ئەركی جێناوی كەسی سەربەخۆ لەڕستەدا وەكو دیارخەری ناو
ئامادەكردنی: م.یونس سلێمان ئەحمەد، مامۆستای ئامادەیی شەهید مامۆستا بەختیار لەشارەزوور
ئەو جێناوە سەربەخۆیانەی كە دەبن بە دیارخەری ناو ئەمانەن: (جێناوی كەسی سەربەخۆ، جێناوی خۆیی، جێناوی پرس، جێناوی نادیار، جێناوی نیشانە).
ئەگەر جێناوی سەربەخۆ ببێتە دیارخەری ناوێك ئەوا هەمیشە:
1- ناوە دیارخراوەكە پێش جێناوی سەربەخۆی دیارخەر دەكەوێت.
2- (ی) ئامرازی خستنەسەر دەكەوێتە نێوانیانەوە.
ا-جێناوی سەربەخۆ (من-ئێمە, تۆ-ئێوە، ئەو-ئەوان)
خەڵاتەكەی من بەنرخە – خەڵاتەكەی ئێمە بەنرخە.
خەڵاتەكەی تۆ بەنرخە- خەڵاتەكەی ئێوە بەنرخە.
پێنووسەكەی ئەوجوانە- پێنووسەكەی ئەوان جوانە.
ب- جێناوی خۆیی: (خۆم-خۆمان، خۆت-خۆتان، خۆی- خۆیان)
خانووەكەی خۆتم پێبفرۆشە- خانووەكەی خۆتانم پێبفرۆشە
پێنووسەكەی خۆی جوانە- پێنووسەكەی خۆیان جوانە.
پ- جێناوی پرس: (كێ – چی ....)
چیرۆكی كێ خوێنرایەوە؟ كتێبی چی بەسوودە؟
ت- جێناوی نادیار ( هین- فڵان- كابرا- فیسار- كەس ...)
دیسكەكەم بۆ كۆمپیوتەرەكەی هین بوو.
پێنووسەكەی كابرا جوان نییە.
ج- جێناوی نیشانە (ئەمە- ئەمانە، ئەوە-ئەوانە)
پێنووسی ئەمە جوانە. پێنووسی ئەمانە جوانن.
پێنووسی ئەوە جوانە. پێنووسی ئەوانە جوانن
تێبینی:
1-جێناوی هەیی نابێتە دیارخەری ناو، چونكە جێناوی هەیی خۆی دیارخراوە پێویستی بە دیارخەرە. نموونە
ئەم وێنەیە هی خۆمانە.
2- لەكرمانجی ژووروو جێناوی كەسی سەربەخۆی (من-مە، تە-وە، وی،وێ-وان) لەجیاتی (من-ئێمە، تۆ-ئێوە، ئەو-ئەوان) دەبنە دیارخەری ناو. نموونە:
وەڵاتی من خۆشە- وەڵاتی مە خۆشە
ناوی دیارخراو و جێناوی سەربەخۆی دیارخەر دەبنە گرێی ناوی و ئەركەكانی ناو وەردەگرێت. نموونە: گوڵی من
گوڵی من وەری. (بكەر)- گوڵی من یان لێكردەوە.
گوڵی من جوانە.(نیهاد) – گوڵی من قرتێنرا.(جێگری بكەر)
پەپوولەكە بە گوڵی منەوە نیشتەوە. (تەواوكەری بەیاریدە)
بۆنی گوڵی من خۆشە.(تەواوكەری ناو)- گوڵە جوانەكە گوڵی من بوو.