەری (ناو) لە ڕستەسازیدا. ئەمەو لە ئاستی ڕێزمانی(ئاوەڵناو)دا ئاڵۆزییەكی یەكجار زۆر هەیەو لە هەندێك جێدا، ناتوانرێت بە ئاسانی بناسرێتەوە، چونكە لەگەڵ بەشە ئاخاوتنەكانی تردا تێكەڵ دەبێت. لە ئەم نووسینەدا نزیكەی (10) دە ئەندازە بەكارهێنراوو كراون بەسەنگی مەحەك بۆ ناسینەوەی مژاری(ئاوەڵناو)و پاوانكردنی لە ڕووبەری بەشە ئاخاوتنی خۆیدا. لە ئەم ڕووەوە، گەزافی ئەو دە ئەندازەیە بەكارهێنراوە، چی بۆ جوداكردنەوەی (ناو)و (ئاوەڵناو)و چی بۆ دۆزینەوەی توخمی(ئاوەڵناو) لە هەندێك وشەی تەمومژداردا. لەلایەكی ترەوە، ئێمە ویستوومانە سەمتی (ئاوەڵناو) سەنگینترو رەنگینتر بكەین بەڕێزمانە ڕەسەنەكەی خۆیو لە تەرازووی ڕێزمانی كوریدا ماكو مۆركی دەربخەین، واتە تێ بكۆشینو نەهێڵێن چەمكی (ئاوەڵناو) بێ شكۆ بێتو بە بەشە ئاخاوتنێكی لاوەكی دابنرێت، وەك هەندێك لە مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی، بە بڕشتی ڕێزمانی ئینگلیزی ئەسپی خۆیان تاوداوە لە ڕێزمانی (ئاوەڵناو)دا. بێ گومان، دەبێت زمانی كوردی بزانین بە (ڕێزمان) نەك بەزمانی شیری، ئەوسا ڕێزمانی (ئاوەڵناو) بەراوردبكەین بە زمانانی تر. لە كۆپلەی (چەند ڕاستیەك لە ڕێزمانی ئاوەڵناودا)، چەند دیاردەیەك خراونەتە ڕوو، كە زۆر بە دەگمەن هەستیان پێكراوە لە ڕێزمانی كوردیدا. لە ڕاستیدا، ئەو دیاردانە بریتین لە زەمینەی ڕێزمانی ئاوەڵناو و ئەوانەی كە دەیانەوێت لەسەر (ئاوەڵناو) بنووسن، دەبێت لە یەكەم هەنگاودا ئەو مۆركانەیان هەرس بكەن بەڕێزمان، ئەوسا هەنگاو بكەنەوە لە ڕێزمانی ئاوەڵناوی كوردیدا. بەواتایەكی تر، زۆر ناڕێكەو زۆر ناسازە كە بەڕێزمانی زمانێكی تر بیربكەینەوەو ڕێزمانی زمانی كوردی بنووسینەوە، بەتایبەتی لە ئەو ئاستەدا كە گومان بخەینە سەر( بەشە ئاخاوتن)ێكی گرنگ، وەك (ئاوەڵناو). لە ئەم ڕووە وە، نووسینەكانی ئەو مامۆستایانە زۆر بابەتی خستووەتە ڕوو، بەڵام لە ئەو گۆشە نیگایەوە گومان بخرێتە سەر بەشە ئاخاوتنی (ئاوەڵناو)، نەختێك پەلە كردنو نەختێك زێدەڕۆیی دەركەوتووە، بە واتایەكی تر، دەبا جۆرە بابەتی ئاوها گرنگو ناسك لەكاتێكدا بهەژێنرابا، كە ڕێزمانی ئاوەڵناو چێوەرێژباو لە خودی ڕێزمانی ئاخاوتنی كوردییەوە خزمەت كرابا. بە داخەوە، لە زۆر بابەتی ڕێزمانیدا، بڕشتی ڕێزمانی زمانانی تر پێشی بڕشتی ڕێزمانی كوردی كەوتووەو ڕێزمانی كوردی بە جێماوە لە نووسینەوەی بابەتەكەدا.
2-ناسینەوەی ئاوەڵناو:
لە ڕێزمانی كوردییدا چەند ئەندازەیەك هەیە بۆ
ناسینەوەی (ئاوەڵناو)و جیاكردنەوەی لە بەشەكانی تری ئاخاوتن، وەك:
ئەندازەی یەكەم: تەرخانكردنی ئاوەڵناو:
بۆ نموونەی، دەتوانین دوو دەستەواژە بخەینە ڕوو، وەك:
دیوار: ی: بەرز
دیوار: ی: خانوو
لە نموونەی یەكەمدا، ئامرازی خستنەسەر(ی) خراوەتە نێوان( ناو)و (ئاوەڵناو)و لە نموونەی دووەمدا، خراوەتە نێوان( ناو)و (ناو) ێكی تر. لە ئەم هەڵوێستەدا، دەتوانین ئامرازی (ی) لاببەین لەهەردوو نموونەكەدا، وەك:
دیوار –بەرز¬دیوار:ی: بەرز
دیوار- خانوو¬دیوار:ی: خانوو
لە نموونەیەی یەكەمدا، ئاوەڵناوی تەرخانكراو پەیدابووە وەك(باڵا بەرز، لووت بەرز، سەربەرز، پاژنەبەرز،.......) لە نموونەی دووەمدا، بزڕكان پەیدابووەو ناڕێزمان هاتووەتە ئاراوە، بەڵام لە نموونەیەكدا وەك( دیوار بەرز، دیوار نزم، دیوارشین، دیوار سارد، دیوار پتەو، دیوار زبر، دیوار لووس، دیوار گڕ، دیوار بۆش، دیوار پڕ، دیوار تەڕ، دیوار پان، دیوار باریك، دیوار ڕاست، دیوار گێڕ،.......)، ڕێزێك لە (ئاوەڵناوی تەرخانكراو) پەیدا بووە بۆ ئەو(خانوو)ەی كە دیواری ئاوەهای هەیە. بێ گومان، لەهەرچی یەكدا، كە ڵێڵی دەركەوت، ئەوا ئەم ئەندازەیە دەتوانێت دەستەواژەی( ناو: ئاوەڵناو) جودا بكاتەوە لە دەستەواژەی( ناو: ناو). واتە، بەلابردنی ئامرازی(ی) لە دەستەواژەی(ناو: ئاوڵناو) دا ڕێزمانەكە ناشێوێتو ئاوەڵناوێكی تەرخاوكراو پەیدادەبێت، بەڵام لە ئاستی دەستەواژەی (ناو: ناو) دا ڕێزمانەكە تێك دەچێتو جۆرە میكانیزمی ئاوها ناچەسپێت.
ئەندازەی دووەم: ئامرازی ناساندن(ەكە):
لە ڕاستیدا، ئامرازی(ەكە) بۆی هەیە بچێتە سەر (ناو) نەك (ئاوەڵناو). هەر لەبەر ئەوە، ئەگەر دەستەواژەكە دوو(ناو)ی تێدابێت، ئەوا دوو جار ئامرازی ناساندن(ەكە) بەكار دەهێنرێت، بەڵام ئەگەر یەك ناوی تێدابێت، ئەوا یەك جار بەكاردەهێنرێت. بۆ نموونە، دەستەواژەی (دیواری بەرز) یەك(ناو)ی تێدایەو هەر یەكجار دەتوانین ئامرازی (ەكە) بار بكەین وەك:
دیوار(........ )ەكە
دیوارە( بەرز )ەكە
بە سەرنجێكی هورد، دەردەكەوێت كە ئامرازی ناساندن(ەكە) دەگەرێتەوە بۆ (ناو)ی (دیوار)، بەڵام لە نێوبیری زمانی كوریدا خانەیەكی بۆش هەیە بۆ (ئاوە ڵناو)، بۆ ئەوەی لەكاتی پێویست دا باربكرێت. لە نموونەی(دیواری خانوو)دا، دوو(ناو) هەیەو دەشێت هەر (ناو)ێك بە تەنها ئامرازی (ەكە) وەربگرێت، یان هەردووكیان پێكەوە، وەك:
دیوار(......)ەكە: ی : خانوو (.....)ەكە
هەر بۆ پرۆڤە، دەتوانین دوو( ئاوەڵناو) باربكەین لە هەردوو(ناو)ەكە، وەك:
دیوارە(نزم)ەكە: ی: خانووە( سوور)ەكە
كەواتە ئەگەر دەستەواژەكە یەك ناوی تێدابێت وەك(دیواری بەرز)، یەكجار ئامرازی(ەكە) دەكەوێتە كارو ئەگەر هەردوو پێكهاتەكە(ناو) بوون، ئەوا دووجار دەكەوێتە كار. ئەم ڕاستیە ڕێزمانیە دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای (ئامرازی "ەكە" دەچێتە سەر "ناو"و هەر "ناو"ێك بۆی هەیە یەكجار وەریبگرێت )
ئەندازەی سێیەم: وەرچەرخانی ئامرازی(ی)بۆ ڕوخساری( ـە).
لە ئەندازەی دووەمدا، ئامرازی (ی) وەك خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر ئامرازی ناساندن(ەكە) بكەوێتە كار لە دەستەواژەی (ناو: ناو) دا، وەك:
دیوارەكە : (ی) : خانووەكە
كەچی ، هەمان ئامراز دەگۆڕێت بە (ـە) لە دەستەواژەی (ناو: ئاوەڵناو)دا، وەك:
(دیوار: ی : بەرز)
كە دەبێت بە:
(دیوار : ــە : بەرز)ەكە
كەواتە، ئامرازی (ی) ئەگەر بكەوێتە پێش (ئاوەڵناو) دوو دیوی هەیە، وەك:
دیوی(ی) :بێ ئامرازی ناساندن(ەكە)
دیوای(ــە) : لەگەڵ ئامرازی ناساندن(ەكە)
بێ گومان، ئەم ئەندازەیەش دەتوانێت سەمتی (ئاوەڵناو) جودا بكاتەوە لە سەمتی(ناو). بە واتایەكی دیكە، ئەگەر كلكی ئامرازی (ی) لەسەر (ئاوڵناو) بێت، بەزەبری ئامرازی(ەكە) دەبێت بە (ـــە).
ئەندازەی چوارەم: ئامرازی ئاماژە: بەتەرتیبی
بەتەرتیبی لەگەڵ ئەندازەی سێیەمدا، ئامرازی نیشانە (ئاماژە) بۆی هەیە كە ئامرازی (ی) بگۆڕێت بە (ــە)، ئەگەر لە پێش (ئاوەڵناو)ەوە بەكارهێنرابێت، وەك:
-ئەندازەی سێیەم:
(دیوار: ە : بەرز)ەكە
-ئەندازەی چوارەم:
ئەو(دیوار: ە : بەرز)ە
-ئەندازەی چوارەم
ئەو(دیوار : ە: بەرز)ە
بەهەمان شێوە، لە دەستەواژەی ئامرازی گەیەنەردا ئامرازی (ــە) دەردەكەوێت لە پێش (ئاوەڵناو)ەوە، وەك:
ئەو (دیوار: ە : بەرز)ەی كە ڕووخا
ئەندازەی پێنجەم: نیشانەی كۆ(ان):
نیشانەی كۆ لە زمانی كوریدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە ناچێتە سەر (ناو)وەك زمانانی دی بەس دەچێتە سەر(ئاوەڵناو)و تەرخانی دەكات بۆ (ئاوەڵناوی كەسان). بە واتایەكی دی ئەگەر لە دەستەواژەیەكدا.
دوو پێكهاتە هەبوو، وەك:
-پێكهاتەی یەكەم: (ناو)ێك، یان(ئاوەڵناو)ێك بە ڵێڵی.
-پێكهاتەی دووەم: نیشانەی كۆ(ان) بە ڕووتی.
ئەوا، پێكهاتەی یەكەم بریتیە لە(ئاوەڵناو). لە هەڵوێستی ئاوهادا، ئەگەر لێڵی دەركەوت، دەبێت بگەڕێین بۆ ئەو میكانیزمە ڕێزمانییەی كە ئەو(ناو)ەی گۆڕیوە بۆ (ئاوەڵناو)، وەك:
جوان : جوانان : كەسانی جوان
پیر : پیران : كەسانی پیر
پیاو : پیاوان : كەسانی پیاو
پاك : پاكان : كەسانی پاك
كرێكار : كرێكار : كەسانی كرێكار
مامۆستا : مامۆستایان : كەسانی مامۆستا
دانیشتوو : دانیشتووان : كەسانی دانیشتوو
چاولەدەر :چاولەدەران : كەسانی چاولەدەر
چاوبرسی : چاوبرسیان : كەسانی چاوبرسی
كەواتە نیشانەی(كۆ) هی سەمتی(ئاوەڵناو)ە، نەك هی (ناو)، هەر لەبەر ئەوە گشت ئاوەڵناوەكانی زمانی كوردی دەتوانن بەڕاستەوخۆیی بە نیشانەی(ان) ببن بەكۆ .
ئەندازەی شەشەم:
ناوی واتایی: هەر ووشەیەك كە ( ئاوەڵناو) بێت یان توخمی ئاوەڵناوی تێدا هەبێت، ئەوا بۆی هەیە ببێت بە (ناوی واتایی) بە ئامرازی (یی)، وەك :
جوان : جوانی : بەجوانی
پاك : پاكی : بەپاكی
مامۆستا: مامۆستایی : بە مامۆستایی
زوو : زوویی : بە زوویی
چاولەدەر: چاولەدەریی : بە چاوی لەدەری
پیر : پیری : بە پیری
دانیشتوو: دانیشتوویی : بە دانیشتوویی
وەك لەسەر نموونەكان پیشاندراوە، لە پاش ئەوەی كە (ئاوەڵناو)ەكان ئامرازی (ی) وەردەگرن، دەتوانن ببن بە ئاوەڵگوزارەی چۆنێتی بە ئامرازی پەیوەندی (بە).
ئەندازەی حەوتەم: كاری(بریتی لە.....) :
كاری (بوونی ئێستایی) دەتوانێت جووت ببێت لەگەڵ(ناو)و لەگەڵ(ئاوەڵناو)، وەك:
ئەم دیوارە بەرزە(ە)
ئەم دیوارە خانوو(ە)
لە ئاستی نموونەی یەكەم دا، كە ئاوەڵناوی (بەرز) بەكارهێنراوە ناتوانین بڵێین:
ئەم دیوارە بریتی یـ (ــە) لە بەرز(*)
بەڵام لە ئاستی نموونەی دووەمدا، كە ناوی (خانوو) بەكارهێنراوە، دەتوانین بڵێن:
ئەم دیوارە بریتییە لە (ــە) لە خانوو.
وەك ئەندازەیەكی بەكارو كاریگەر، لە زمانی كوردیدا دەستەواژەی (بریتی لە......) بەهیچ جۆرێك چاڵاكی نانوێنێت لە ئاستی (ئاوەڵناو)داو ، بەڵام زۆر كاریگەرە بەڕووی (ناو)دا، وەك:
-نادروست:
بریتی بوون لە (ئاوەڵناو) (*)
-دروست:
بریتی بوون لە (ناو)
كەواتە، لە هەر جێیەكدا كە(ئاوەڵناو)و (ناو) بەڵێڵی دەركەوتن لە تەرازووی كاری (بوونی ئێستایی)دا، ئەوا دەستەواژەی (بریتی بوون لە......... ) دەبێت بە سەنگی مەحەك بۆ دابڕینی نێوان(ناو)و (ئاوەڵناو). بۆ نموونە وشەی(جوان) جارێك (ئاوەڵناو) و جارێكی دی ناوی كەسانە، وەك:
ئەو كچە باڵا بەرزە جوان(ــە)
لەئاستی ئەم نموونەیەدا ناتوانین بڵێن: \
ئەو كچە بەڵابەرزە بریتی یـ(ـە) لە جوان(*)
بەڵام كاتێك ئەو كچە باڵا بەرزە(ناو)ی (جوان) بێت دەتوانین، وەك:
ئەو كچە باڵا بەرزە جوانـ (ـە)
ئەو كچە باڵا بەرزە بریتی یـ(ـە) لە جوان
یان لەئاستی وشەیەكی دووفاقدا، كە سەمتی (ناو)و (ئاوەڵناو) پێكەوە هەڵ بگرێت ، دەتوانین هەردوو سەمتەكە لەیەكتری هاوێر بكەین، وەك:
-وەك (ئاوەڵناو):
شیلان منداڵی بووەو ئێستا دایكـ(ـە)
-وەك (ناو) :
شیلان بریتیە لە (دایك) بۆ منداڵەكەی
ئەندازەی هەشتەم: كاری بوونی بوونایەتی:
لە ئاستی كاری بوونی بوونایەتیدا، دوو بەكارهێنان هەیە، وەك:
-سەودا كردنی(ئاوەڵناو) بەڕاستەوخۆیی ، وەك:
شیلان هەر (جوان) دەبێت
-سەوداكردنی (ناو) بە ناڕِاستەوخۆیی بە ئامرازی (بە)، وەك:
شیرەكە دەبێت بە (ماست)
كەواتە هەردووكاری (جوان بوون)و(بوون بە شیر) دەتوانن كاریگەری بنوێنن، چونكە ناتوانین جێگۆڕكێ بكەین بە (ئاوەڵناو)ی (جوان)و بە(ناو)ی (ماست). لە نموونەیەكی تردا، وەك:
ئازاد (پیاو) بووە
یان
ئازاد بووە بە (پیاو)
لە نموونەیە یەكەمدا، بە ئاشكرا دیارەكە توخمی (ئاوڵناو) زاڵەو.
ئەندازەی نۆیەم: نیشانەی بەراورد( تر، ترین):
ئەم ئەندازەیە لەلایەن زۆربەی ڕێزماننووسانەوە بەكارهێنراوە، چی لە سەر ئاستی زمانی كوردیو چی لەسەر ئاستی زمانانی تردا. ئێمە خۆ خەریك ناكەین بە ئەم بابەتەوە چونكە زۆر باسكراوە، بەڵام لە پەرێزی (ئاوەڵناو)ی ڕوونو پەتیدا. هەر لەبەر ئەوە ڕوو دەكەین لە بابەتە تەم مژدارەكان، وەك:
یەكەم: ناوی رووفاق وەك( منداڵ، باوك، دایك، پیاو، ژن، .....). لە نموونەیەكدا وەك:
شیلان (منداڵ) ی (منداڵتر)ی هەیە
بێ گومان (منداڵ) ی یەكەم بریتیە لە (ناو)و (منداڵ)ی دووەم بریتیە لە (ئاوەڵناو)، بەڵام دەگوترێت:
شیلان.......منداڵتری هەیە
ئەم ڕستەیە بریتیە لە ڕستەیەكی پێشتر، بەڵام ڕێزمانەكە ڕێی پێ داوە كە كورت بكرێتەوە.
دووەم: لە نموونەیەكدا وەك (لە دەر)، ئامرازی پەیوەندی (لە) و ئاوەڵكاری( دەر) سەمتی (ئاوەڵناو ) یان چی كردووە، بەڵام ئاوەڵناوەكە ڕوون نیەو دەشێت ڕوون بكرێتەوە بە:
لە دەر : لەدەرتر : لە دەرترین
بەپێ ی ئەندازەی یەكەم دەشێت بزاڤی تەرخانكردن بخەینە كارو ڕوونتری بكەینەوە، وەك:
(چاو) لەدەر: (چاو) لەدەرتر: (چاو) لەدەرترین
كەواتە، لەم ڕووبەرە شێڵووەیشدا، نیشانەكانی ( تر، ترین) كاریگەری خۆیان هەیە، وەك( ئاوەڵناسەوە).
سێیەم: لەنموونەیەكی لێڵ دا وەك (دانیشتوو) سەمتی(كار) تێكەڵ بووە بە سەمتی (ئاوەڵناو)، وەك:
-سەمتی كار:
من (دانیشتوو)م لە ئەم شارە
-سەمتی ئاوەڵكار:
من (دانیشتوو)نیم لە ئەم شارە
لە نموونەی یەكەمدا، چەمكی(پارتیسیپ) زاڵەو سەمتی (كار) لەئارادایە. لە ئاستێكی ڕێزمانی بەرزترو شكۆدارتردا، نموونەی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ سەمتی(ئاوەڵناو)و بەپێی ئەندازەی سێیەم، ئامرازی ( ی) دەگۆڕێت بە (ــە)، وەك :
كەس : ی : دانیشتوو
كە دەبێت:
كەسـ: ــە : دانیشتووەكە
لەهەمان كاتدا، بەپێی ئەندازەی پێنجەم، ئامرازی كۆ (ان) وەدەگرێت، وەك:
دانیشتوو: دانیشتووان
بەپێ ئەوەی گوترا، وشەی دانیشتوو(ئاوەڵناو)ەو دەبێت نیشانەی (تر، ترین) وەربگرێت، وەك:
دانیشتوو: دانیشتووتر : دانیشتووترین
لەڕاستیدا، لە ئەو ئاستە بەرزەی زمانزانیدا، دەتوانین لە ئێستاو لە ئایندەدا نموونەی وەك ئەوانەی پێشەوە بدۆزینەوە، بەتایبەتی لە تەكنەلۆژیای تازەدا، وەك:
ئەم واشەرە جوان دانیشتووە، بەڵام ئەوەی تر دانیشتووترە
چوارەم: لە نموونەی ئاوەڵكارێكدا وەك( زوو) دەشێت سەمتی(ئاوەڵناو) هاوێر بكەین، وەك:
زوو: زوتر: زووترین
یان بەپێی ئەندازەكانی پێشەوە دەگۆڕێت بۆ:
زوو: زوویی : بەزوویی
بێگومان، گرنگ نیە كە ئەسپی خۆمان تاوبدەین لە نێو پەڕێزی ئاوەڵناوی ڕوونداو نیشانەی(تر، ترین، .....)، بەكاربهێنین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەسپی خۆمان لە جەنگەڵو لە پەرێزە ئاڵۆزەكانی (ئاوەڵناو)دا تاو بدەین.
پێنجەم: بەتەریبی لەگەڵ نیشانەی(تر، ترین)دا، پێشگری (هەرە) بەكار هێنراوەو ئەم پێشگرەیش بریتییە لە(ئاوەڵناوناسەوە) یەكی زۆر زرنگو بلیمەتو گەزافی خۆی ناگەیەنێت بەهیچ بەشێكی ئاخاوتن، تەنها بە(ئاوەڵناو) نەبێت.
ئەندازەی دەیەم: نیشانەی نەناسراوی (ێك):
لەهەر جێیەكدا كە ئامرازی(ێك ) بەكار هێنرا، ئەوا ئەو نیشانەیە دەگەڕێتەوە بۆ (ناو)، نەك(ئاوەڵناو). بۆ نموونە، ئەگەر گوترا(جوانێك)، ئەوا لە ڕەسەندا نیشانەی (ێك) دەگەرێتەوە بۆ (ناو)ێك، وەك:
جوانێك : كەسێكی جوان
بۆ پراوە، ئەگەر توانرا (جوانێك ) بكرێت بە (كەسێكی جوان)، ئە وا وشەی( جوان) بریتیە لە(ئاوەڵناو). یان ئەگەر نەتوانرا، ئەوا ئەو وشەیە بریتیە لە (ناو)، وەك(بەردێك، باخێك، دیوارێك، مۆمێك، گوڵێك،.....)، چونكە نیشانەی (ێك) هی خۆیانە. لە نموونەی(جوانێك) دا، نیشانەی(ێك) درایەوە بەناوی(كەس)، چونكە هی (ئاوەڵناو)ەكە نیە، لە ئەم ڕووە وە، ئاوەڵناوەكانی (پاكێك، زانایەك، ژیرێك، بەهێزێك،......) دەشێت بە ئەو میكانیزمەی پێشەوە نیشانەی(ێك) فڕێ بدەن، وەك:
پاكێك : كەسێكی پاك
زانایەك : كەسێكی زانا
ژێرێك : كەسێكی ژیر
بەهێزێك : كەسێكی بەهێز
لە ئاستی وشەیەكدا، وەك(كەر) كە هەم( ناو)ەو هەم(ئاوەڵناو)ێكی خوازراوە، وەك:
دەشێت نیشانەی (ێك) هەڵوستەكە یەكلایی بكاتەوە، بۆ نموونە، ئەگەر گوترا(كەرێك) وتوانرا بكرێت بە (كەسێكی كەر)، ئەوا وشەی (كەر) لە بەشە ئاخاوتنی (ئاوەڵناو)دایە، بەڵام ئەگەر گوترا(كەرێك)و دەستەواژەكە لۆك بوو ونەتەنوانرا نیشانەی(ێك) لاببردرێت، ئەوا وشەی(كەر) لە بەشە ئاخاوتنی (ناو)دایە.
3- گەزافی ئەندازەكان:
لە ئەم نووسینەدا، دە ئەندازە كراون بە (پێوەر) بۆ جودا كردنەوەی(ئاوەڵناو) لە (ناو)و لەئاستی هەر ئەندازەیەكدا چەند نموونەیە بەكارهێنراوە. لە ئێرەدا، هەوڵ دەدەین گەزافو بڕشتی ئەندازەكان پیشان بدەین بە بەكارهێنانی(ناو)ێك وەك(بەرد) لەجێی. (ئاوەڵناو) دا، وەك:
ئەندازەیە یەكەم: بزاڤی تەرخانكردن لە ئاوەڵناودا.
: لە دەستەواژەیەكدا، وەك:
خانوو: ی: بەرد
ئەگەر ئامرازی (ی) بەتەواوی لابردرا، وەك:
خانوو بەرد (*)
ئەوا، ڕوو دەكەین لە (ناڕێزمان)و ئەگەر ناوی (بەرد) بكەین بە(ئاوەڵناو)،دەبینین كە ئاوەڵناوێكی تەرخانكراو پەیدا دەبێت:
خانووبەرد: ئەو كەسەی خانووەكەی لەبەردە
كەواتە، ئەندازەی (تەرخانكردنی ئاوەڵناو) زۆر بەهێزەو شەبەنگی (ئاوەڵناو) دەخاتە سەر( ناو) بۆ ئەوەی بە زۆرەملێ ببێت بە (ئاوەڵناو).
ئەندازەی دووەم: ئامرازی ناساندن(ەكە)، ئەگەر ئامرازی ناساندن(ەكە) بخەینەسەر ناوی (بەرد)، وەك:
بەرد ەكە
ئەمجارە لەسەر ئەندازەو پێوانەی (دیوارە بەرزەكە) بڵێین:
دیوارە بەردەكە
ئەوا ئەم جارەیش دەستەواژەكە شەبەنگی (ئاوەڵناو) دەبەخشێت بە ووشەی(بەرد) تا ببێت بە ئاوەڵناو بە زۆرەملێ، چونكە لە خانەی(ئاوەڵناو)دا دانیشتووە.
ئەندازەی سێیەم: وەرچەرخاندنی ئامرازی (ی) بۆ( ــە). بۆ نموونە ئەگەر ئامرازی ( ی ) لە (دیواری بەردەكە) دا بگۆڕێن بۆ ئامرازی (ـە)، وەك:
دیوارە بەردەكە
ئەوا، دەكەوین بەسەر ئەو ئەنجامەدا لە ئەندازەی دووەمدا بەدەست هاتووە. لەلایەكی ترەوە ئەگەر ئامرازی ناساندن (ەكە) لاببەین، وەك:
دیوار(ە) بەرد
ئەوا جارێكی تر (ناو)ی (بەرد) دەكەوێتە ژێر ركێفی ئاوەڵناوەوە، بەڵام بەزۆرە ملێ.
ئەندازەی چوارەم: ئامرازی ئاماژە
ئەگەر وشەی(بەرد) بخەینە نێو خانەیەك كە بۆ (ئاوڵناو)تەرخانكرابێت، وەك:
ئەو (دیوارە بەرد)ە
ئەوا لە ئێرەشدا، شەبەنگی (ئاوەڵناو) دەچێتەسەر وشەی (بەرد)، چونكە بە ناڕەوا لە خانەی (ئاوەڵناو)دا دانیشتووە.
ئەندازەی پێنجەم: ئامرازی كۆ(ان)
ئەگەر ئامرازی كۆ(ان)بخەینەسەر ناوی (بەرد)و ببێت بە (بەردان)، ئە وا ڕوودەكەین لە(ناڕێزمان)، چونكە:
یەكەم: سەمتی(ناو)، لە زمانی كوردیدا، ئامرازی (ان)وەرناگرێت.
دووەم: وەك ئامرازی (ان) هی (ئاوەڵناو)ەو هی (ناو)نیە، لە ئاوەڵناویشدا، ڕوو دەكات لە ( ئاوەڵناوی كەسان)، وەك :
جوانان: كەسانی جوان
ئەندازەی شەشەم: ناوی واتایی
ئەگەر زۆر بكەین لەناوی (بەرد)و بیكەین بە (بەردی*)و لە پاشتردا بڵێین:
(بە بەردی) دامەنیشە
ئەوا، بە زۆرە ملێ ناوی (بەرد) سیمای (ئاوەڵناو) وەردەگرێت، چونكە لە خانەی ئاوەڵناودا بەكارهێنراوە.
ئەندازەی حەوتەم: كاری (بریتی بوون لە ....).
لەنموونەیەكدا، وەك:
ئەم مادەیە بەردە
یان :
ئەم مادەیە بریتیە لە بەرد
هیچ (ناڕێزمان)چی نابێت، چونكە كاری(بریتی بوون لە......) هەر سەمتی (ناو)وەردەگرێتو ناشێت(ئاوەڵناو) بەكاربهێنرێت، وەك:
ئەم بەردە برتییە لە ڕەق (*)
بەس دەگوترێت:
ئەم بەردە ڕەقە
ئەندازەی هەشتەم: كاری بوونی بوونایەتی:
لە ئاستی (بوونی بوونایەتی)دا، ناتوانین ناوی (بەرد)بخەینە جێ ی (ئاوەڵناو) بۆ نموونە، دەگوترێت:
ئەم گڵە دەبێت بە (بەرد)
بەس ناگوترێت:
ئەم گڵە بەرد دەبێت(*)
لە نموونەی دووەمدا، دەڵێیت بەزۆرە ملێ وشەی (بەرد) كراوە بە (ئاوەڵناو).
ئەندازەی نۆیەم: نیشانەی بەراورد(تر، ترین).
بۆ پرۆڤە ئەگەر گووترا:
بەرد: بەردتر : بەردترین
لەسەر ئەندازەی :
ڕەق : ڕەقتر : ڕەقترین
ئەوا گەزافی ئامرازی(تر، ترین) زۆر دەكات لە (ناو)ی (بەرد) بۆ ئەوەی شەبەنگی (ئاوەڵناو) وەربگرێت، چونكە بە ناهەق باركراوە لە خانەی (ئاوەڵناو).
4-ڕووبەرە واتایەكانی ئاوەڵناو:
لەڕووی واتاوە، ئاوەڵناوەكانی زمانی كوردی دابەش دەبن بەسەر چەند ڕووبەرێكدا، وەك:
یەكەم: ئاوەڵناوی ڕەنگ:
وەك:
سور، زەرد، شین، سەوز، بۆر، مۆر، سپی....
دووەم: ئاوەڵناوی تەمەن:
وەك:
لاو، گەنج، منداڵ، ساوا، هەراش، كۆرپە، زارۆ، زارۆك، پیر،.
سێیەم: ئاوەڵناوی خێرایی:
وەك:
هێواش، خێرا، هێور، هێدی، تیژ،..
چوارەم: ئاوەڵناوی ئاكاری فیزیاوی:
وەك:
گەورە، بچووك، زل، قەبە، كەتە، فراوان، تەنگ، تەسك، باریك، بەرز، نزم، دۆڵ
تیژ، كورت، درێژ، لێڵ، ڕوون، تاریك، ساغ، تەڕ ، وشك،....
پێنجەم: ئاوەڵناوی زایەندی:
وەك:
نێر، مێ، ژن، پیاو، مێرد، كچ، كوڕ، دەڵ، گەماڵ، ماچە، ....
شەشەم: ئاوەڵناوی چێژ:
وەك:
شیرین، تاڵ، تفت، تیژ، ترش، خۆش، مرز.........
حەوتەم: ئاوەڵناوی هۆشەكی:
وەك:
زیرەك، ئازا، گێل، گەمژە، زرنگ، بلیمەت، گێژ، وریا، وێل، سوور، گەلۆر، تەپۆ
هەشتەم: ئاوەڵناوی چەندێتی:
وەك:
كەم، زۆر، فرە،.......
نۆیەم: ئاوەڵناوی خزمایەتی:
وەك:
برا، خوشك، باوك، دایك، مام، پوور، داپیر، باپیر، خەسوو، خەزوور، زاوا، بووك،...
دەیەم: ئاوەڵناوی پلەی گەرما:
وەك:
سارد، گەرم، فێنك، نسرم، داخ، ....
لە هەندێك لەسەرچاوەكاندا ڕووبەرەكانی ئاوەڵناو دابەش كراوە بەسەر حەوت ڕووبەرداو مەرجی ئەوەش دانراوە كە دەبێت ئاوەڵناو دژواتای خۆی هەبێتو بەهەردووكیان جووت پێكبێهنن. لەڕاستیدا، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین كە سەمتی(ئاوەڵناو) بەراورد بكرێت، تا لەزمانەكەی خۆماندا بەتەواوی هەرس نەكرێت بەڕێزمان، چونكە ڕێزمانی ئەم بابەتە زۆر هوردو ناسكو دانسقەیە، یان رێزمانی (ئاوەڵناو)بۆی هەیە كە پەیامی خۆی هەبێت بۆ هەمان بابەت لەزمانی تردا. بۆ نموونە، لە زمانی كوردیدا، سەمتی (ناو) لە كلكەوە ئامرازی ناساندن(ەكە) وەردەگرێت، وەك(دارەكە)، بەڵام ئەم ڕێزبەندە مۆرفۆلۆژییە(كلۆری) تێدا هەیە، چونكە خانەیەكی بۆش هەیە بۆ(ئاوەڵناو) لەنێوان ناوی ( دار)و ئامرازی (ەكە)، وەك:
دارە (.....)ەكە : دار(ە سەوز)ەكە
واتە، وشەی(دار)بەهۆی ئامرازی بەستن(ی) ئاوەڵناوی (سەوز)ی وەرگرتووەو بووە بە (داری سەوز). بەڵام ئامرازی ناساندن (ەكە) بەكارهێنراوەو ئامرازی (ی) گۆڕیوە بۆ (ــە)و رێسایەكی چێ كردووە، وەك:
(ناو: (ــە) : ئاوەڵناو : (ەكە) )
لە ڕاستیدا، ئەم رێزبەندە ڕێسایەكی توكمەی پەیدا كردووەو دەشێت وەك سەنگی مەحەك بەكاربهێنرێت بۆ (ناسینەوە)ی ئاوەڵناو. لە بەشەكانی ئەم نووسینەدا، ئەم رێسایەكراوە بە میلی ئەندازەكێشیو چەندین جار بەكارهێنراوە لە ناسینەوەی ئاوەڵناودا.
بێگومان، رێزماننووسان بە ئەم بابەتە وێراونو زۆر نموونەیان ڕیز كردووەو چەندین پۆلیان دیاری كردووە. هەندێك لەسەرچاوە ئینگلیزییەكان ئاوەڵناو دابەش دەكەن بەسەر حەوت ڕووبەرداو هەندێك ڕێزماننووسی كوردیش، بەبێ بەڵگەو بەبێ نموونە دەڵێن، زمانی كوردی ناتوانێت گشت ڕووبەرەكانی ئاوەڵناو پڕ بكاتەوە. هەر لەبەر ئەوە دەگووترێت بەڕێزمانی كوردیدا بەشە ئاخاوتنی(ئاوەڵناو) زۆر لاوازە، یان هەر نییەتی. ئێمە تێناگەین، كەسانێك كە هێشتا لەڕێزمانی كوردیو لە ڕێزمانی ئاوەڵناودا نەشارەزاو بەبێ بەهرەبن، چۆن دەتوانن دەست بۆ بابەتی ئەوها هوردو ناسك.
5-چەند ڕاستیەك لەڕێزمانی ئاوەڵناودا:
لەنێو ڕێزمانی (ئاوەڵناو)دا، چەند ڕاستیەك هەیەو ئەو ڕاستیانە ئەدگارەكانی دەردەخەنو جودای دەكەنەوە لەبەشەكانی تری ئاخاوتن، بەتایبەتی لەسەمتی (ناو)، وەك:
یەكەم: ئاوەڵناو نابێت بە (بكەر)، نابێت بە (بەركار)و، نابێت بە(بەركاری ڕاستەوخۆ)، وەك:
-بكەر:
جوانێك هات
لەڕەسەندا بریتیە لە:
كەسێكی جوان هات
-بەركار:
من جوانێكم بینی
لە ڕەسەندا برتیە لە:
من كەسێكی جوانم بینی
-بەركاری ناڕاستەوخۆ:
من نامەكەم دا بەجوانێك
لە ڕەسەندا بریتیە لە:
من نامەكەم دا بەكەسێكی جوان
لە ڕاستیدا، لە ڕێزمانی كوردیدا، ڕێ دراوە كە ئەو ئاڵو گۆڕە ڕێزمانیە بكرێت، وەك:
جوان : ێك¬كەس : ێك :ی: جوان
واتە، ئاوەڵناوی (جوان) چووەتە نێو خانەی ناوی (كەس)و ئامرازی(ێك)ی لێ وەرگرتووە، لە ئەم هەڵو مەرجەدا ئامرازی(ی) ڕۆڵی نەماوەو ئاودیوو بووە لە ڕێزەكەدا. بێگومان، ئەم بۆچوونەی ئێمە دژ دەوەستێت لەگەڵ بۆچوونی ڕێزماننوسەكانی تردا، چونكە لەهەر جێیەكدا ڕۆڵێ سینتاكسییان دا بێتە پاڵی(ئاوەڵناو)، ئەوا لە ڕێزمانی ڕستەكە تێ نەگەیشتوون. یان، ئاگایان لە ڕێسایەك نییە كە ڕوخساری دەستەواژەی (ناو)و (ئاوەڵناو) كورت دەكاتەوە، وەك:
[ناو : (ێك) : (ی: ئاوەڵناو ] : كەسێكی جوان
بە شێوازێكی كورتتر:
[ناو : (ێك) :( ......): ئاوەڵناو] : كەسێك جوان
یان زۆر كورتتر:
[ناوەڵناو: (ێك) : (....) : .......]: جوانێك
لە چینی دووەمدا، دەنگی (ك) بەرەو خپ بوون چووەو زۆر بەدەگمەن دەگووترێت (كەسێك جوان).
دووەم: سەمتی ئاوەڵناو نیشانەی ناسراوی (ەكە)و نیشانەی نەناسراوی(ێك) وەرناگرێت، چونكە ئەم دوو نیشانەیە هی سەمتی (ناو)ن، نەك هی(ئاوەڵناو). هەر بۆ پرۆڤە، ئەگەر گوترا:
جوانەكە، درێژەكە، سوورەكە
لە ڕەسەندا، ئەم دەستەواژانە بریتین لە :
كەسە جوانەكە، گوڵە جوانەكە
دارە درێژەكە، پیاوە درێژەكە
بەردە سوورەكە، جلە سوورەكە
یان، ئەگەر گوترا:
جوانێك، درێژێك، سوورێك
ئەوان، لە ڕەسەندا ئەم دەستەواژانە دەبن بە:
كچێكی جوان، كەسێكی جوان
پیاوێكی درێژ، دارێكی درێژ
بەردێكی سوور، جلێكی سوور
لەڕاستیدا، لەهەر جێیەكدا نیشانەی(ەكە)و(ێك) ببینین بە (ئاوەڵناو)ەوە، ئەوا ئەو ئاوەڵناوە بە (بێگار) هەڵی گرتووە، چونكە لەڕەسەندا هی ناوێكە كە رێزمانەكە ڕێ ی داوە لابچێت. بۆ نموونە دوو(ناو) هەیە لە دەستەواژەیەكدا، وەك:
(گوڵ)ی (باخ)
هەر لەبەر ئەوە، دەتوانین دوو جار نیشانەی ناسراوی(ەكە) باربكەین، وەك:
گوڵ(ەكە)ی باخـ (ـەكە)
یان، دەتوانین دووجار نیشانەی نەناسراوی (ێك) بار بكەین، وەك:
گوڵ(ێك)ی باخـ (ێك)
لەبەرانبەردا، یەك ناو هەیە لە دەستەواژەیەكدا، وەك:
(گوڵ)ی (سوور)
هەر لەبەر دەتوانین یەك جار نیشانەی ناسراوی (ەكە) بار بكەین، وەك:
گوڵە سوور(ەكە)
یان، دەتوانێن یەكجار نیشانەی نەناسراوی (ێك) باربكەین، وەك:
گوڵ(ێك)ی سوور
ئەم ڕاستیەش بریتیە لەبەلگەڵەیەكی (پتەو) بۆ گەڕاندنەوەی هەردوو نیشانەی (ەكە)و(ێك) بۆ رێزمانی (ناو)، نەك (ئاوەڵناو).
سێیەم: نیشانەی كۆ(ان) هی سەمتی (ناو) نییە بەڵكو هی سەمتی (ئاوەڵناوە)و بۆ كەسان بەكاردەهێنرێت، وەك:
جوان: جوانان
گێل: گێلان
زرنگ: زرنگان
ژیر: ژیران
لە ئەم ڕووەوە، نیشانەی كۆ(ان)، ناچێتەسەر ئاوەڵناوێك كە نەبێت بە پاڵپشتێكی (بەجێ) بۆ كەسێك. لەلایەكی ترەوە، نیشانەی كۆ(ان) دەچێتە سەر دیوی(ئاوەڵناو) لەهەندێك ناوی دوو فاق دا، وەك:
پیاو: پیاوان
ژن: ژنان
كچ: كچان
كوڕ: كۆڕان
بێ گومان ، لەڕێزمانی دێرینی كوریدا هێشتا نیشانەی كۆ(ان) دەدرێتە پاڵ (ناو)، نەك (ئا وەڵناو). لە ئەم گۆشە نیگایەوە، چەندین نموونەی خواروخیچ ڕێزكراون لەئاستی ناوی كۆدا.
چوارەم: هەر ئاوەڵناوێك خانەیەك هەڵ دەگرێت لە نووكەوە بۆ (ناو)ێك كە ئاوەڵناوێكی تەرخانكراوی لەگەڵدا چێ دەكات، وەك:
(.....) پاك
(دڵ)پاك: ئەو كەسەی دڵ(ی) پاكە.
(دەست)پاك: ئەو كەسەی (دەستـ)ی پاكە
(ڕوو) پاك: ئەو كەسەی ڕوو(ی) پاكە
لەڕاستیدا، ئا وەڵناوی پاك تەرخان دەكرێت بۆ (بەش)ێك لە كەسێكدا، یان لە چشتێك دا. بۆ نموونە، ئاوەڵناوی(دڵپاك) واتای (دڵی پاك) هەڵ دەگرێت لەئاستی (كەس) ێكدا كە خاوەن ئەو دڵە پاكەیە.
پێنجەم: ئامرازی (ـە)، لە ئاستی نیشانەی ناساندن(ەكە)و لە ئاستی(ئامرازی نیشانە)، دەستەواژەی (ناو)و(ئاوەڵناو) ئامرازی بەستن(ی) دەگۆڕێت بۆ ئامرازای(ـە)، وەك:
[دار(ی) سەوز]
ئەو [ دارە(ە)سەوز]ە
[ دار(ە) سەوز]ەكە
شەشەم: وەك لە خاڵی سێیەمدا باس كرا، هەندێك جار ڕووبەری سەمتی(ئاوەڵناو)و ڕووبەری سەمتی (ناو) دەبن بە هاوبەشی، واتە، هەندێك ووشەی كوردی هەیە كە دیوی(ناو)و دیوی (ئاوەڵناوی) ی هەیە، وەك:
لە دیوی (ناو)داو دەگووترێت:
پیاوێك، دوو پیاو، پیاوەكە، ئەو پیاوە،.........
لەدیوی (ئاوەڵناو) دا، دەگووترێت:
هاوڕێی پیاو، پیاوەتی، بە پیاوی، پیاوتر،
پیاوترین، پیاوان، ، ناپیاو(پیاوو ناپیاو)....
یان دەشێت هەردوو ڕووبەرەكە پێكەوە بكەین بە نموونەو بەرێزبەندی (ناو، پاشان، ئاوەڵناو)وەك:
پیاوی پیاو، ئەو پیاوە ناپیاوە، پیاوە پیاوەكان، پیاوە ناپیاوەكە،
پیاوە پیاوەكە، پیاوێكی پیاو، پیاوێكی پیاوانە، ...
حەوتەم: ئاوەڵناو ئەدگاری بەراوردو پلەی چەندێتی هەڵدەگرێت، وەك:
-پلەی بەراورد، وەك:
جوان: جوانتر : جوانترین
-پلەی چەندێتی، وەك:
زۆر جوان، كەم جوان، نە ختێك جوان، هەرە جوان
-پلە زێدەڕۆیی، وەك:
شیلان باش باشەكەی هەڵ ببژێرە (واتە هەرە باشەكە)
ئێمە سێوە خراپ خراپەكەمان بەركەوتووە (واتە هەرە خراپەكە)
ئەوان جوان جوانەكەیان بردووە (واتە هەر جوانەكە)
هەشتەم: ئاوەڵناو دەبێت بە(ناوی واتایی)
دەبێت بە ئاوەڵگوزارە، وەك:
جوان : جوانی : بە(جوانی)
نیان: نیانی : بە(نیانی)
پان: پانی : بە( پانی)
ڕێك : ڕێكی : بە (ڕێكی)
فراوان:فراوانی : بە (فراوانی)
6-ئەركەكانی ئاوەڵناو :
لە ڕێزمانی كوریدا، توخمی (ئاوەڵناو) چەندین ئەركێكی وشەسازییانەی لە ئەستۆیەو بە س، واتە، ئاوەڵناو بۆی نییە بەڕەسەنی ئەركێكی رستەسازییانە بگێڕێت لە جیاتی توخمی (ناو). بە واتایەكی دن، ئاوەڵناو نابێت بە (بكەر)، یان بە (بەركار)، یان بە بەركاری ناڕاستەوخۆ. ئەمەو لەڕووی ئەركەوە، دەشێت ئەو كەلینانە دیاری بكەین كە ئاوەڵناو پڕیان دەكاتەوە، وەك:
ئەركی یەكەم:پەسن كردنی (ناو):
لە ئەم ئەركەدا ڕێز بەندێك چی دەبێت لە چەشنی:
وەك:
ئاو : ی : ڕوون
گوڵ : ی : زەرد
سێو : ی : مزر
جل : ی : تەڕ
خاك : ی : وشك
بزوێنەری سەرەكی لە ئەم دەستەواژەیەدا بریتیە لە ئامرازی بەستن(ی)، كە لە نووكەوە (ناو)ێكی هەڵگرتووەو كە لە كلكەوە ( ئاوەڵناو)ێكی لەتەكدا جووت كردووە. لە ئەم جۆرە دەستەواژەیەدا چەند ڕاستیەك هەیە كە بە هیچ جۆرێك لە دەستەواژەی تردا نییە، وەك:
یەكەم: ئەگەر دەستەواژەكە ببێت بە بارگەی ئامرازی ناساندن (ەكە)، ئەوا ئامرازی بەستن(ی) ڕوخسار دەگۆڕێت بۆ (ـە)، وەك:
ئاو: ە : ڕوونكە
گوڵا: ە : زەردەكە
سێوە: ە : مزرەكە
جل: ە : تەڕەكە
خاك: ە : وشكەكە
دووەم: بەهەمان شێواز ، ئەگەر دەستەواژەكە ببێت بە بارگە ئامرازی نیشانەو ئامرازی گەیەنەر، ئەوا ئامرازی (ی) دەگۆڕت بۆ (ـە)، وەك:
ئەو (ئاو: ە : ڕوون)ـە
ئەو (گوڵ: ە : زەردە)ـە
ئەو (سێو: ە : مرز)ـە
ئەو (جل: ە : تەڕ)ـە
ئەو (خاك: ە : وشك)ـە
سێیەم: دەرئاژیننی ئامرازی (ی) لەدەستەواژەكە دەبێت بە هۆی پەیدابوونی (ئاوەڵناوی تەرخانكراو)، وەك:
كووپەی (ئاو ڕوون)¬ ئاو: .....: ڕوون
داری (گوڵزەرد)¬ گوڵ: .....: زەرد
دارسێو (سێو مزر)¬ سێو: .... : مزر
منداڵی (جڵ تەڕ)¬ جل: ..... : تەڕ
بیانی (خاكوشك)¬ خاك: .... : وشك
بێگومان، ناوەڕۆكی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە دەشێت بكرێن بە (ئاوەڵناو ناسەوە) بۆ ناسینەوەی (ئاوەڵناو) لە دەستەواژەی لێڵەكاندا.
ئەركی دووەم: پاڵپشت بۆ كاری (بوونی ئێستایی):
لە ڕێزمانی كوریدا، مەكینەی كاری(بوونی ئێستایی) زۆر بەهێزە بۆ هەرس كردنی هەر ئاوەڵناوێكی (بەجێ). لە ئەم ڕووەوە، چالاكییە ڕستەسازییانەكە دەگەڕێتە بۆ كاری(بوونی ئێستایی)، بەڵام چاڵاكییە وتاییەكە دەگەڕێتەوە بۆ (ئاوەڵناو). واتە، كاتێك كە كاری بوونی ئێستایی وتوخمی ئاوەڵناو لەیەكتری جووت دەبن، ئاوەڵناوەكە دەبێت بەجۆرێك لە (واتا بەست)، یان( واتا هێن)و چاڵاكییە ڕستەسازییەكە كاری( بوونی ئێستایی )لەسەر گرێژەنەو تەوەری واتایەك دەبەستێت، وەك:
شیلان جوان( ـە)
لە ڕاستیدا، ئەركی ڕستەسازییانە لە ئەستۆی كاری(بوونی ئێستایی) دایە، كەچی ئەركی واتایی بەشێوەیەكی (ستاتیكی) لە ئەستۆی ئاوەڵناوەكەدایە، بەڵام واتای كاری (بوونی ئێستایی) دەیخاتە سەر باری (داینامیكی). بەواتایەكی دن، واتای ڕستەكە تێكەڵەیەكی داڕێژراوە، بەڵام بارە ڕستەسازییەكەی سادەیە. ئەمەو لەڕووی ڕێزبەندەوە، ئەم جۆرە دەستەواژەیە ڕێسایەك دەخەنەڕوو، وەك:
یان:
بێگومان، ئەمە كۆتایی رێگاكە نییە، چونكە ئەو ڕێزبەندە دوو خانەی بۆشی تێدا هەیە كە دەكەونە نێوان ئاوەڵناو(جوان) ورێژەی كاری بوونی ئێستایی(ـە)، وەك:
لە پلیكانەی كاردا، خانەی یەكەم بۆ نیشانەی نەرێ( نی ) تەرخان كراوەو خانەی دووەم بەبێ (بارگە) دەمێنێتەوە، وەك:
(ناو) : ئاوەڵناو : (نەرێ ): ( ......) : بوونی ئێستایی
(شیلان) : زیرەك: (نی) : (......) : یـ ( ـە )
ئەركی سێیەم: بەتریبی لەگەڵ (بوونی ئێستایی ) :
كاری (بوونی بوونایەتی) خانەیەكی بۆشی هەڵگرتووە بۆ هەر ئاوەڵناوێكی (بەجێ)، بەهەمان (رێزبەند)ی كاری بوونی ئێستایی، وەك:
ئاوەكە گەرم دەبێت
لە ئێرەشدا، ڕێژەكانی كاری بوونی بوونایەتی تەوەر دەبەستن لەسەر واتای (ئاوەڵناو ) ێكو چاوگێك چی دەكەن لە چەشنی (گەرم بوون). لە ڕاستیدا، هەردوو كاری بوونی ئێستایی(گەرمێتی)و بوونی بوونایەتی(گەرمبوون) دوو دیون بۆ یەك (كار)، وەك:
دیوی یەكەم: لە نموونەیەكدا، وەك:
ئاوەكە گەرمە
ڕووداوی كارەكە زۆر كورتو سستەو كاتخایەن نییەو وێنەیەكی (وەستاو)پیشان دەدات لە (چركە)یەكدا، یان لە (ترووكە)یەكدا، لە چەشنی وێنەیەكی فۆتۆگرافی.
دیوی دووەم: لە نموونەیەكدا، وەك:
ئاوەكە گەرم دەبێت
ڕووداوی كارەكە درێژەی هەیەو لەسەر پەیژەی (كات) رادەخر ێتو فیلمێكی ڤیدیۆییو (جووڵاو) پیشان دەدات. هەر لەبەر ئەوە، نیشانەی نەرێ(نی) دەگۆڕێت، بە (نە)، وەك:
-بوونی ئیستایی (گەرمێتی) :
ئاوەكە گەرمـ (...) ـە
ئاوەكە گەرمـ ( نی) ـە
-بوونی بوونایەتی ( گەرمبوون):
ئاوەكە گەرمـ (...) دەبێت.
ئاوەكە گەرمـ (نە) دەبێت (*)
لە ڕێزمانی كوردی، لە ڕانەبردوودا، هەردوو كۆلكەی (نە)و (دە) یەك دەگرنو دەبن بە (نا)، وەك:
ئاوەكە گەرم (نا) بێت
لەلایەكی ترەوە، لە ئاستی كاری بوونی بوونایەتیدا، گشت چاوگێك كە بە ئاوەڵناو ڕۆنرابێت وەك ( گەرمبوون) لە دیوی تێپەڕدا دەبێت بە (گەرمكردن)، وەك:
جوان بوون: جوان كردن
سارد بوون : ساردكردن
تاڵ بوون : تاڵ كردن
ژیربوونەوە: ژیركردنەوە
ئەركی چوارەم: چێ كردنی ناوی واتایی:
لە ڕێزمانی كوردیدا گشت ئاوەڵناوێك بۆی هەیە ناوی واتایی چێ بكات، بە ئەم شێوەیە:
-ئاوەڵناو دەتوانێت نیشانەی ناوی واتایی (ی) وەربگرێت ، وەك:
جوان + ی : (جوانی)
پاك +ی : (پاكی)
ڕێك +ی : (ڕێكی)
سوور+ی : سووری
سارد : ساردی
-ئاوەڵناو دەتوانێت مۆرفیمی ئێستایی (ـە) و نیشانەی ناوی واتایی وەربگرێت، بۆ ئەوەی (چاوگ)ێك دروست بكات بۆ كاری بوونی ئێستایی، وەك :
جوان + ـە + ی : (جوانەتی، جوانێتی)
پاك + ـە + ی : ( پاكەتی ، پاكێتی)
ڕێك + ـە + ی : (ڕێكەتی ، ڕێكێتی )
سوور+ ـە + ی : (سوورەتی ، سوورێتی)
سارد + ـە + ی : (ساردەتی، ساردێتی)
-ئاوەڵناو بۆی هەیە پاشكۆی (ایی) وەربگرێت، بۆ خەست كردنەوەی واتای ئاوەڵناوێك لە جێ یەكدا وەك:
تاریك + ایی : تاریكایی
باریك+ ایی : باریكایی
تەنك + ایی : تەنكایی
ئەستوور+ ایی : ئەستوورایی
سەوز+ ایی : سەوزایی
-ئاوەڵناو بۆی هەیە پاشكۆی(ایەتی) وەربگرێت، بۆ یداری كردنی پەیوەندی لە نێوان كەسانی كۆمەڵگەدا، وەك:
خوشك + ایەتی : خوشكایەتی
باوك+ ایەتی : باوكایەتی
كورد + ایەتی : كوردایەتی
بێگومان، لە زمانی كوردیدا، ئاوەڵناو بۆی هەیە تا چوار جۆر لە ناوی واتایی چێ بكات، ئەمەو لە پاشكۆی (یەتی)و (ایەتی)دا، توخمی كاری بوون(ـە) بەكارهێنراوەو لە ئەوجۆرە ناوەدا، وەك( خۆشكەتیو خۆشكایەتی)، دەنگی (ت) دەركەوتووە، چونكە مۆرفیمی ئێستایی(ـە) لەڕەسەندا دەنگی خپی (ت) هەڵدەگرێتو بە زەبری بزوێنی (ی) ئەو دەنگە زیندوو بووەتەوەو بڕگەی (تی) چێ كردووە.
ئەركی پێنجەم: وەرگرتنی نیشانەی كۆ(ان)بۆ ناوی كەسان:
لە ئەو قوژبنە واتاییەدا، كە ئاوەڵناو توخمی (كەسانی ژیر) هەڵدەگرێت، نیشانەی كۆ(ان) دەچێتە سەر ئاوەڵناوەكە، وەك:
چاك: چاكان: كەسانی چاك
زانا: زانایان: كەسانی ز انا
وریا: وریایان: كەسانی وریان
بلیمەت: بلیمەتان: كەسانی بلیمەت
لەئەم نموونانەدا، ناتوانین بڵێین:
كەسانی پاكان (*)
كەسانی بلیمەتان (*)
.....................
بێگومان لە ئاستی ئاوەڵناوەكەدا( پاك، بلیمەت) نیشانەی كۆ(ان) توخمی (كەس)و توخمی (كۆ)ی ڕێژتووەو نابێت لەهەمان دەستەواژەدا دووبارەیان بكەینەوە.
کۆتایی بەشی یەکەم