ماڵپەڕی ڕێزمانی کوردی

ماڵپەڕى ڕێزمانی کوردی:: پەنجەرەیەک بۆ خزمەتکردنی ڕێزمانی کوردی

شێوازی ڕێژەی ڕاگەیاندن

شێوازی ڕێژەی ڕاگەیاندن

ئامادەکردنی: م.سەباح مەجید
 
شێوازی ڕێژەی ڕاگەیاندن: ئەو ڕێژەیەی کارە کە ڕاستەوخۆ ئەنجامی ھەواڵ دەدات بە کەسێک یان شتێک و شک و گومانی تێدا نییە..گومانی تێدا نییە کە کارەکە ڕوویداوە یان ڕووینەداوە، ڕوودەدات یان ڕوونادات.
 
شێوازی ڕێژەی ڕاگەیاندن
لە ڕابردوو (٤) ڕێژەی ھەیە:
لە ڕانەبردوو (١) ڕێژەی ھەیە:
 
١- لە ڕابردوودا
 
یەکەم: ڕێژەی ڕابردووی نزیکی ڕاگەیاندن.
یاساکەی: چاووگ – ن= ڕێژەی ڕابردووی نزیکی ڕاگەیاندن. نموونە:
بردن-ن= برد
ھەڵکردن-ن= ھەڵکرد
لەناوچوون-ن= لەناوچوو
ژماردنەوە-ن=ژماردەوە
ھێنانەوە-ن= ھێنا ەوە (ھێنایـــــەوە). دوو پیتی بزوێن لەدوای یەکتر نایەن، بۆیە (ی) لەنێوان (ا) و (ەوە) بەکارھێنراوە.
 
دووەم: ڕێژەی ڕابردووی تەواوی ڕاگەیاندن.
یاساکەی: ڕابردووی نزیکی ڕاگەیاندن + (وە، ووە)= ڕێژەی ڕابردووی تەواوی ڕاگەیاندن.
تێبینی: نیشانەی (وە) بۆ چاووگی (ا،وو،ی) بەکاردێت، بەڵام نیشانەی (ووە) بۆ چاوگی (د،ت) بەکاردێت. نموونە: سووتا+ وە= سووتاوە
کڕی + وە= کڕیوە
چوو+وە= چووە ( واو-ێک لادەچێت، چونکە ٣ واو لە زمانی کوردی لەدوای یەک نایەت).
برد+ ووە= بردووە
گرت+ ووە= گرتووە
 
گرنگ: ئەو چاووگانەی کە پاشگری (ەوە)یان پێوەیە بەمشێوەیە دەکرێن بە ڕابردووی تەواوی ڕاگەیاندن:
١- (ن)ی چاووگ لادەدەین. نموونە: (خوێندنەوە-ن)= خوێند ەوە
٢- نیشانەی (وە، ووە) دەخەینە شوێنی (ن)ە لادراوەکە. خوێند ووە ەوە
٣- ناوبەندی (ت) دەخەینە نێوان (وە، ووە) و (ەوە). خوێندووە ت ەوە = (خوێندووەتەوە).
 
لە کتێبدا نییە، بەڵام بۆ ئاسانکاری خۆت: دەتوانیت ئەم یاسایە بۆ ئاسانکاری خۆت بەمشێوەیە بەکاربێنیت:
(ڕێژەی ڕابردووی تەواو + تەوە) نموونە: خوێندووە+تەوە=خوێندووەتەوە.
ھێناوە+تەوە=ھێناوەتەوە.
بردووە+تەوە=بردووەتەوە.
خوێندووە+تەوە=بردووەتەوە.
 
تێبینی: لە کرمانجی ژووروودا لەجیاتی نیشانەی (وە) نیشانەی (یە) بەکاردێت و لەجیاتی نیشانەی (ووە)ش نیشانەی (ییە) بەکاردێت، (یە) بۆ چاووگی (ا،وو،ی) بەکاردێت و (ییە) بۆ چاووگی (د،ت) بەکاردێت. وەکو (وە، ووە)ی کرمانجی خواروو وایە و جیاوازی نییە. نموونە:
(ھێناوە) دەبێتە (ھێنایە).
(ھاتووە) دەبێتە (ھاتییە).
 
سێیەم: ڕێژەی ڕابردووی دووری ڕاگەیاندن.
یاساکەی: ڕابردووی نزیکی ڕاگەیاندن + بوو= ڕێژەی ڕابردووی دووری ڕاگەیاندن. نموونە:
خەوت + بوو= خەوتبوو
دانیشت+ بوو= دانیشتبوو
چارەسەرکرد+ بوو= چارەسەرکردبوو
گرنگ: ئەو چاووگانەی کە پاشگری (ەوە)یان پێوەیە بەمشێوەیە ڕابردووی دووری ڕاگەیاندنیان لێ دروست دەکرێت:
١- (ن)ی چاووگ لادەدەین. نموونە: دۆزینەوە-ن= دۆزی ەوە
٢- نیشانەی (بوو) دەخەینە شوێنی (ن)ە لادراوەکە. دۆزی بوو ەوە
٣- ناوبەندی (و) دەخەینە نێوان (بوو) و (ەوە). دۆزی بوو و ەوە = (دۆزیبووەوە).
سەیری (دۆزی بوو و ەوە) بکە، چونکە لە زمانی کوردی سێ (و) لەدوای یەکتر نایەن، بۆیە بۆتە (دۆزی بووەوە).
 
لە کتێبدا نییە، بەڵام بۆ ئاسانکاری خۆت: دەتوانیت ئەم یاسایە بۆ ئاسانکاری خۆت بەمشێوەیە بەکاربێنیت:
(ڕێژەی ڕابردووی دوور + ەوە) نموونە: خەوت بوو+ ەوە= خەوت بووەوە.
دانیشت بوو+ ەوە=دانیشت بووەوە.
چارەسەرکردبوو+ ەوە=چارەسەرکردبووەوە.
 
چوارەم: ڕێژەی ڕابردووی بەردەوامی ڕاگەیاندن.
یاساکەی: نیشانەی (دە)+ ڕابردووی نزیکی ڕاگەیاندن= ڕێژەی ڕابردووی بەردەوامی ڕاگەیاندن. نموونە:
دە + ھات= دەھات
دە+ فڕی=دەفڕی
دە+ کرد=دەکرد
دە+ برد= دەبرد
 
تێبینی: ئەگەر کار (داڕژاو یان لێکدراو) بێت ئەوە نیشانەی (دە) دەکەوێتە دوای بەشی یەکەمی کار. نموونە:
راکێشا: را + دە+ کێشا= ڕادەکێشا
لەناوبرد: لەناو+ دە+ برد
سەیر بکە لەمانە (دە) کەوتۆتە دوای بەشی یەکەمی کار. دوای (را) و (لەناو) کە بەشی یەکەمی کارن.
 
٢-لە رانەبردوودا
 
ڕێژەی ڕانەبردووی ڕاگەیاندن
یاساکەی: نیشانەی (دە) + ڕەگی کار + جێناوی لکاو (کۆمەڵەی سێیەم :م-ین، یت-ن، ات/ێت-ن).
بۆ نموونە دەگوترێ: لە چاووگی (خواردن، خوێندن) ڕێژەی ڕانەبردووی ڕاگەیاندن دروست بکە، بەمشێوەیە دروستی دەکەین:
(خواردن): دە + خۆ + م = دەخۆم.
(خوێندن): دە + خوێن + م = دەخوێنم
ئەگەر کاری (داڕژاو و لێکدراو)مان ھەبێت ئەوە نیشانەی (دە) دەکەوێتە دوای بەشی یەکەمی کار.
نموونە: (وەرگرتن): وەر + دە + گر + م= وەردەگرم
(دروستکردن): دروست + دە + کە + م= دروست دەکەم
 
تێبینی: لە ھەندێک شێوەزاری کوردیدا لە (ڕابردووی بەردەوام) و (ڕانەبردووی ڕاگەیاندن) لەجیاتی نیشانەی (دە) نیشانەی (ئە) بەکاردێت و ئاساییە. نموونە: دەچوو (ئەچوو). دەبەم (ئەبەم).
 
پرسیار: ئەگەر (کاری کارا نادیار) ھەبوو چۆن ھەموو ڕێژەکانی شێوازی ڕاگەیاندنی لێ دروست دەکەیت؟ وەڵامەکەت لەسەر کاری (خوێنرا) جێبەجێ بکە...
وەڵام: بەمشێوەیە: خوێنرا (ڕابردووی نزیکی ڕاگەیاندن).
خوێنرابوو (ڕابردووی دووری ڕاگەیاندن).
خوێنراوە (ڕابردووی تەواوی ڕاگەیاندن).
دەخوێنرا (ڕابردووی بەردەوامی ڕاگەیاندن).
دەخوێنرێ (ڕانەبردووی ڕاگەیاندن).
 
ئاگادار بە: ھەموو ڕێژەکانی ڕابردووی ڕاگەیاندن بە ئامرازی (نە) نەرێ دەکرێن، بەڵام (ڕانەبردووی ڕاگەیاندن) بە ئامرازی (نا) نەرێ دەکرێت.
ئەگەر کاری ڕابردوو سادە بوو (نە) دەکەوێتە سەرەتا، بەڵام ئەگەر (داڕژاو و لێکدراو) بوو، ئەوا (نە) دەکەوێتە دوای بەشی یەکەمی کار.
ھەروەھا (نا) کاتێک کاری ڕانەبردووی ڕاگەیاندنی پێ نەرێ دەکرێ، ھەمیشە شوێنی (دە) دەگرێتەوە.. سەیری ئەم نموونانە بکە:
 
نموونە بۆ ڕێژەکانی ڕابردوو:
ھات (نەھات)
ھاتبوو (نەھاتبوو)
ھاتووە (نەھاتووە)
دەھات (نەدەھات)
 
راکێشا (ڕانەکێشا)
ڕاکێشاوە (ڕانەکێشاوە)
ڕاکێشابوو (ڕانەکێشابوو)
ڕادەکێشا (ڕانەدەکێشا)
 
لەناوچوو (لەناونەچوو)
لەناوچووە (لەناونەچووە)
لەناوچووبوو (لەناونەچووبوو)
لەناودەچوو (لەناونەدەچوو)
 
نموونە بۆ ڕێژەی ڕانەبردووی ڕاگەیاندن:
دەچم (ناچم)
ھەڵدەچم (ھەڵناچم)
لەناودەچم (لەناوناچم)

ب?اوکردن?و?