ماڵپەڕی ڕێزمانی کوردی

ماڵپەڕى ڕێزمانی کوردی:: پەنجەرەیەک بۆ خزمەتکردنی ڕێزمانی کوردی

(ک) یان (ك)؟




(ک) یان (ك)؟
دیاکۆ هاشمی

لە ئەلفبێی (ئارامی/ عەرەبی)دا هەمیشە پیتی (k) بە دوو شێوەی (ک) و (ك) شانبەشانی یەکتر بەکار هێنراون. هەبوونی ئەم دوو شێوەپیتە هیچ باش نییە و باشتر وا بوو هەر یەک شێوەمان هەبوایە.
خەڵک کاتێک پیتەکانیان بە دەست دەنووسییەوە زۆرتر دەستیان بەربڵاوتر بوو، بەڵام ئێستا کە پیتەکان بە کۆمپیوتەر دەنووسرێنەوە و بۆ هەر پیتێک کۆدێکی تایبەت دانراوە، ئێمە ناچار دەبین خۆمان یەکلایی بکەینەوە و لە نێوان دوو بژارەدا یەکێکیان هەڵبژێرین. یان لانی کەم یەکێکیان بەبێ شیفت بنووسین و ئەوی تریشیان بە شیفت بنووسین.
لە کاتی ڕێکخستنی تەختەکلیلی کوردی لەلایەن "کوردئایتیگرووپ"دا ویسترا بەرانبەر بە (k) لە نێوان (ک) و (ك)دا یەکێکیان هەڵبژێردرێت. هەر کامیان کۆدێکی تایبەتیان هەیە: (ک U+06A9) و (ك U+0643).
کوردئایتیگرووپ ناچار بوو یەکێکیان بەرانبەر بە (k) هەڵبژێرێت و بەبێ شیفت بنووسرێت و ئەوی تریشیان بخاتە دیوی ژێرەوە و بە شیفت بنووسرێت.
دوای ڕاوێژکارییەکی درەنگەشەوێکی سەر ئینتەرنێت بەم ئەنجامە گەیشتن:
 هەرچەند (ك) لە زمانی عەرەبیدا باوە و کوردیش زیاترین بەرهەمی کۆنی بەو پیتە نووسیوە، بەڵام هەر (ک) هەڵدەبژێرین، چونکە:
١. لە سەرەتای وشەدا هەمیشە (ک) دەنووسرێت و چوکڵە بەکار ناهێنرێت: کار
٢. لە ناوەڕاستی وشەدا هەمیشە (ک) دەنووسرێت و چوکڵە بەکار ناهێنرێت: پەلکە
٣. تەنیا لە کۆتایی وشەدا (ك) دەنووسرێت، بە چوکڵەوە: چاك
٤. دەشکرێت بە (ک) بنووسرێت، بەبێ چوکڵە: چاک
٥. ئاوەڵەکەشی هەر بە (گ) دەنووسرێت واتە بەبێ چوکڵەکە.
٦. زمانی کوردیش هەمیشە هەوڵی داوە لە پیتەکانیدا خۆی لە پیت و چوکڵەکانی عەرەبی و فارسی دوور بکاتەوە بۆ نموونە ئەمانە بەکار ناهێنرێن:
(آ، ث، ذ، ص، ض، ط، ظ، ّ، ً، ٌ، ٍ، ِ، ُ، َ، ء، أ، إ، ؤ، ة)
ئێستە بۆ بێین (ك) هەڵبژێرین تا (ک) هەبێت؟
لە ڕووی فێرکردنیشەوە هەمیشە باشترە جۆرێک پیت هەبێت، نەک لە شوێنێکدا شێوەیەکی هەبێت و لە شوێنێکی تردا هەمان پیت شێوەیەکی تری هەبێت. بۆ نموونە چاو لەم وشەیە بکەن کە ئەگەر بە "ك" بنووسرێت ئاوا دەردەکەوێت: کــڕکــڕۆك، بەڵام ئەگەر بە "ک" بنووسرێت ئاوا دەردەکەوێت: کــڕکـڕۆک. ئایا باشتر نییە لە هەموو شوێنێکی وشەکەدا یەک جۆر "ک" هەبێت؟

جا بۆیە بڕیار درا کە لە باتیی (k) پیتی (ک) دەر بکەوێت و کۆدی (U+06A9)ی بۆ دانرا، بەوەشەوە ئەوی تریش بەیەکجاری فڕێ نەدرا بەڵکوو لەژێر پیتی (k) دانرا و بە داگرتنی شیفت و (k) پیتی (ك)یش هەر دەردەکەوێت.
بەڵام هیوای ئێمە ئەوەیە کە (ك) قەت بەکار نەهێنرێت، بۆ ئەوەی زمانەکەمان یەکلایی بکەینەوە و لە پشکنینی گووگڵ و بنکەدراوەکان و پرۆگرامە جۆربەجۆرەکانیشدا خۆمان لەو کێشەی دووپیتییە ڕزگار بکەین.
هەر کام لەو کافانە بەکار بهێنین ناچارین ئەو کۆدەی بۆ دیاری بکەین کە تایبەتە بەو کافە:  بۆ "ک" (U+06A9) و بۆ "ك" (U+0643). جا ئەگەر کۆدی "ك" هەڵبژێرین، لە سەرەتا و ناوەڕاستیشدا هەر ئەو کۆدە دەنووسرێت، بەڵام چوکڵەکەی لە سەرەتا و ناوەڕاستدا دەرناکەوێت هەرچەند ئەو کۆدەی هەیە. لە بەرچاوی ئێمە بە "ک" دیارە، بەڵام لەڕاستیدا هەر "ك"ە. جا ئەمە هات و چیمان کرد؟ کۆدێکمان نووسی کە "ك" نیشان بدات، کەچی لە سەرەتا و ناوەڕاستیشدا هەر بە "ک" دەردەکەوێت. جا باشتر نییە هەر واز لەو کۆدە بهێنین؟

ی.س
:

ب?اوکردن?و?