دۆزینەوەی ڕەگی کار
بۆ دۆزینەوەی ڕەگی کار، دەکرێت بە شێوەی ڕێزمانی و وردەکاری هەموو جۆرەکانی فرمان لە زمانی کوردیدا ڕوون بکرێنەوە و دانە بە دانە باسیان بکرێت، ئەوە بابەتێکی چڕوپڕی ڕێزمانییە، زۆر جار خوێندکار لێی ئاڵۆز دەبێت و فێربوونی ئاسان نییە، بەڵام لێرەدا بە شێوەیەکی ئاسانتر شێوەی دۆزینەوەی ڕەگی کار ڕوون دەکەینەوە کە فێربوونی زۆر سادە و سانایە:
دۆزینەوەی ڕەگی کار:
هەر کارێکمان هەبێت بۆ نموونە لە دۆخی چاوگدا، دەیکەینە دۆخی ڕانەبردووی یەکەم کەسی سادە:
نموونەی ١:
“خواردن”، دەکەینە دۆخی ڕانەبردووی یەکەم کەسی سادە، واتە: (خواردن) دەکەینە (دەخۆم).
دە + خۆ + م = دەخۆم.
پاشان ئەگەر “دە” … “م” لابەرین، ئەوە ڕەگی کار دەمێنێتەوە: “خۆ“.
کەوا بێت ڕەگی کاری “خواردن” دەبێتە: “خۆ“.
نموونەی ٢:
“کڕین”: دۆخی ڕانەبردووی یەکەم کەسی سادە: = دەکڕم: دە + کڕ + م = دەکڕم.
ڕەگی “کڕین” = “کڕ“.
ڕەگی “هاتن” وا بەدەست دێت: د + ێ + م = دێـم.
ڕەگی “هاتن” = “ێ”.
چەند نموونەی تر بۆ دۆزینەوەی “ڕەگی کار” لەم خشتەیەی خوارەوەدا ببینن:
چاوگ | ڕانەبردوو | ڕەگی کار | ||
کڕین | دەکڕم | دە | کڕ | م |
خوێندن | دەخوێنم | دە | خوێن | م |
کردن | دەکەم | دە | کە | م |
ڕژاندن | دەڕژێنم | دە | ڕژێن | م |
نووسین | دەنووسم | دە | نووس | م |
بەزاندن | دەبەزێنم | دە | بەزێن | م |
فڕین | دەفڕم | دە | فڕ | م |
بردن | دەبەم | دە | بە | م |
بوون | دەبم | دە | ب | م |
چوون | دەچم | دە | چ | م |
چاندن | دەچێنم | دە | چێن | م |
دروون | دەدرووم | دە | دروو | م |
سەندن | دەسێنم | دە | سێن | م |
برژاندن | دەبرژێنم | دە | برژێن | م |
کۆکین | دەکۆکم | دە | کۆک | م |
ناردن | دەنێرم | دە | نێر | م |
وتن، گوتن | دەبێژم | دە | بێژ | م |
وتن، گوتن | دەڵێم | دە | ڵێ | م |
خواستن | دەخوازم | دە | خواز | م |
گەستن | دەگەزم | دە | گەز | م |
پاراستن | دەپارێزم | دە | پارێز | م |
شوشتن | دەشۆم | دە | شۆ | م |
شۆردن | دەشۆرم | دە | شۆر | م |
سپاردن | دەسپێرم | دە | سپێر | م |
تاقیکاری:
ئەگەر پێتان وایە ئەو بابەتە باش فێر بوون فەرموون لەم تاقیکارییەدا کە لەسەر دۆزینەوەی ڕەگی کار ئامادە کراوە بەشداری بکەن:
وەرگیراوە لە فێرگەی زمانی کوردی
1 لێدوانەکان :
لێدوانەکانسڵاو پرسیارێکم هەیە ڕەگی کاری زایین چییە؟
رد