ماڵپەڕی ڕێزمانی کوردی

ماڵپەڕى ڕێزمانی کوردی:: پەنجەرەیەک بۆ خزمەتکردنی ڕێزمانی کوردی

پێداچوونەوەیەك بە بەشی دووەمی یەكەمين كتێبی قوتابخانە

پێداچوونەوەیەك بە بەشی دووەمی یەكەمين كتێبی قوتابخانە

عەبدولڕەحمان فەرهادی*
لە بەشی یەكەمی ئەم ڕەخنە بنیاتنەرەماندا، باسمان لەوە كرد كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕِۆگرام‌ و چاپەمەنییەكان، تابلۆی هەڵواسراوی سەر فەرمانگەكەشیان دوو هەڵەی زەقی تێدایە و بە دەیان هەڵەمان له‌ بەشی یەكەمی كتێبی (خوێندنی كوردی)ی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی بۆ ئەوان‌ و مامۆستایان، هه‌روه‌ها بۆ ‌قوتابیيانی خۆشەویست‌ و داماوی دەستی ئەم پڕۆگرامە سەقەتوپەقەتە ده‌ستنیشان كرد. له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ مانگی ڕابردوودا كه‌ به‌شی یه‌كه‌می ڕه‌خنه‌كه‌مان له‌ ژماره ‌(2228)ی ڕۆژی 6/10/2015ی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا بڵاوكرده‌وه‌، بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو هیچ هەنگاوێكی چاكسازیی نەنا بۆ ئەوەی كارێك بكرێت تا نووسینە ڕەخنەیيیەكەمان بگاته ‌سەرجەم قوتابخانە بنەڕەتییەكان و به‌سه‌ر مامۆستایاندا دابەش بكرێت ‌و داوایان لێ بكه‌ن هەڵە و كەموكورتییه‌كانی ناو كتێبەكە به‌گوێره‌ی ڕه‌خنه‌كه‌مان، لەلایەن مامۆستایان‌ و قوتابییان چاك بكرێته‌وه‌. لەڕاستیدا دەبووایە وەزاره‌تی پەروەردە و فەرمانگەی ناوبراو هیچ نەبووا دەستخۆشییەكیان لێكردباین، كەچی بەپێچەوانەوە هەستمان كرد كە ڕەخنە و پێشنیاز و پێداچوونه‌وه‌كه‌مان دڵگرانی كردوون، كارەكەی ئێمەش جگە لە دڵسۆزی‌ و خزمەت بە بواری پەروەردە و فێركردن‌ و قوتابییانی بنەڕەتی، هیچ مەبەستێكی ناشایستەی لە دواوە نه‌بووه‌ و نییه‌. ئاخر چۆن ده‌بێ كتێبی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی ئه‌م هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ی تێدا بێت؟ چما قوتابی هه‌ر له‌ یه‌كه‌مین ساڵی خوێندنیه‌وه‌ ئاوا فێر ده‌كرێت؟ دانانی كتێبێكی پاك و پوخت بۆ ئه‌م پۆله‌، نۆزده‌ دانه‌ری بۆ چییه‌؟ كورد ده‌ڵێ شیوی زۆر كابان بێتام ده‌رده‌چێ. بۆ تەواوكردنی ڕەخنە زانستییەكەمان، لەم بەشەدا بە بەشی دووەمی كتێبـی (خوێندنی كوردی)ی پۆلی یەكەمی بنەڕەتیدا دەچینەوە كە لەسەر بەرگەكەی نووسراوە (وەرزی دووەم) و تەرخانە بۆ خوێندنی كتێبەكە لە وەرزی دووەمی خوێندندا. لێره‌وه ‌تكام لە سەرجەم مامۆستایانی بنەڕەتییە، ئەوانەی ئەم پڕۆگرامە بە قوتابییانی یەكەمی بنەڕەتی ده‌خوێنن، با پەیڕەوی ئەم داواكارییانەمان بكەن‌ و بەپێی ئەم نووسینه‌ هەڵەكانی نێو كتێبەكە ڕاست بكەنەوە، چونكە وەك باسمان كرد هه‌ردوو به‌رگی ئەم كتێبە، پڕاوپڕە لە هەڵە و ناڕێكی، ئەگەرچی بە چاككردنەوەی سەرجەم ئەو هەڵە و ناڕێكییانه‌ش كە دەستنیشانیان دەكەین، كتێبەكە وەك پڕۆگرام شتێكی نالەبار و ناهه‌مواره‌ و له‌ هیچ ڕووێكه‌وه‌ وه‌كوو كتێبه‌كه‌ی پێشوو باش نییه‌، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ڕابردوو، ته‌نیا له‌ لایه‌ن ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار ی نه‌مر دانرابوو، به‌داخه‌وه‌ دوای زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌، به‌ نۆزده‌ مامۆستا و به‌ پاڵپشتیی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی، په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا، نه‌یانتوانیوه‌ كتێبێكی پوخت و پاراو، به‌ زمانێكی كوردیی ڕه‌وان و بێ هه‌ڵه‌ دابنێن. ئه‌مه‌ چ كاره‌ساتێكه‌؟.
* لە لاپەڕە (3)ی ئەم بەشەدا، چەند وێنەیەك هەیە و ناوی ئەو شتانەیان لەسەر نووسراوە كە كێشراون، لە سەرەوەی وێنەكان نووسراوە: (دەنگەكان گۆ بكە)، مەبەست لێرەدا خوێندنه‌وه‌ی بەدەنگه‌، دیارە ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە كە دەبووایە بنووسرێ: (بەدەنگ بیانخوێنەوە)، چونكە وشەی (گۆ) زیاتر بە مانای (ئاخافتن) دێت كە ئەندامی بیستنە، هەروەها بە مانای دیكەی وەك (تۆپ، دوگمە، گەردیلەی بچكۆڵە، ئاخافتن، چیچكی گوان ‌و مەمك، گۆی مەمك،... تاد) دێت. (بڕوانە: هەنبانە بۆرینە، هەژار، فەرهەنگ كردی - فارسی، چاپ اول 1369- انتشارات سروش، تهران، ل 701.)

لە لاپەڕە 6دا:
هەڵە: بازنەی ژێر ئەو وێنانەی دەنگی گ گـ یان تێدایە، ڕەنگ بكە.
ڕاستكردنەوە: بازنەی ژێر ئەم وێنانە ڕەنگ بكە، كە دەنگی گـ گ یان تێدایە.
لە لاپەڕە (7)دا:
هەڵە: ئەو وشەیەی گ گـ ی تێدایە به‌ چه‌ماوه‌یه‌ك دەور بدە.
ڕاستكردنەوە: هەر وشەیەك لەم وشانەی خوارەوە، كە (گـ گ)ی تێدایە بە بازنەیەك دەور بدە.
لێرەدا وشەی (چەماوە) بەكارهاتووە، هەموومان دەزانین كە چەماوە دەور نادات، بەڵكوو (بازنە) دەور ده‌دات، چه‌ماوه‌ به‌شێكه‌ له‌ بازنه‌ و توانای ده‌وه‌ره‌دانی نییه‌. زۆرم پێ سه‌یره‌ ئه‌م نۆزده‌ زمانزان و په‌روه‌رده‌كار و مامۆستا پسپۆڕانه‌ی زانكۆ، چۆن ئه‌م شته‌ سه‌ره‌تایییانه‌ نازانن!.
هەروەها لەو هەڵانەی پێشوو كە باسم لێوە كردن هه‌ڵه‌یه‌ (گ) بكەوێتە پێش (گـ)، چونكە یەكەمیان پیتی كۆتاییی وشه‌یه‌‌ و دووەمیشیان پیتی سه‌ره‌تاییی. هەمان هەڵە لە لاپەڕەكانی دواتریشدا بۆ وشەكانی تر چەندبارە كراوەتەوە.
لە لاپەڕە (11)دا:
وێنەی حەوت ڕەنگ كراوە و وەك (چالاكی 6) دانراوه‌، لەڕاستیدا دەبووايه‌ بنووسرێ (چالاكیی 6) ئەم هەڵەیە لە لاپەڕەكانی دیكەشدا چەندبارە بووەتەوە. هەروەها ده‌بووایه‌ سەرجەم ڕەنگەكانی شەبەنگ لەم چالاكییەدا بە ڕیز دابنرێن، كە ئەمانەن: (سوور، نارنجی یان پرتەقاڵی، زەرد، كەسك یان سەوز، شین، نیلی، وەنەوشەیی). پێویستە قوتابی هەر لەم قۆناغەی خوێندندا ئەوە بزانێت كە (ڕەش) ڕەنگ نییە، ئەگەرچی لەم چالاكییەدا وێنەی بۆ كراوە و داواكراوە وەك ڕەنگ ناوی بنووسرێ.
لە لاپەڕە (12)دا:
هەڵە: كەروێشك ئارەزووی .... دەكات.
لەم بۆشاییەی سەره‌وەدا وێنەیەكی گێزەر دانراوە.
ڕاستكردنەوە: كەروێشك حەز لە ..... دەكات.
توخوا ئەمە چ كوردییەكە؟ كەروێشك ئارەزووی گێزەر دەكات.
تۆ بڵێی كەروێشك ئارەزووی شەتره‌نج بكات؟ هەموو كەس دەزانێت كەروێشك ئارەزووی نییە و نازانێ ئارەزوو چییە، وشەی (حەز) زۆر لەبارترە بۆ بەكارهێنان كە غەریزەیەكە وەك گیانەوه‌رانی دیكە هەیەتی. لە وشەی (ئارەزوو)دا خەڵك زیاتر (هوایة) یان (رغبة)ی عارەبیی بیر دەكەوێتەوە، كە كەروێشك نازانێ (هوایة) و (رغبة) چین. هەمان هەڵە لە ڕستەكانی دواتردا چەندبارە بووه‌تەوە:
مەڕ ئارەزووی .... دەكات.
سمۆرە ئارەزووی .... دەكات.
لە لاپەڕە (17)دا:
چوار وێنە دانراوه‌ كە وشەكانیان تەواو نەكراون‌ و داوا لە قوتابی كراوە تەواویان بكات. وێنەكان ئەمانەن: دەف، فانۆس، دەفتەر، فەرش.
خوێنەری بەڕێز، مامۆستایانی هێژا، سەرنج بدەن هەر چوار وشەكە عارەبین، وەك ئەوەی زمانی كوردی قاتوقڕیی وشەی هەبێت. ئەرێ ئەمە نەزانی‌ و تێكدانی وشە و زمانی كوردی نەبێت، ناوی چیی لێدەنرێت؟
هه‌روه‌ها لە لاپەڕە (33)دا ئه‌م ناله‌بارییه‌ دیسانه‌وه‌ دووبارە بووه‌تەوە و چوار وێنە و وشە هەن كە هەرچواریان عارەبین. جگە لەمە، لە كتێبەكەدا چەندین وشەی عارەبی دانراوه‌، كە دەبووایە لە شوێنیان وشەی كوردییان دابنایە.
نموونه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌كی عاره‌بیی ناو كتێبه‌كه‌:
زەڕافە، فڕن، نەعناع، دیوان، عەموود، عەینەك، عەزیز، عەلی، جانتا، جومعە، كەباب، تیمساح، غاز.
لە لاپەڕە (28)دا:
هەڵە: بۆشایه‌كان.
ڕاستكردنەوە: بۆشایییەكان.
لە لاپەڕە (34)دا:
هه‌ڵه‌: پیتە خوێندراوەكان ڕەنگ بكە.
ڕاستكردنەوە: ئەو پیتانە ڕەنگ بكە كە خوێنراون.
یان: ئەو پیتانە ڕەنگ بكە كە تا ئێستا خوێندووتە.
هه‌ڵه‌: پیتە خوێندراوەكان بنووسەوە.
ڕاستكردنەوە: ئەو پیتانە بنووسەوە كە تا ئێستا خوێندووتە.
یان: ئەو پیتانە بنووسەوە كە خوێنراون.
هەڵە: با عەدرێ.
سه‌یركه‌ن باعه‌درێ وه‌ك دوو وشه‌ نووسراوه‌.
ڕاستكردنەوە: باعەدرێ.
لە لاپەڕە (35)دا:
لە دێڕێكی گفتوگۆدا نووسراوە:
شیعرەكەی مامۆستا عەلی پێیگوتین.
لەو نۆزده‌ بەڕێزەی ئەم كتێبەیان داناوە، باوەڕ ناكەم كەسیان خەڵكی نەجەف یان كەربەلا بن! باشە بۆ مامۆستا عەلی؟.
بە هەزاران ناوی كوردیمان هەن، برایانی دانەری ئەم كتێبە (عەلی)یان هەڵبژاردووە، به‌ڕاستی شتێكی زۆر سه‌یره‌!
تۆ بڵێی كوڕی یه‌ك له‌و نۆزده‌ به‌ڕێزه‌ ناوی عه‌لی نه‌بێت؟
لە لاپەڕە (43)دا:
هەڵە: بۆشاییەكان بە وشەی (تۆ، من، ئەو) پڕ بكەوە، بخوێنەوە.
ڕاستكردنەوە: ئەم بۆشایییانەی خوارەوە بە وشەی (تۆ، من، ئەو) پڕ بكەوە، پاشان بیانخوێنەوە.
هه‌روه‌ها ده‌بووایه‌ ڕیزبه‌ندیی وشه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بێت: ( من، تۆ، ئه‌و).
لە لاپەڕە (45)دا:
هەڵە: ئەردەلان شمشاڵ ژەنە.
ڕاستكردنەوە: ئه‌رده‌لان شمشاڵژەنە.
لە لاپەڕە (47)دا:
هەڵە: مهاباد (بە ڕێنووسی عارەبی نووسراوە).
ڕاستكردنەوە: مەهاباد.
لەلاپەڕە (52)دا:
1- هه‌ڵه‌: ڕۆژ باشی كرد.
دیسانه‌وه‌ وشه‌ی ڕۆژباش كراوه‌ته‌ دوو وشه‌.
ڕاستكردنەوە: ڕۆژباشی كرد.
هه‌ڵه‌: هێی؟!-2
ئەم دوو نیشانەیەی پرسیار و سەرسوڕمانە هەڵەن ‌و لەجێی خۆیاندا نین‌ و دەبووایە دوای وشەی (هێی)، یەك خاڵ دابنرێت، چونكە دوای وشە، دوو نیشانە نابێت دابنرێت. منداڵی شه‌ش ساڵان چ له‌م نیشانانه‌ ده‌زانن؟
لە ڕاستیدا كتێبەكە لە خاڵبەندیشدا بەربادە.
3- هەڵە: وەرزش!
ئەم نیشانەی سەرسوڕمانە زیادە و دەبووایە لە شوێنی ئەم نیشانەیە، نیشانەی پرسیار دابنرێت، چونكە ڕستەكە پرسیارییە.
4- هه‌ڵه‌: گروپ.
دەبووایە لە شوێنی ئەم وشە بیانییە، وشەی (دەستە) دابنرێت، چونكە (دەستەی تۆپ تۆپێن) له‌ زمان و خوێندنی كوردیدا لە (گروپی تۆپ تۆپێن) ڕاستترە، منداڵی كورد زیاتر ئاشنای وشه‌ی كوردیی وه‌ك (ده‌سته‌)یه‌ نه‌ك (گرووپ)، هەروەها ئەگەر لە ناچارییش، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ وشه‌كه‌ به‌كار بهێنین، ئەوا ڕاستییەكەی (گرووپ)ه‌ نه‌ك (گروپ) كه‌ له‌ ئینگلیزییه‌كه‌ش، خوێندنه‌وه‌كه‌ی نه‌ك ڕێنووسه‌كه‌ی، به‌ دوو(ئۆ) یه‌ و به‌ / وو/ ده‌خوێنرێته‌وه‌. پاشان پێویسته‌ بنووسرێ تۆپتۆپێن نه‌ك تۆپ تۆپێن، واته‌ به‌ یه‌ك وشه‌.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 53دا:
1- له‌ وەرزی بەهاردا، دەڕۆین بۆ سەیران.
2- میوه‌ لە هاوین پێدەگات.
چەند جوانتر و مۆسیقیتر و كوردانەتر ده‌بوو ئەگەر بنووسرابا:
بەهاران دەڕۆین بۆ سه‌یران.
هاوینان میوە پێدەگات.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 55دا:
هه‌ڵه‌: باسوق.
ڕاستكردنه‌وه‌: باسووق.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 56دا:
هەڵە: قوتابی ژیر و چالاك خۆشەویستە.
ڕاستكردنەوە: قوتابیی ژیر و چالاك خۆشەویستە.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 59دا:
هەڵە: رەق.
ڕاستكردنەوە: ڕەق.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 60دا:
1- هه‌ڵه‌: قووقووی.
ڕاستكردنەوە: قووقەی.
2- هه‌ڵه‌: لورە.
ڕاستكردنەوە: لوورە.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 71دا:
هەڵە: راست.
ڕاستكردنەوە: ڕاست.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 72دا:
هەڵە: خەندە حەز لە بابەتی چی دەكات؟
ڕاستكردنەوە: خەندە حەز لە چ بابەتێك دەكات؟
له‌ لاپه‌ڕه‌ 73دا:
هەڵە: ڕه‌واندوز.
ڕاستكردنەوە: ڕواندز.
كاتی خۆی ڕژێمی بەعس ناوی ڕاستەقینەی (ڕواندز) و زۆربه‌ی شار و شاره‌دێ و دێهاته‌كانی شێواندبوو بۆ ئه‌وه‌ی ناو و مانا ڕاسته‌قینه‌كانیان‌ له‌بار ببات، ڕواندزیشی بەئەنقەست كردبوو بە ( ڕاوندوز) یان (ڕەواندوز) یان (ڕاوه‌ندوز)، بەڵام لەسەرەتای نەوەدەكانەوە (دوای ڕاپەڕین) ناوە ڕاستەقینەكەی (ڕواندز) گەڕایەوە. ئێستا ڕواندزییه‌كان و سه‌رجه‌م نووسه‌رانی كورد و خه‌ڵكی ڕه‌شۆكیش وشه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ ده‌نووسن كه‌ (ڕواندز)ه‌.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 77دا:
هەڵە: زەیتون.
ڕاستكردنەوە: زەیتوون.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 78دا:
1- هه‌ڵه‌: لەق له‌ق.
ڕاستكردنەوە: لەقله‌ق.
2- هەڵە: قەڵەم تاش.
ڕاستكردنەوە: قەڵەمتاش.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 79دا:
هەڵە: تەمبەڵ.
ڕاستكردنەوە: تەنبەڵ.
سه‌رچاوه‌ی وشه‌كه‌ له‌ (ته‌ن + به‌ڵ) هاتووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش زیاتر ده‌نووسرێت.
سەرنج بدەنە دوو جۆر ڕێنووس بۆ یەك وشە:
لاپەڕە (83): قەڵغان.
لاپەڕە (86): قەلغان.
ئەرێ پێمان ناڵێن مامۆستا و قوتابی كامەیان به‌ ڕاست دابنێن‌؟.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 86دا:
1- هەڵە: جووجەلە.
ڕاستكردنەوە: جووجەڵە.
2- هەڵە: بەفیرۆ.
ڕاستكردنەوە: بەفیڕۆ.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 87دا:
هەڵە: بەیانیان.
ڕاستكردنەوە: بەیانییان.
هه‌ر له‌ هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا:
پەری بەیانیان شیر و نان‌ و قەیماغ دەخوات قەیماغ لە شیری گامێش دروست دەكرێت.
1- پێویسته‌ بنووسرێت (بەیانییان) نەك (به‌یانیان).
2- پێویسته‌ وێرگوڵ (فاریزە) لەنێوان (دەخوات)‌ و (قەیماغ)دا هه‌بێت.
هەر لە هەمان لاپه‌ڕه‌دا:
3- هەڵە: نیوەرۆ.
ڕاستكردنەوە: نیوەڕۆ.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 94دا:
هەڵە: مندالێكی.
ڕاستكردنەوە: منداڵێكی.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 95دا:
هەڵە: ئامۆژگاری بكات.
ڕاستكردنەوە: ئامۆژگاریی بكات.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 96دا:
هەڵە: شڤان یارمەتی باوكی دەدات.
ڕاستكردنەوە: شڤان یارمەتیی باوكی دەدات.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 105دا:
1- هه‌ڵه‌: یاری چاوشاركێ.
ڕاستكردنەوە: یاریی چاوشاركێ.
له‌ شوێنێكی دیكه‌ی هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا:
2- هه‌ڵه‌: یاری.
ڕاستكردنەوە: یاریی.
* لە لاپەڕە (108)دا، دیسانەوە دەقێك بەناوی شیعرەوە بڵاوكراوەتەوە. لە ژێرەوەی ناوی نووسەری بەناو شیعرەكە، مامۆستا ئیسماعیل موحەمەد زینوێی نووسراوە. ناوبراو یه‌كێكه‌ له‌و ده‌سته‌ نۆزده‌یییه‌ی كتێبه‌كه‌یان داناوه‌ و هاتووه‌ ئه‌م ده‌قه‌ لاوازه‌ی خۆی تێئاخنیوه‌، كه‌ هه‌ر ماشه‌ڵڵای ده‌وێت! لە ناوی نووسەری ئه‌م ده‌قه‌دا دوو هەڵە هەن، ته‌نانه‌ت دانه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كانی ئه‌م كتێبه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ناوی خۆیشیان به‌ كوردییه‌كی ڕاست و ڕه‌وان بنووسن، كه‌ دواتر ناوی هه‌موویان به‌ ته‌واوی ده‌نووسمه‌وه‌. توخوا ئه‌مه‌ بۆ زمانی كوردی له‌ كاره‌سات ترسناكتر نییه‌؟ هه‌روه‌ها به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م شیعره‌ لاوازه‌، خوێنەر هەست دەكات كە قاتوقڕیی شیعری كوردییە، لەڕاستیدا ئەم بەناو شیعرە و ئەو شیعرە لاواز و ناله‌بارانه‌ی لە بەشی یەكەمدا باسمان كردن، گوناهێكی گەورەیە لە دووتوێی ئەم پڕۆگرامەدا جێیان كراوەتەوە.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 110 و 111دا:
هەڵە: پایز.
ڕاستكردنەوە: پاییز.
بڕواننه‌ شیعره‌ ناوداره‌كه‌ی (پاییز!)ی گۆران.
(دیوانی گۆران- بڵاوكراوەی پانین، چاپی سێیەم، چاپخانەی داڵاهۆ، تەهران، شیعری پاییز! ل135.)
هەروەها شاعیرانی كلاسیك‌ وكوردیزانانمان به‌رده‌وام وشه‌ی (پاییز)یان بەكارهێناوە و نه‌یانكردووه‌ته‌ (پایز).
له‌ لاپه‌ڕه‌ 111دا:
هەڵە: بەفر لە وەرزی زستان دەكەوێت.
ڕاستكردنه‌وه‌: بەفر لە وەرزی زستاندا دەبارێت.
یان: زستانان به‌فر ده‌بارێت.
به‌فر ده‌بارێت، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ بكه‌وێت و بمێنێته‌وه‌.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 112 و 113دا:
هەڵە: بەشداری خولی هاوینە دەكەم.
ڕاستكردنەوە: بەشداریی خولی هاوینە دەكەم.
له‌ لاپه‌ڕه‌ 114دا:
1- هەڵە: پاكو خاوێنی شارەكەم.
ڕاستكردنەوە: پاكوخاوێنیی شارەكەم.
2- هەڵە: رادەگرم.
ڕاستكردنەوە: ڕادەگرم.
3- هەڵە: مرۆڤی پیر.
كورد قەت نەیگوتووە (مرۆڤی پیر)، به‌ڵكوو (پیرەمێرد و پیرەژن)مان هەیە. ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی ئەم پڕۆگرامە دوو وەرزییە زۆر هیلاكی كردم‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ هێشتا هه‌ڵه‌ی دیكه‌شی تێدا مابێت. به‌ڵام له‌لایه‌كه‌وه‌ ئاسووده‌م به‌وه‌ی ڕه‌خنه‌كه‌مم له‌ دڵسۆزییه‌وه‌ بۆ زمانی كوردی نووسیوه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ خه‌مبارم به‌وه‌ی منداڵانی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای چوونه‌ قوتابخانه‌وه‌ به‌م كتێبه‌ په‌ڕپووته‌ ئاشنا بكرێن. 
هەقە ئەم كتێبە فڕێ بدرێت ‌و وەزارەتی پەروەردە لە مەترسیی خوێندن‌ و لاوازی‌ و نالەباریی (خوێندنی كوردی) كە بە نۆزدە مامۆستای به‌ڕێز دانراوە، بێدەنگ نەبێت‌ و به‌دوای چارەسەرییەكدا بگەڕێت.
* به‌ پێویستی ده‌زانم ناوی ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی (په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا) دایناوه‌، به‌ ڕێنووسی ته‌واو بنووسم، چونكه‌ له‌هه‌ر نۆزده‌ ناو، چوارده‌یان نه‌یانتوانیوه‌ ته‌نانه‌ت ناوی خۆیان به‌ ڕێنووسێكی ڕاست و دروست بنووسن، كه‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ن: د. محه‌مه‌د مه‌حوی، د. ئیبراهیم قادر محه‌مه‌د، د. سه‌باح ڕه‌شید قادر، سادق ئه‌حمه‌د ڕوستایی، نه‌مام جه‌لال ڕه‌شید، یووسف عوسمان حه‌مه‌د، ئه‌سكه‌نده‌ر مسته‌فا عه‌بدولڕه‌حمان، ئیسماعیل محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، تاریق خالید مه‌عرووف، گه‌لاوێژ ئه‌حمه‌د زینۆ، سۆزان به‌كر محه‌مه‌د، مه‌حموود عه‌بدولكه‌ریم قادر، واحید سووره‌ عه‌بدول، ئاوات ئه‌بووبه‌كر ئه‌حمه‌د، عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن قادر، هیدایه‌ت ئه‌حمه‌د كه‌ریم، سه‌لیم عه‌لی عومه‌ر، حوڕییه‌ عه‌زیز قادر، محه‌مه‌د وه‌یسی محه‌مه‌د.
* له‌م نۆزده‌ ناوه‌دا شه‌ش جار ناوی محه‌مه‌د به‌ ڕێنووسی هه‌ڵه‌ نووسراوه‌. چ پێویست ده‌كا به‌ هه‌ڵه‌ بنووسین موحه‌ممه‌د، یان مه‌حه‌مه‌د، یان موحه‌مه‌د، یان محمد؟ هیچ نه‌با ده‌بووا ته‌ماشای ناوی نووسه‌ره‌ ناوداره‌كانی وه‌كوو شێخ محه‌مه‌دی خاڵ، مه‌سعوود محه‌مه‌د، محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم، محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی، محه‌مه‌د موكری،.... تاد، بكرابا. تا بزانین ئه‌وان ناوی خۆیان چۆن نووسیوه‌. چما لاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش كارێكی قورسه‌؟. 
ئه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ به‌سه‌ر منداڵانی كوردی دێنێت
به‌و خودایه‌، قه‌ت با به‌سه‌ر ده‌واری شڕی ناهێنێت.
* سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد.

ب?اوکردن?و?